نەوشیروان مستەفا چی كرد؟

06-07-2021 07:42

نووسینی: ئارام سەعید

زۆربەی خەڵك متمانەیان بە حزبی سیاسی نەماوە، ڕەنگە حزب یەكێك بێت لەو دامەزراوانەی كەمترین متمانەی هەبێت لە كۆمەڵگادا، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە حزبەكان لە نوێنەرایەتیكردنی خەڵك و وەڵامدانەوەی كێشەكانی هاوڵاتیان سەركەوتو نەبون، گەندەڵیی كارێكی كردوە هەندێك توێژی كۆمەڵگە تەواو پشتگوێبخرێن، پارتی سیاسی دوو ڕۆڵی سەرەكی هەیە؛ یەكەم وەڵامدەربێت و دووەم سەركردە بێت لە كێشەكاندا و چارەسەری هەبێت. بەڵام ئەوان سەرقاڵی پارێزگارین لە تیم و ئەندامانی حزبەكەیان لەجیاتی بیركردنەوە لە كێشەكانی هاوڵاتیان و گوێگرتن لێیان.

ئەم بێزاری و خەمساردیەی هەبوو بەرامبەر حزب خولیایەكی گەورەی كاك نەوشیروان بوو، هەربۆیە لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە یەكێك لەقۆناغە قورسەكانی دانانی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكە بوو، پاش دەستنیشانكردنی ڕەنگ و ئاڵاو دروشمەكان، پەیڕەو بووە خولیایەكی گەورەی كاك نەوشیروان، هەرچەندە خودی خۆی شارەزایی گەورەی لە پێكهاتەی حزب و پەیڕەودا هەبوو، بەڵام نیگەرانیەكی گەورەی هەبوو كە چۆن پەیڕەوێك دابنێت دوو سیفەتی گەورەی تێدابێت، یەكێكیان بزوتنەوەكە قۆرخ نەكرێت لەلایەن چەند سەركردەیەكەوەو دووەم بودجەیەكی زەبەلاحی پێویست نەبێت بۆ بەڕێوەبردن تا بتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر بودجەشی كەم بوو.

ئەوە نیگەرانییەكە لە هەموو حزبیكی تازەدا هەیە، چی بكەن لەوانی تر نەچن؟ لە هەموو لایەكەوە پێشنیار و بۆچونی پێ دەگەیشت، بەڵام زۆربەی خاوەن پێشنیارەكان لەوە نەگەیشتبوون كە ئەو چی دەوێت، چۆن دەیەویت سەرەڕای هەیكەلی حزب تەنانەت وشەكانی ناو پەیڕەویش تازەبن و پێكهاتەی نەچێتەوە سەر لق و مەڵبەند، وەك چۆن وشەكانی مەكۆ و ڕایەڵە و بازنەو.. هتدی داهێنا.

زۆرن ئەو پەیڕەوانەی دیراسەی كردن و زیاتر بۆ بەرنامەی ئەو پارتە سیاسییانە دەگەڕا كە حزبی دەنگدەرن نەك دابینكردنی موچەی كادر و ئەندامانی زۆر، دەیویست بەشێوەیەك بێت بە ژمارەیەكی كەمی كادری موچەخۆر و ژمارەیەكی زۆری خۆبەخش بەڕێوەبچێت، ئەوە خولیای بوو كە بەوشێوەیەو جیاواز لە پارتی و یەكێتی بێت، هەڵبەت گوشارێكی زۆریشی لەسەر بوو لەلایەن بەشێك لەكادرە كۆنەكانەوە كە ڕێكخستنێكی تەقلیدی بێت. دواتریش خانەی ڕاپەراندنیان بۆ ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییە پێكهێنا، ڕاوێژی بە هەموو كەس دەكرد، یار و نەیاری بۆچونەكانی خۆی، چونكە هەندێك لەو سەركردانەی پێشتر مەكتەبی سیاسی بوون پێیان زەحمەت بوو لەپاڵ گەنجێك دانیشن و هەمان دەسەڵات و مافی ئەوانیان هەبێت.

ئەم مۆدێلەی خولیای كاك نەوشیروان بوو هەموو قۆناغەكانی بڕی و بەهیوابوو بەرەوگۆڕانكاری گەورە هەنگاو بنێت، لەڕووی هەیكەلەوە سەركەوتوو بوو كە مۆدێلێكی تازەی پێكهێنا، لەهەڵبژاردندا پێگەی جەماوەریی بەهێزبوو، بەڵام سەرەڕای ئەم گۆڕانكاریە گەورەیە نەیتوانی بەخەباتی مەدەنی گۆڕانكاری دروست بكات، لە پەرلەمان ستراتیژی گۆڕانی خستەكار بۆگوشاركردن، بەڵام پەرلەمان داخرا! كۆمەڵی نێودەوڵەتی و لەناوخۆی هەرێمیش كاردانەوەیەكی دەنگیی نەبێت هیچ ڕووینەدا.

دواتر قۆناغی حكومەتی بنكەفراوان بوو، بەڵام دیسان گۆڕان بەر دیواری ئەستوری پارتی و یەكێتی كەوت كە ئەوان ڕێگە نادەن بە دەستكاریكردنی ئەو مۆدێلەی دروستیانكردوە. بەڵام ئایا خوێندنەوەی كاك نەوشیروان بۆ دۆخەكە لاوازبوو؟ یان جگە لەدەسەڵات، وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵی نێودەوڵەتیش پشتگیری ئەو ڕەوتە تازەیەیان نەكرد؟ یان ئۆپۆزسیۆن خۆیان پەرتەوازەبون و ستراتیژێكی ڕوونیان نەبوو بۆ بەرەنگاری؟.

لەكۆتایدا هەرهێزیك یان هاوپەیمانییەك لەدوای گۆڕان و هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی ڕابردوو دروست بێت و بیەویت ببێتە هێزێكی كاریگەر ئەوا ڕوبەڕوی ئەركێكی قورس دەبێتەوە، ئەركی یەكەمی دۆزینەوەی ئەو ڕێگاچارەیە كە هەمان هانگاوی ڕابردو هەڵنەگرێتەوە، گرنگە خوێندنەوەیەكی قووڵی هەبێت بۆ دۆخی ئێستا و خەباتی ڕابردووی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و مامەڵەی دەسەڵات. هەروەها وەڵامی ئەوە بداتەوە بۆخەباتی پەرلەمانی نەگەیشتە ئەنجام؟ چی وایكرد؟ بۆ بەشداریكردن لە حكومەت ئەنجامی باشی لێدەرناكەوێت؟ ئەگەر خوێندنەوەی نەبێت بۆ مێژووی سی ساڵی ڕابردوی هەرێمی كوردستان و بیەوێت بەهەمان شێوە خەبات بكات، ئەوا چارەنوسی هەروەك بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو هێزانەی تری ئۆپۆزسیۆنی لێدێت كە لەناو بازنەی پۆستەكانی حكومەت دەسوڕێنەوە بەلاوازیی.