قۆناغی بەتەختە و بلۆكبوون

27-06-2021 05:37
ڕۆژنامەنووس‌و چالاكوانە حوكمدراوەكانی بادینان

نووسینی: مەریوان وریا قانع

ھەموو ئەو حوكمڕانیانەی گەیشتونەتە قۆناغی چەقبەستن و بەتەختەبوون، ئەوانەی بە ساتەوەختی بەبلۆكبوون گەیشتون، سەرەتا بەناو مێژوویەكی درێژی گوێنەگرتن و نەبیستن و نەبینیندا تێپەڕیون. بە جۆرێك ئیتر ھیچ توانایەكی گوێگرتنیان نەماوە، ناتوانن ببیستن و ببینن، بەرسڤیان بەرامبەر بە دەوروبەریان مردوە. نە دەنگی ناوەكیی دەبیستن و نە دەنگی دەرەكیی. منێكی نارسیستیی و ئەنانی نەخۆش سەرجەمی شتەكان ئاڕاستەدەكات و وەك سایكۆلۆژیای دەسەڵات كاردەكات.

ئەم جۆرە حوكمڕانییە پێشتر بەناو قۆناغێكی دوردرێژیی نابەرپرسیاریەت و مێژوویەكی درێژی خراپ بەكارھێنانی دەسەڵاتدا تێپەڕیوە. كەڵەكەبوونی ئەو شتانە بەسەریەكدا تووشی ئیفلیجییەكی بونیادیی و سایكۆلۆژیایەكی وێرانكەری، كردوە. زۆرجار ئەوەی بەدەستی ئەم جۆرە لە حوكمڕانان و ئەم مۆدێلە لە حوكمڕانییەوە ماوەتەوە ھێزە، ھێزی ڕووت، ھێزی چەك و ھێزی پارە و ھێزی ترس. بەرھەمھێنانی زوڵمی بەردەوام ئاكار و شوناسی ھەرە سەرەكیی ئەم فۆرمە تایبەتەی ھێزە. ھێزێك لە دواھەمین دەركەوتیدا میلیشیای تایبەت دەیپارێزێت. ئەم جۆرە حوكمڕانییە تەنھا یەك زمان دەزانێت كە زمانی توندوتیژیی و فشار و سوكایەتیكردنە، زمانی بێنرخكردنی ھەمووشتێكە جگە لە ھێزی ڕووت خۆی. تەنھا توانای گوێگرتنی لە ھاوڵاتیان و دەنگەكانی ناوخۆ و دەرەوەی لەدەستنەداوە، بەڵكو سەرجەمی ئەو پرنسیپانەشی ژێرپێ ناوە كە وادەكەن حوكمڕانیی نەبێتە دوژمنی ژمارە یەكی كۆمەڵگاكەی خۆی.

زۆرجار حوكمڕانییەك كە توانای بیستن و بینینی ھەیە و دەتوانێت وەڵامێكی ئەخلاقیی بە دەنگ و وێنەكانی دەوروبەری بداتەوە، سەر بەو فۆرمانەیە لە حوكمڕانیی كە لەیەككاتدا ھەم دەربڕی ئیرادەیەكی چاكەكارن، ھەم نوێنەری ئیرادەیەكی بەرپرس. چاكەكاریی و بەرپرسیارێتیی دوو دەركەوتی تایبەتی ئەو جۆرە لە حوكمڕانیین، كە دەبیستێ و دەبینێ و گوێدەگرێت. ئەوەی لە ھەرێمە شێواوەكەی ئێمەدا ھەیە، دابڕانی سەرتاسەریی حوكمڕانییەكەیە لە ھەردوو ڕەھەندە سەرەكییەی حوكمڕانیی: ئیرادەیەكی چاكەكار و ئیرادەیەكی بەرپرسیار.

بەڵام ئەم دۆخە بەرە و كوێ و چیمان دەبات؟ لەدەستدانی توانای بیستن و بینین و وەڵامدانەوە چی دروستدەكات؟ ئەم فۆرمە لە حوكمڕانیی لە ئاستی كورتخایەندا ھەموو پەیوەندییەكی پۆزەتیڤ لەگەڵ ئەو ژینگە ناوەكییەدا وێراندەكات كە تیایدا ئامادەیە و بەڕێوەیدەبات، ھەروەھا ھەمان كارەسات لەناو ئەو ژینگە دەرەكییەدا دروستدەكات كە پەیوەندار و پەیوەستە پێیەوە. ھەرچی نەبوونی بەرپرسیارێتیە دەرەنجامەكانی لە ئاستی دوورخایەندا وێرانكەرو ترسناك دەبێت، لە ئاستی دوورخایەندا گۆڕ بۆ خۆی و بۆ ئەو كۆمەڵگایەش ھەڵدەكەنێت كە بەڕێوەیدەبات.

ئەو شانۆگەرییە بێلەزەتەی بەرامبەر بە گیراوەكانی بادینان ئەنجامدرا، ھەڵگری ھەردوو ڕەھەندە كورتخایەن و درێژخایەنە كارەساتئامێزەكەیە. ئەم تاوانە بۆ جاری سەدەم نیشانیداین ئێمە لەبەردەم دەسەڵاتێكداین ژیانی ھاوڵاتییەكانی خۆی تەواو بێنرخ و بێبەھا دەبینێت و شتێكیش بەناوی ئیرادەی چاكەكاریی و ئیرادەی بەرپرسیاریەتەوە ناناسێت. لە دۆخێكی لەم بابەتەدا، وەك ئانتۆنیۆ گرامشی دەڵێت، دەسەڵاداران تەنھا یەك دەرچە لەبەردەم كۆمەڵگادا دەھێڵنەوە: شەڕی دەستەویەخە.