بەدەم رێگەوە موچە بڕین

29-06-2021 08:29

نووسینی: ڕێبوار کەریم وەلی

رەنگبێ زۆربەی ئەھالی بە قسەی ھەندێک لە پەرلەمانتارانی دەسەڵات شاگەشکە بووبن و سەت بارەکەڵلایان بۆ ناردبن، لاکین ئەو ماستە بێگوریس نەبوو.

*

ھەمووی پار و پێرار بوو کە لەسەر ئەوەی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ حزبەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن داوای پرساندنی سەرۆکی حکومەتیان کردبوو، لە سەرانسەری دەڤەری بادینان قەڵاچۆیان کردن و لە چاوتروکانێکدا پۆستیان پێوە نەھێشتن!

*

ئەو بابەتانەی باس کران، یەک بڕگەشیان پەیوەندیی بەو وەزیرانەوە نەبوو. چونکە یەکەم، ھەموو بڕیارێک لە ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگو بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران دەردەچێ و دووەمیان ھەرچی حکومەتیش دەیکات ئەم پەرلەمانتارە بەڕێزانە لەپەرلەمان بە زۆرینە بۆیتەسدیق دەکەن. کەواتا تا دز خاوەنماڵی گرت.!

*

ئی مایەوە چی؟

*

ھا...دەرفەتە کابینەی پێشوو بکوتی! بۆ نا؟ نا نا بوەستن ئەم کابینەیەش بە دووساڵ چوار ملیار و نیو دۆلار قەرزدارە! خۆ ئەگەر نرخی نەوتوەک سەردەمی شەڕی داعش بایە، ئێستا چوار ئەوەندە قەرزار دەبوو. چاکی مەکە تا تێکی نەدەی!

*

لەوە زیاتر؟

*

قسەکان کران و تەواو. چونکە مەبەست قسەکردن بوو و بەس. ئەگەرنا وەک ھەمیشە بە کۆی دەنگ  لێبڕینی موچەتان کۆتایی پێھێنابایە. یان ئەگەر بە ڕاستتان بوو، داوای پرساندنی سەرۆکی حکومەتتان کردبایە!

*

وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان رەزیل کران.

*

کابرای ئاکرەیی کە ئێستاش نەمزانی بە چ زمانێک قسە دەکات لەو گۆڕە بووە پاڵەوان! راستییەکەی دوای قسەکانی لە جیاتی چەپڵەڕێزاندەبوایە بدرێتە دادگا، چونکە ھەڕەشەی پارچە پارچەکردنی لە کەسانێک کرد کە لە روانگەی ئەوەوە(نەک قانون) گەندەڵن!

*

دەرکەوت مەسەلەی بڕیاری پێش دادگا بە سەر ھەمواندا تەعمیم کراوە!

تێبینی: لەمەودوا مووچە بە یەک واو بنووسن، چونکە واوێکی بڕاوە.