تۆپی دەستور لە ناو ماڵی پارتییە

20-05-2021 08:36

رێبوار کەریم وەلی

کێشەی جەوھەری لە دەستوری پەسندکراوی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠٠٩ دا، پێداگریی پارتی بوو لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە لایەن خەڵکەوە و، ناڕەزایەتیی گۆڕان بوو لەو شێوازە؛ "دەبێ سیستەم پەرلەمانی بێت."

*

یەکێتی کە ئەوکات سەرۆکایەتیی پەرلەمانی لا بوو، ھیچ لاریی لە شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم نەبوو، ئیسلامییەکانیش بەجێگیرکردنی ماددەی شەشی دەستور، لە پەرلەمان دەنگیان پێدا. مابۆوە کە بخرێتە ریفراندۆمەوە.

*

خوالێخۆشبوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، لە ئەیلولی ٢٠١٢ لە دەباشان بزمارێکیان لە تابوتی دەستور دا. ئامانجی ھەردووکیان بەرزەفتکردنی پارتی و شەخسی بارزانی بوو. تاڵەبانی بۆ ھاوکێشەی بەغدا و نەوشیروانیش بۆ تەحەددا.

*

پارتی لە بەرامبەر دوو ساڵ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم، ھەم دەستبەرداری لادانی مالیکی بوو و ھەمیش رازی بوو پرۆژەی دەستور بۆ پێداچوونەوە بگەڕێتەوە پەرلەمان. تاڵەبانی گۆڵی لە پارتی و گۆڕان کرد. ھەردووکیانی وەک کەو ماڵی كرد.

*

دەستوری ٢٠٠٩ حازر و ئامادەیە و گۆڕانیش نەماوە رێگری لێ بکات. ئیسلامییەکانیش لە دوێنێوە رازین و، نەک گرفتیان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم و شێوازی ھەڵبژاردنەکەی نییە، بگرە گلەییان ئەوەیە کە بۆچی سەرۆکی ھەرێم دەسەڵاتەکانی بەکار ناھێنێت! دەمێنێتەوە یەکێتی و پارتی.

*

ئەزمونی دوو ساڵی رابردووی حوکمڕانیی کوردستان دەبێ کافی بێت بۆ ئەوەی کە ئەگەر لە سەرووی حکومەتەوە سەمامێکی ئەمان نەبێت، کوردستان چی بەسەر دێت.!؟ ئەمڕۆ یەکێتی باجی ئەو دەگەیە دەدات کە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمان وەشاندیان!

راستە سەمامی ئەمان دەستورە، بەڵام دەبێ دەستور پارێزەرێکی بەھێزیشی ھەبێت.

*

لە سبەی زووتر نییە، سەرۆکایەتیی ھەرێم دەتوانێ داوا لە پەرلەمان بکات کە دەستوری ٢٠٠٩ جارێکی دیکە بخاتەوە دەنگدانەوە و بێ ھاشوھوش، لە ماوەی چەند ھەفتەیەکیشدا بخرێتە ریفراندۆمەوە.

*

دەمێنێتەوە پارتی. پارتییەک کە سەرسەختترین داکۆکیکاری سیستەمی سەرۆکایەتی بوو و دەیگوت کە سەرۆکێک دەسەڵاتی نەبێ بۆ چییە؟دەبێ ئیسپاتی بکات کە لەسەر قسەی خۆی ماوە؛ تەنانەت دوای ئەوەی کە پڕۆژەی پەسندکراوی دەستور بە ئەمری بارزانی گەڕابۆوە پەرلەمان، جێگرە پارتییەکەی سەرۆکی پەرلەمان ھەر کۆڵی نەدەدا و پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە گێڕاندنەوەکەی ناقانونییە!

پارتی زۆرینەی پەرلەمانی لایە و ئێستاش باشترین دەرفەتە بۆ راستکردنەوەی ئەو ناقانونییەتەی کە لە زروفێکدا بەسەر پارتیدا فەڕز کرا.