نووسینی: یوسف محەمەد سادق
(1)
زۆر بە كورتی ئەو ئامانجە نیشتیمانییانەی كاك نەوشیروان لە ژیانیدا كاری بۆ كردن، بەتایبەت لەدوا قۆناغی ژیانی كە گۆڕانی لێ بەرهەم هات، ئیتر چونەناو پنتە جیاوازەكانی ژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و، تەنانەت حیزبایەتیی هەرێم و، جارێكی تر ناتوانرێ بەلاوە بنرێن و، هەرێم بگەڕێنرێتەوە بۆ پێش ئەوە.
هەڵبەت دروستبونی گۆڕانیش لەسەر دەستی كاك نەوشیروان و بە هاوكاریی نەوەی دوای ڕاپەڕین و هەندێك لە هاوڕێكانی و، بە پێكەوە گرێدانی كاری پێكەوەیی نێوان هەردو نەوەكە، زەرورەتێكی مێژویی بەرەوپێشچونی بزاوتی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانیی ناحیزبی و، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان و بزوتنەوە مەدەنییەكان بو بەتایبەت لە دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی عێراقەوە. بەڵام كاك نەوشیروان بە دروستكردنی گۆڕان، گۆڕیی بۆ بزاوتێكی سیاسیی مەدەنیی كۆمەڵایەتیی بەرفراوان كە كاریگەریی گەورەی لەسەر كۆی جومگەكانی هەرێم و بگرە هەمو پارچەكانی كوردستان بە جێهێشت و هێشتاش هەر بەردەوامە.
ئیتر ئێستا كاك نەوشیروان و پەیام و ئامانجە نیشتیمانییەكانی ڕەنگدانەوەی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و تەنانەت زۆرێك لە حیزبە سیاسییەكانی دیكەی هەرێمیش هەیە، لەم ڕوەوە ئەم كەسایەتییە مێژوییە دوربینە بە نەمریی دەمێنێتەوە.
لە ئاستی شەخسیدا، بۆ خەڵكانی وەك ئێمە كە لە كۆتاییەكانی ژیانی زۆر لێی فێربوین، هەمیشە هەست ئەكەین هێشتا كاك نەوشیروان لەگەڵمان ئەژی و، جێی نەهێشتوین.
(2)
هەر لەدوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروانەوە، بیرۆكەیەك هاتەكایەوە كە لە سەرەوەی گۆڕان و لە دەرەوەی پێكهاتە ڕێكخراوەییەكەی، مامەڵە لەگەڵ توراسی كاك نەوشیروان بكرێت، چونكە ئەو تەنها موڵكی گۆڕان نییە. ئێستا ئیتر بۆ پاراستنی شكۆی ئەو، ئەم هەنگاوە بوەتە پێویستییەكی هەنوكەیی و، پێویستە كاك نەوشیروان بە نیشتیمانی و گشتیی بكرێتەوە و، بپارێزرێ لە بچوك كردنەوە و سنوردار كردن.
كاتیەتی بەشێوەیەكی ڕەسمی لە دەرەوەی گۆڕان، «دامەزراوەی نەوشیروان مستەفا» دروست بكرێ بۆ پەیگیریكردنی پڕۆژە ڕۆشنبیری و مەعریفی و میدیاییەكانی كاك نەوشیروان و، وەك پێشتریش بەڕێز دكتۆر بورهان یاسین لە بەشێكی پڕۆژەكەی بۆ هەستانەوەی گۆڕان پێشنیاری كرد بو، گردەكە بكرێتە وەقفی ئەو دامەزراوەیە و سەرگرتنی پڕۆژەكانی. كاك نەوشیروان ئاواتی بو كە گردەكە شوێنێكی گشتی بێ و كچ و كوڕی سلێمانی و شارەكانی تری هەرێم پیایدا سەركەون و، تیایدا گەشە بە تواناكانیان بدەن. تەنانەت ماوەیەك لە بیری ئەوەدا بو كە هەمو دامەزراوەكانی گۆڕان ببرێنە شوێنێك لەدەرەوەی گردەكە و، لەناو گردەكە زانكۆیەك دابمەزرێنرێ لە تەنیشت پڕۆژەكانی تری وەك كتێبخانە و سەنتەری توێژینەوە و میدیایەكی سەربەخۆی نیشتیمانی.
پێویستە ڕێگا خۆش بكرێ بۆ سودمەندبونی نەوە یەك لەدوای یەكەكان لە ئەزمونە سیاسی و فیكری و ئەكادیمی و ڕۆژنامەوانییەكانی ئەم كەسایەتییە و، لە تەنیشتیشیدا ئەم دامەزراوەیە، بكرێتە ناوەندێك بۆ فشار كردن لە پێناوی چاكەی گشتی.
سەرپێخستنی وەها دامەزراوەیەك، هێندەی تر ناو و پەیام و پڕۆژە و ئامانجە نیشتیمانییەكانی كاك نەوشیروان لە مێژودا بە نەمریی ئەهێڵێتەوە.
یادت هەمیشە زیندو، گۆڕت پڕ نور كاك نەوشیروان..