دەربارەی دۆخی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

17-07-2021 05:30

مەریوان وریا قانع

ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردودا و لەناوی یەکێتی نیشتیمانی کورستان دا ڕوویدا، لە زمانی سیاسیدا، پێیدەگوترێت "کودەتای ناو کۆشک". کودەتای ناو کۆشک کودەتای کەسانێکی ناو کۆشکی حوکمڕانیین کە خودی حوکمڕانەکە لادەبەن و خۆیان دەچنە شوێنەکەی. لەم جۆرەکودەتایانەدا ئەوەی وەک سەرۆک ئامادەیە و کاردەکات لەلایەن ئەو کەسانەوە کە لەگەڵ ئەو سەرۆکەدا کاریانکردوە، لادەبرێت. زۆرجارژەنەراڵێک ژەنەڕاڵێکی تر، یان جێگرەوەی سەرۆکێک سەرۆکەکە، یان کوڕێک باوکی، یان ھاوڕێ و ھاوخەباتێک، ھاوڕێ و ھاوخەباتێکی ترلادەبات خۆی دەچێتە شوێنەکەی. ئەم جۆرە کودەتایانە زۆربەی جار کودەتای بێخوێنن، ھەندێک جار سەرۆکە لابراوەکە دەکوژرێت،ھەندێکجار شاربەدەر دەکرێت، ھەندێک جاری تر زینداندەکرێت. ھەندێکجاریش تا دەمرێت دەسبەسەر دەبێت.

بە دەگمەن نەبێت ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە ھیچ شتێکی قابیلی باسکردن و لەسەروەستان ناگۆڕن، درێژە بە ھەمان دونیا و بە ھەمان ھێڵیحوکمڕانیی دەدەن کە پێشتر ھەبووە. ھەندێکجاریش دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبەن و لە پاڵ کێشە کۆنەکاندا کێشەی نوێ دروستدەکەن.

ڕوخسارێکی ناسراو دەڕوات و ڕوخسارێکی تر دەچێتە شوێنەکەی. لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا "کودەتای ناو کۆشک" دەرەنجامێکی پۆزەتیڤینەبووە، کە سەدام حوسەین ئەحمەد حەسەن بەکری لەناو حیزب و سیستمی حوکمڕانیادا لابرد، دونیایەکی تەواو تۆقێنەرتر و خوێناویتریدروستکرد، کە بن عەلی لە تونس بۆرقێبەی لابرد، سەردەمێکی گەندەڵتر و نابوتتری دروستکرد کە بەھاری عەرەبی کۆتاییھات، کە بن سەلمان لەسعودیە ئەمیرەکانی تری پاشەکشەپێکرد، دونیایەک کێشەی ناوەکیی و دەرەکیی لە سعودیەدا و بۆ سعودیە دروستکرد، بەرچاوترینیان ئەوجەنگە عەبەسییە خوێناوییە لە یەمەن کە ژیانی ملیۆنان مرۆڤی وێرانکردوە.

"کودەتای ناو کۆشک" کودەتای ناو "کۆشک"ە. "کۆشک" بە کۆشکی و "لۆژیکی کۆشک" وەک "لۆژیکی کۆشک" دەمێنێتەوە و ئەوەیدەگۆڕێت ڕوخساری شازادەکانە، جێگرتنەوەی ئەم شازادەیە بۆ ئەویتریان..