
ئومێد قه‌ره‌داخی
چۆن له میراتی سیاسی بدوێین؟
له رۆژی 3-6-2021، له سایتی پەرەگراف، كاك كه‌مال چۆمانی وتارێكی بڵاوكردۆته‌وه به ناونیشانی (میراتی سیاسیی؛ بەرهەم ساڵح بە نمونە) له‌م وتاره‌دا چه‌ند بۆچونێكی خۆی سه‌باره‌ت به میراتی سیاسی و رۆڵی به‌رهه‌م ساڵح له دروستكردنی میراتی سیاسی خستۆته روو ، ئه‌مه‌وێت له‌م وتاره‌دا هه‌ندێك تێز و روانگه‌ی تایبه‌تی خۆم سه‌باره‌ت به پرسی باسكرا‌و بخه‌مه روو.
پێش هه‌موو شت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی زانستی له‌باره‌ی رۆڵی سه‌ركرده‌یه‌ك له بیناكردنی میراتی سیاسی قسه بكه‌ین، پێویسته ره‌چاوی هه‌لومه‌رجی مێژوویی و ئه‌و دۆخ و سیستمه سیاسیه بكه‌ین ئه‌و سیاسه‌تمه‌دار تیایدا كاریكردوه، به‌بێ تێگه‌یشتنی ورد له هه‌لومه‌رجه مێژوویه‌كه ، له سروشت و پێكهاته‌ی سیستمه سیاسیه‌كه؛ ناتوانین به وردی و بابه‌تی وێنه‌یه‌كی راست و دروست سه‌باره‌ت به كارایی و كاریگه‌ریی سه‌ركرده له دروستكردنی میراتی سیاسی هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ین ، ئه‌و رۆڵه‌ی جۆرج واشنتۆن له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بینیویه‌تی له جێگیركردنی سیستمێكی دیموكراسی ، به ته‌واوی پابه‌ندی هه‌لومه‌رجه مێژوییه‌كه‌ی و سروشتی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاته له‌و قۆناغه‌دا ، ناكریت چاوه‌ریی ئه‌وه بكه‌ین مام جه‌لال تاڵه‌بانی له سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراقدا هه‌مان ئه‌و شتانه بكات كه جۆرج واشنتۆن له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا كردی ، هه‌م قۆناغه مێژوییهكه ، هه‌م ده‌سه‌ڵاتی هه‌ریه‌ك له‌و دوو سه‌ركرده‌یه ، هه‌م سروشتی سیاسی قۆناغه‌كه و هاوسه‌نگی هێزه‌كان جیاوازن ، بۆیه ئه‌بی قسه‌كردن له‌سه‌ر میراتی سیاسی هه‌ر یه‌كێكیان له چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی مێژوویی و سیاسی قۆناغهكهبێت.
به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك بونیادنه‌ری میراتی سیاسی
كاتیك ئیمه ده‌مانه‌وێ له‌باره‌ی رۆڵی به‌رهه‌م ساڵح له دروستكردنی میراتی سیاسی بدوێین ، پێویسته ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین ئایا به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی له چ ژینگه و هه‌لومه‌رجێكی سیاسی‌دا سیاسه‌تی كردوه ؟ به‌رهه‌م ساڵح له شوینێك سیاسه‌تی كردوه و پێگه‌ی هه‌بوه كه هه‌رێمی كوردستانی عێراقه ، ناوچه‌یه‌ك نه ده‌وڵه‌ته و نه دامه‌زراوه‌ی تۆكمه‌ی حوكمڕانی هه‌یه، به پێچه‌وانه‌وه گرفتاربوه به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی قووڵی سیاسی و حوكمرانییهوه، له‌وانه ، له سه‌ره‌تای دروستبوونی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه ، حزب كۆدێتای كردوه به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا ، ملیشیا باڵاده‌ست بوه به‌سه‌ر هێزی مه‌ده‌نیدا ، كوردستان گرفتار بوه به‌ده‌ست شه‌ری ناوخۆ و دوو ئیداره‌یی و زۆر گرفتی بونیادی دیكه له نێو سیستمه حوكمرانیهكهدا ، ده‌بێت له چوارچێوه‌ی ئه‌م بارودۆخه سیاسی و هه‌لومه‌رجی مێژوییه هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێت له خوێندنه‌وه‌ی رۆڵی كاره‌كته‌رێكی سیاسی وه‌ك به‌رهه‌م ساڵح
ئه‌گه‌ر له روانگه‌یه‌كی بابه‌تی و به دوور له سه‌نگه‌ربه‌ندی سیاسی و ئایدۆلۆژی هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ین ئه‌توانین بڵین : سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئه‌م دۆخه سه‌خته‌ی سیاسه‌تكردن له كوردستاندا، به‌رهه‌م ساڵح گه‌لێك نه‌ریتی سیاسی گرنگی داهێنا، نه‌ریتێك نه‌هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك له پێش ئه‌ودا توانی دایبهێنێت و نه هیچ سهركردهیهكیش له دوای ئه‌و توانیتی له‌سه‌ری به‌رده‌وام بێت ، ئهشكرێت ئه‌و نه‌ریته وه‌ك میراتێكی سیاسی گرنگ ته‌ماشا بكه‌ین ، من لێره‌دا ناچمه ناو وردكردنه‌وه‌ی ده‌سكه‌وت و پرۆژه‌كانی به‌رهه‌م ساڵح له پێگه جیاوازه‌كانی حوكمرانیدا، باس له‌وه ناكه‌م له ماوه‌ی دوو ساڵی سه‌رۆكایه‌تی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌ره‌رای دژایه‌تی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن بۆ كابینه‌كه‌ی ، به‌ڵام ئه‌و نموونه‌ی حكومه‌تی خۆشگوزه‌ران و به‌رپرسیاری نیشانی خه‌ڵكدا، بوونی (سولفه‌ی عه‌قار ، سولفه‌ی زه‌واج ، سندوقی نیشته‌جێبوون ، سولفه‌ی كشتوكاڵ، قه‌رزی پیشه‌سازی ، قه‌رزی سه‌رمایه‌گوزاری ، كه‌مكردنه‌وه‌ی باج ) ئه‌و سولفه و خزمه‌تگوزارییانه رێگای سه‌ره‌كی سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ی داهاتی نیشتیمانین به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ، باسی ئه‌وه‌ش ناكه‌م به‌رهه‌م ساڵح بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی حوكمرانی كوردیدا بودجه‌ی نارده په‌رله‌مان ، به هه‌موو وردهكارییهكهوهله په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا ، بۆ ئه‌زموونی هه‌رێم روداوێكی گرنگ بوو ، له راستیشدا ناردنی بودجه بۆ په‌رله‌مان ته‌نها ئه‌و دوو ساڵه بوونی هه‌بوو كه به‌رهه‌م ساڵح له سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تدا بوو ، نه پێش ئه‌و و نه دوای ئه‌و كه‌س بودجه‌ی نه‌نارده په‌رله‌مان ، باسی ئه‌وه‌ش ناكه‌م به‌رهه‌م ساڵح كۆتایی هێنا به بردنی میزانیه‌ی حكومه‌ت بۆ مێدیای حزب و له‌به‌رانبه‌ردا كۆمه‌كی میدیای ئه‌هلی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كرد تا له‌سه‌ر پێی خۆیان رابوه‌ستن و نه‌بن به پاشكۆی حزبه‌كان ، بێگومان له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م كار و پرۆژانه‌دا من هاورا نیم له‌گه‌ڵ كاك كه‌مال كاتێك ده‌ڵێت (( سه‌رده‌می به‌رهه‌م ساڵح كۆمه‌ڵێك پرۆژه ئه‌نجامدراون ، به‌ڵام ئه‌و پرۆژانه به‌رهه‌م ساڵحیش نه‌بوایه كه‌سێكی تر ده‌یكرد)) ، پێش به‌رهه‌م ساڵح و دوای به‌رهه‌م ساڵحیش، نێچیرڤان بارزانی هه‌مان داهاتی به‌غدای له‌به‌رده‌ستدا بوو هیچ كامێك له‌و كارانه‌ی نه‌كرد، ته‌نانه‌ت سێ ملیار دۆلار شیرینی گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كانی وه‌رگرت ، نه كه‌س زانی ئه‌و بره پاره‌یه چی لێهات و نه‌كه‌س زانی له چیدا سه‌رفكرا .
لێره‌دا ئاماژه به هه‌ندێك له‌و پرۆژانه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ده‌ده‌م كه له ساته جیاوازه‌كانی ده‌سه‌ڵات و حوكمرانیدا دروستیكردوه:
- له‌م كابینه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك میكانیزمی گرنگی پهیرهوكرد بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به فێرۆدان له سامانی نیشتیمانیدا ، به ته‌واوی ده‌ستی چاودێری دارایی واڵاكرد بۆ ئه‌وه‌ی چاودێربن له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ، به‌رێز جه‌لالی سام ئاغا كه له‌و ماوه‌یه‌دا وه‌ك سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی كاریكردوه ،له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی كه‌خۆم له‌گه‌ڵی سازمكردوه ده‌ڵێت : له‌سه‌ر داوای به‌رهه‌م ساڵح لیژنه‌یه‌كی چاودێری دارایی وه‌ك موفه‌تیش مالیی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جێگیر كرا و هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك رایی نه‌ده‌كرا ئه‌گه‌ر به فلته‌ری ئه‌م لیژنه‌یه‌دا تیپهری نه‌كردایه، ئه‌مه‌ش وایكرد گه‌نده‌ڵی له‌م كابینه‌یه‌دا بێته نزمترین ئاسته‌وه ، ئه‌گه‌ر له كابینه‌كانی دواتردا ئه‌م رۆڵه كاریگه‌ره‌ی چاودێری دارایی بمایهت ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه گه‌نده‌ڵی ده‌هێنرایه نزمترین ئاست.
- به‌رهه‌م ساڵح پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی وه‌ك تواناسازی هێنایه ئاراوه ، بێ ره‌چاوكردنی ئینتیمای سیاسی و ناوچه‌یی و حزبی، هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌م نیشتیمانه‌ی نارده زانكۆ موعته‌به‌ره‌كانی دنیا، من له زانكۆم و ئاگادارم ، كور و كچی وا هه‌ژار و بێ پشتیوان سوندمهندی تواناسازی بوون ، جۆرێك بوو له مه‌حاڵ بێ تواناسازی بتوانن له‌زانكۆیه‌كی ده‌ره‌وه بخوێنن، ئیستاش سه‌دان ئه‌كادیمیست و زمان‌زان له زانكۆكانی كوردستان هه‌ن كه به‌رهه‌می پرۆژه‌ی تواناسازین ، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی تواناسازیی وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بناغه‌ی بۆ دانا به‌رده‌وام بوایه ئێستا تیمێكی به‌رفراوان له گه‌نجی به توانا و ئه‌كادیمیستی زمان‌زان هه‌بوون.
- به‌رهه‌م ساڵح له سه‌رۆكایه‌تی كابینه‌ی شه‌شه‌مدا ، بۆ یه‌كه‌مجار به‌ده‌ستهێنانی ده‌رفه‌تی كاری حكومی و دامه‌زراندنی كرد به فۆرم و پركردنه‌وه‌ی سیڤی ، ئه‌مه له كاتێكدا پێشتر هه‌موو دامه‌زراندنه‌كان به فلته‌ری ئۆرگانه حزبییه‌كان و به ته‌زكیه‌ی ئه‌وان ئه‌نجام ئه‌درا ، له‌راستیدا ئه‌مه روداوێكی گرنگ بوو، بۆ یه‌كه‌مجار ده‌ستی كار، ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی بێمنه‌ت كرد له ناوه‌ند و ئۆگان حزبییه‌كان و، پێیوتن ئه‌كرێت ته‌نها له‌سه‌ر بناغه‌ی هاوڵاتیبون ده‌رفه‌تی كار و دامه‌زراندن هه‌بێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر نه‌ریتێكی تازه نه‌بێ له رێكخستنی په‌یوه‌ندی هاوڵاتیان و حكومه‌ت چیتره؟ ئه‌مه ئه‌گه‌ر میراتێكی حوكمرانی نه‌بێت كه ده‌یان هه‌زار هه‌لی كاری كوردستان له‌وه رزگاركرد بۆ دامه‌زراندن په‌نا بۆ مه‌ڵبه‌ند و لقه‌كان به‌رن ؟ به‌ڵام چی ده‌ڵێی له ناوچه‌یه‌كی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان كه راسته‌وخۆ دوای ته‌واوبوونی دوساڵهكهی به‌رهه‌م ساڵح ، دامه‌زراندن به فۆرم و سیڤی نه‌ما و كرایه‌وه به ته‌زكیه‌ی حزبی و لیستی ئاماده‌كراوی ئۆرگانه حزبیه‌كان.
میراتی سیاسی به‌رهه‌م ساڵح له سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا
كاك كه‌مال له‌باره‌ی ئه‌و میراته سیاسیه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا دروستیكردوه ده‌ڵێت ((وا بۆ چوار ساڵ دەڕوات بەرهەم ساڵح لە بەغدادە، ئێستا ئەگەر لێی بپرسین ئەو میراتە چییە لەو چوار ساڵە دروستتکردوە، مەگەر وەڵامەکەی تەنها ئەوە بێت کە سەردانێکی شەقامەکانی بەغدادی کردوە)) ئه‌م بۆچوونه‌ی كاك كه‌مال ناهه‌قییه‌كی گه‌وره‌یه به هه‌قی به‌رهه‌م ساڵح ، له راستیدا بۆ كه‌سێكی وه‌ك كه‌مال كه توێژه‌ره وردبینی زیاتر و به‌دواداچوونی زیاتر پێویسته.
- كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سیستمی هه‌ڵبژاردن و كۆمیسیۆنهكهی له عێراقدا ئه‌وه بوو ، هه‌م كۆمیسیۆنه‌كه به پێی پشكداری حزبی دابه‌شكرابوو ، هه‌م شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌كه له‌بار بوو بۆ ته‌زویر و ساخته‌كاری ، بۆیه له سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا به‌رهه‌م ساڵح پرۆژه یاسای كۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاماده‌كرد و ئاراسته‌ی پهرلهمانیكرد و دواتر په‌سه‌ندكرا ، ئه‌م پرۆژه‌یه زۆر گرنگ بوو بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی شیوازه كۆنه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن كه ته‌زویر و قۆرخكاری گه‌وره‌ی تیادا ئه‌كرا،هه‌روه‌ها خودی كۆمیسۆنیشی هه‌ڵوه‌شاندوه كه له‌سه‌ر پشكداری حزبی دامه‌زرابوو ، له راستیدا ئه‌مه هه‌نگاوێكی گرنگ بوو به ئاراسته‌ی به‌دیهێنانی نه‌زاهه‌تی ئینتیخابی و كردنه‌وه‌ی ده‌رگا به رووی تاكه‌كه‌سدا تا بتوانێ كێبركێ بكات.
- به‌رهه‌م ساڵح پرۆژه یاسای ژنانی ئێزدی ناردهپهرلهمان و په‌سه‌ندكرا، ئه‌م پرۆژه‌یه یاساییه به ده‌سکه‌وتێکی گرنگ داده‌نرێت بۆ باشکردنی ژنانی ئێزدی و قوربانییه‌کانی ده‌ستی ده‌ستی داعش ، ئه‌م پرۆژه‌یه یاسایه كێشه‌ی شوێنی نیشته‌جێبوون و ژیان و گوزه‌ران و ژیانی ئێزدی و كێشه‌ی یاسایی مناڵه باوك داعشه‌كان و زه‌مانه‌تی ته‌ندروستی بۆ خۆیان و مناڵیان دابین ئه‌كات، زیاتر له چوار هه‌زار ژن و مناڵی قوربانی ئێزدی و مه‌سیحی و عه‌ره‌ب و توركمان سودمه‌ندی ئه‌م پرۆژه‌یه ئه‌بن
- دواین هه‌وڵیشی پرۆژه‌ی هێنانه‌وه‌ی پارهدزراوهكانی ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كرد ، ئه‌م پرۆژه‌یه ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند بكرێت ئه‌وا ئه‌بێته روداوێكی گه‌وره بۆ سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردنه‌وه‌ی داهات و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری ، ئه‌گه‌ر جێبهجێشنهكرێت ئه‌بێته دۆكیومێنتێكی یاسایی ، هه‌ر ئه‌وه‌نده مومكینه بكرێت كه به‌رهه‌م ساڵح كردوێتی
به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك ئیراده‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆ
كاك كه‌مال چۆمانی باس له‌وه ده‌كات كه به‌رهه‌م ساڵح له ژێر سێبه‌ری ئهواندیكهدا سیاسه‌ت ده‌كات ، ئه‌و ده‌ڵێت :((هەمیشە لە سێبەری ئەوانیدی سیاسەت دەکات جا چ سێبەری یەکێتیی و ماڵی تاڵەبانیی بێت یان سێبەری مەسعود بارزانیی و پارتیی. بۆ نمونە، بێهەڵوێستییەکانی بەرانبەر داگیرکاریی تورکیا و بێدەنگیی نواندنی بەرانبەر گرتن و سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکان لە هەولێر))، با واز له‌وه بێنین به‌رانبه‌ر ئه‌و دوو روداوه به‌رهه‌م ساڵح بێده‌نگ نه‌بوه و بۆ هه‌ردوكیان هه‌ڵویستی خۆی راگه‌یاندوه ، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح له ئێستا ئیراده‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆیه و ته‌سلیمی هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌ك نه‌بوه ، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له چه‌ندین وێستگه‌دا تا دواسنوور دژایه‌تیان كردوه ، هه‌ستیارترین وێستگه‌ش هه‌ڵبژاردنی بوو به سه‌رۆك كۆمار، به ههمووتوانایانهوه ویستیان قه‌ناعه‌ت به یه‌كێتی بكه‌ن به‌رهه‌م ساڵح كاندید نه‌كات ، ئه‌گه‌ر كاندیدیش بوو ده‌رنه‌چێت ، ، له چه‌ند رۆژی پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار ، نێچیرڤان بارزانی به ده‌یان ملیۆن دۆلاهوه گه‌یشتۆته به‌غدا تا به‌و پاره‌یه قه‌ناعه‌ت به تیمی یه‌كێتی بكات له كاندیدكردنی به‌رهه‌م ساڵح په‌شیمان ببنه‌وه ، كه ئه‌وه‌ش نه‌كرا بتوانێت به‌و پاره‌یه ده‌نگی فراكسیۆنه جیاوازه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بكڕێت ، به‌ڵام سه‌ره‌نجام نه‌یتوانی ، ئه‌م هه‌موو دژایه‌تیه‌ش هی ئه‌وه‌یه به‌رهه‌م ساڵح له سێبه‌ری ماڵی بارزانیدا نیه.