ململانێی ئیرادە و هەژمون؛ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق

01-08-2021 08:55
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتییەکان و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق

 

نووسینی: د.یوسف محەمەد

ئەمڕۆ 1/ 8/ 2021 لە بەغدا بەشداریمان کرد لە کۆبونەوەی شەشەمی سەرۆکایەتییەکانی عێراق و سەرکردەی بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، کە لەسەر بانگێشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام درا. ئەم کۆبونەوانە لەدوای دەستبەکاربونی بەڕێز کازمی  ناوە ناوە بۆ باس کردنی پرسە سەرەکییەکانی عێراق، ئەنجام ئەدرێن.

پرسی راگەیەنراوی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا سەبارەت بە کۆتایی هاتنی ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ئەم ساڵو، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دو تەوەری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ بون.

وادیار بو کە هەمو لایەنە عێراقییە بەشداربوەکانی کۆبونەوەکە بەتایبەت شیعەکان، رازی بون لە دەرەنجامی دانوستانی نێوان عێراق وئەمریکا. بەڵام هەندێ بابەتی وەک پرسی بون یان نەبونی هێزی شەڕکەری بیانی لە ماوەی رابردو، مانای کشانەوەی هێزی شەڕکەریئەمریکی و ئەوەی داخۆ ئەمە بە واتای کۆتایی بونی فڕۆکەی درۆن و سیستمی بەرگریی موشەکی و .. هتد دێت یان نا، مشتومڕی لەسەر بو. هەر لایەنە بە لایەوە گرنگە بەپێی دڵخوازی خۆی و بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی وێنای ئەم پرسە بکات. لایەنەکانی فەتح و هێزەکانی نزیک لەحەشد بە لایانەوە گرنگە دڵنیا ببنەوە لە کۆتایی هاتنی دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق. وەک هەندێکیان بە ئاشکرا ئاماژەیانپێدا، وا گریمانە ئەکەن کە کۆتایی رۆڵی هێزی شەڕکەری ئەمریکا، دور نییە هاوشێوەی بەهێزبونەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، رۆڵ و پێگەیئەمانیش لە عێراق بەهێزتر بکاتەوە.

تەوەری دوەم کە پەیوەندیدار بو بە هەڵبژاردنی پێشوەخت مشتومڕی زیاتری لەسەر بو. ئاشکرایە کە جگە لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەیعێراق کە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی دیاری کراوی پیشان ئەدەن، هێزەکانی نزیک لە حەشد وهاوپەیمانیی فەتح و دەوڵەتی یاسا، زۆر پێداگرن لەسەر ئەنجام دانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی. ئەمەش بە دیدی ئێمە بۆ دو هۆکارئەگەڕێتەوە. یەکەمیان ئەم هێزانە کە دوای نەمانی حکومەتەکەی د. عادل عەبدولمەهدی و گۆڕانی هاوکێشەی هێز لە عێراق بەهۆی بەئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی و موهەندیس و سەرکردەکانی تری حەشد، ڕۆڵ و پێگەیان لەناو دامەزراوەکانی عێراق لاواز بوە، پێشبینی ئەکەن کە هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق ئەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی پێگەیان و، لاواز بونی پێگەی رکەبەرەکانیان بەتایبەت رەوتی سەدر.

هۆکاری دوەمی ئەم پێداگرییەشیان بۆ ئەوەیە کە لە حاڵەتی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکان لەو وادەیە، دەستەبەری گۆڕینی حکومەت یانلانی کەم تەعدیلی وەزاری بکەن بەشێوەیەک کە بەهێزەوە بگەڕێنەوە ناو دامەزراوە حکومی و ئەمنی و ئابورییەکان. لە بەرامبەردا رەوتی سەدرکە ئەمڕۆ نوێنەریان لە کۆبونەوەکە بەشدار نەبو، لە هەوڵی مانەوەی دۆخی ئێستان. چونکە ئێستا لەهەر کات زیاتر هەژمونیان هەیە بەسەردامەزراوەکانی عێراق. دور نییە بەیاننامەکەی سەدریش سەبارەت بە کشانەوە لە حکومەت و هەڵبژاردنی داهاتو هەر بۆ دەستەبەرکردنی ئەمەبێ. بەڵگەش بۆ ئەوە بەردەوامیی نوێنەرەکانیانە لە حکومەت، بەتایبەت ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران.

لە نێوان ئەم دو ئاڕاستەیە دا، رەوتی میانەڕەوی ناو شیعە بەتایبەت حیکمە و نەسر و، هێزە مەدەنییەکانی تری ناو سوننە و کورد، مەترسیی زۆریان هەیە لە دوبارە بونەوەی ئەزمونی هەڵبژاردنی پێشوی ئەنجومەنی نوێنرانی عێراق لە ساڵی 2018. لەم روەوە تەسریبی راپۆرتی پڕۆسەی تاقیکردنەوەی ئامێر و پڕۆسەی هەڵبژاردن کە لە مانگی تەموزی رابردو ئەنجام درا بو زۆر جێگەی مەترسیی ئەم هێزانە بو.  هەڵبەت هێزەکانی ناوەڕاستی شیعە مەترسیی ئەوەشیان هەیە کە کشانەوەی کاندیدەکانی  نوێنەری خۆپیشاندەرانی تشرین و، رەوتی سەدر و هێزەکانی تر، ببێتە هۆی لاسەنگییەکی گەورە لە دوای هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق لە قازانجی فەتح و دەوڵەتی قانون و هێزەکانی نزیک لەحەشد.

هاوشێوەی کۆبونەوەکانی پێشو، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆش ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە تەزویری هەڵبژاردنەکانی پێشوی عێراق هۆکاری سەرەکیی نەمانی متمانەی هاوڵاتیانی عێراق بو بە کۆی پڕۆسەی سیاسیی عێراق. هەر بۆیەش لە تشرینی 2019 دوای ساڵ و نیوێک لەوهەڵبژاردنانە رژانە سەر شەقامەکان و، لە ئەنجامی ئەمەش بومەلەرزەیەکی گەورەی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دروست کرد (لەناو هەرێمیش ئەو هەڵبژاردنە تەنانەت کاریگەریی لەسەر رێژەی بەشداریی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەیلولی هەمان ساڵدا دروست کرد). ئامانج لە هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق گەڕاندنەوەی متمانەیە بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و کۆی پڕۆسەی سیاسیی عێراق. بەڵام دەستەبەر نەبونی هەلومەرجی پاک و بێگەردیی ئەم هەڵبژاردنە هێندەی تر هاوڵاتییان نائومێد ئەکات و دور نییە جارێکی تر فراوانتر لە جاران بڕژێنەوە سەرشەقام. دو کەموکورتیی بنچینەیی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەرکاربونی کارتی دەنگدانی کورت مەودا کە ژمارەیەکی زۆری لێ تەزویر کراوە و، ئەنجام نەدانی جیاکردنەوە و ژماردنی دەستیی دەنگەکانن، سەرباری بەردەوامیی بەکارهێنانی پارەی گەندەڵی و چەکی نایاسایی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن.

لێرەوە رونە کە پرسی ئەنجامدان یان دواخستنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق لای هێزە باڵادەستەکانی عێراق، پەیوەستە بە پێگە و هەژمونیان بەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق نەک وەڵامدانەوەی خواستی هاوڵاتییانی عێراق و گەڕاندنەوەی متمانەیان بە کۆی پڕۆسەی سیاسیی عێراق.