کێ لە کێ دەبورێ؟

15-05-2021 02:53

 رێبوار کەریم وەلی

قسە لەسەر ئازادکردنی سزادراوانی بادینانە. لێبوردنی تایبەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوای ئەوەی سزاکانیان تەسبیت کرا، یان سوککردنی حوکمەکانیان و ئازادکردنیان لەماوەیەکی کورتدا.

*

راستییەک ھەیە کە لە رۆژی ١٦ شوباتەوە کە سزاکانیان لە لایەن دادگای تاوانەکانی ھەولێرەوە راگەیەندرا و بە شەش ساڵ حوکم دران، سەرۆکی ھەرێم داوای کرد چاو بەو سزایەدا بخشێندرێتەوە و ئەو کاتەش بەراستی دەرفەت ھەبوو.

*

نەکرا. خراپتریش کرا.

*

ئێستا ئیتر سزادراوان ھەر بەردەبن، بەڵام چۆن؟

*

ئەو ماددانەی سزادراوانیان پێ حوکم دراون، لە مێژووی سیستەمی دادوەریی کوردستان و لەناو قانونی سزاکانی کوردستان و عێراق موعادیلیان نییە. بە واتایەکی دیکە ناچنە قاڵبی تاوانەوە، بۆیە سوککردنی سزای سزادراوانی بادینان مانای وایە کە ئیتر سەردانی کۆنسوڵخانەکان و کۆبوونەوە لەگەڵیان ھەر تاوانە، بەڵام سزاکەی قورس نییە!

*

راستییەکەی ئەو لایەنەی ئەو گەنجانەی گرتووە ئەوە نزیکەی ساڵێکە ھەر خۆی دێنێ و دەبا و ناڵێ لەسەرچی گرتوومن. بەڵێ ئەمانە دژی پارتی ئیشیان کردووە و پتر لەوەی کاریان بۆ لایەنی دەرەکی کردبێت، خزمەتی رکابەرانی پارتییان کردووە لە بادینان و جنێویان بەرەمزەکانی پارتی داوە. ئاو بێنە و دەست بشۆ.

*

ئازادکردنی ئەو گەنجانەی بادینان لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە بە لێبوردنێکی تایبەت ھیچ ئەمسالێک لە قانوندا دروست ناکات، بەواتایەکی دیکە کەس لەسەر سوچێکی لەو شێوەیە بەئاشکرا لە زینداندا نییە تا ئەویش لەگەڵ ئەواندا بەر لێبوردن بکەوێت و لێبوردنێکی تایبەتە.

*

ئەدی دەسەڵاتی دادوەری؟

لێبوردنی تایبەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان میلادێک دەبێ بۆ پێداچوونەوە بەو سیستەمەی ئێستای دادوەری لە کوردستان کە بەتەواوەتی کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتی و پارتی و، بە شانازییەوە باس لەدادوەری یەکێتی و پارتی دەکرێت!

*

لێرە بەدواوە پێویست دەکات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەکو چەترێکی کۆکەرەوە داوا لە لایەنە سیاسییەکانی دەرەوە و ناو پەرلەمان وتەنانەت خەڵکانی شارەزا لەو بوارەدا بکات کە پرۆژەیەکی ریفۆرمی بنچینەیی بۆ بنیادنانەوە و، رزگارکردنی ئەو دەسەڵاتە لە ھەیمەنەی پارتیو یەکێتی ئامادە بکەن و بیخەنە بەردەم رای گشتی.