بوون بە بار بەسەر سلێمانییەوە

14-07-2021 11:59

نووسینی: شوان محەمەد

هەفتەیەک تێناپەڕێت ئێوە کێشەیەک لەم شاردا دروستنەکەن و نەبنە مایەی نا ئارامی بۆ شارێک کە خۆی ماندووەو دەیەوێت کەمێک بحەوێتەوە.

هەر هەفتەیەک یەکێکتان پاڵەوانی رووداوەکانی ئەمشارەن، بە خۆشتانەوە نەوەستاون، ئێستا هەندێکجار لە بری ئێوە منداڵەکانیشتان دەبنە پاڵەوان و رێنگۆی ئەم شارە.

بیهێننە پێش چاوی خۆتان، هەمووی چەند مانگێک لەمەوبەر پاسەوانەکانی یەکێکتان هێرشتان کردە سەر خاوەن چێشتخانەیەک، دواتر کوڕی دانەیەکی ترتان بەیەک ریز پاسەوانەوە چووە سەر ماڵی ئەفسەرێکی تری خۆتان و ئارامی شارتان تێکدا، پاش ماوەیەکی تر کە دەروازەی شار بە رووخساری شارەکە ناسراوە، هێرشتان کردە سەر بازگەکەو کورێکی هەژاری ئەمشارە کە رەنگە لەبەر بێ کاری و نەبوونی بووبێت بە ئاسایش ساردتان کردەوەو چەندی ترتان بریندار کرد. هەموو دوو هەفتەیە لەناو جەرگەی شاردا لەسەر رێگای شار کە جاران جێگای سەیران و گەشت و ئارامی ئەمشارە بوو، دوو هێزتان پێکیانداداو ١٠ کەس لە هەردوو لاتان برینداربوون.

سەرباری ئەم رووداوانەی ئێوە پاڵەوانی سەرەکی بوون، بەمەشەوە نەوەستان و گەمەکەتان بۆ ئاساتێکی باڵاتر بەرزکردەوە، تینوێتی ئەم هاوسەرۆکانەی ئێوە بۆ دەسەڵات و سەروەت و سامان خەریکە خەڵکی ئەم شارە دووچاری بەڵایەکی گەورەتر دەکات، لە کاتێکدا خەڵکی شار وەک پەندە عەرەبییەکە دەڵێت " لا ناقە لی فیها ولا جمل " بە کوردیەکەی: ئەم شەڕ و هەرایەی ئێوە جگە لەسەر ئێشە، هیچی بۆ ئەوان تێدا نییە.

ئێوە کە زۆرێکتان لەسەر میراتی باوک و مام و نەوەی پێشووی کەسوکارتان دەژین، سەرباری مشەخۆریتان لەسەر ئەم شارەو ناوچەکانی تری کوردستان و دەوڵەمەندبوونتان و بوونتان بە خاوەنی ماڵ و موڵک و سامانێکی زۆر کە هیچ بە سروشتی چنگتان نەکەووتووە، خەریکە شارەکەش تووشی شەڕێکی فراوانتر دەکەن..!

زۆر بە ڕاشکاوانە و بێ پێچ و پەنا پێتان رابگەیەنین، خۆی هەر چارەمان نەدەویستن هێندە شتی ناشیرنتان کردووە، لەوەش رەزای خۆتان قورستر مەکەن، چونکە ئەم شارە هەرچەند ساڵێک و نەک تەنها لەوانەی خزمەتی ناکەن، بەڵکو لە خۆشی هەڵدەگەڕێتەوە و شاڵاو دەهێنێت، باشە کەمێکی تیا بهێڵنەوەو تووشی سەرئێشەی زیاتری مەکەن..!