ئەفغانستان و تاڵیبان، عێراق و كوردستان، ئەمەریكا و ئێران

15-08-2021 06:25

عادل باخەوان

لە دوو ڕۆژی ڕابوردودا دەیان پرسیارم لە بارەی ئەو بابەتانەی سەرەوە لێكراوە و چەندین هاوڕێی ڕۆژنامەنووس پەیوەندیان كردوە و بۆچونی منیان لەو بارەیەوە داواكردوە. پاش سوپاسكردنیان من لەم خاڵانەی خوارەوەدا و بەكورتی و بەم شێوەیەی خوارەوە بۆچونەكانی خۆم لەسەر ئەو بابەتانە دەردەبڕم و لە كاتێكی گونجاودا بەرنامەیەكی تایبەتیان لەگەڵ كەناڵێكدا بۆ تەرخاندەكەم.

1- هەموو ئەو تێزانەی كە پێیانوایە گۆڕینی گروپێك لە دەسەڵاتدا بە گروپێكی دیكە، گەرەنتی دروستكردنی كۆمەڵگایەكی نوێ بەدەستەوە دەدات تەواو دورە لە واقیعەوە. لابردنی تاڵیبان لە دەسەڵاتدا لە سەرەتای دوو هەزارەكانەوە و نیشتەجێكردنی گروپێكی دیكە، هیچ كاراییەكی ئەوتۆی لەسەر بیناكردنی كۆمەڵگایەكی نوێ لە ئەفغانستاندا نەبوو، بەپێچەوانەوە، بیست ساڵ دواتر، تاڵیبان بەو پەڕی هێزەوە دەگەڕێتەوە بۆ كابول، چونكە هیچ هێزێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا، وەك تاڵیبان گوزارشت لە واقیعی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كولتوری ئەفغانیەكان ناكات. تاڵیبان میوان نین، بەڵكو لە ماڵی خۆیاندان. كۆمەڵگا لە مێژویەك دروستدەبێت و لەمێژویەكیشدا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، نەك بە دە ساڵ و بیست ساڵ.

2- ئایا ئەوەی كە لە ئەفغانستاندا ڕویداوە، ئەكرێ لە عێراقدا دوبارە ببێتەوە؟ نەخێر، چونكە لە عێراقدا هێزێكی سەرتاسەری نیشتمانی وەك تاڵیبان بوونی نیە كە بتوانێت تەواوی نیشتمان كۆنتڕۆڵ بكات. لە گریمانەی كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراقدا، ئەو ئەگەرەی كە زۆر بەهێزە و دەكرێت خۆی بەدیبێنێت، هەڵوەشانەوەی عێراقە. ئەوەی كە یەكێتی خاكی عێراقی لە ٢٠٠٣ وە تائێستا پاراستوە، ئەمەریكا و ئێرانن، بەبێ شەریكایەتی تاران و واشنتۆن، هیچ هێزێك نیە عێراق لە هەڵوەشانەوە بپارێزێت، بە داعش و حەشدی شەعبیشەوە.

3- مانەوەی هەرێمی كوردستان لە ١٩٩٢ وە تا ئێستا هیچ پەیوەندی بەوەوەنییە كە ئابوریەكی بەهێز، سوپایەكی بەهێز، كۆدەنگیەكی بەهێز، دەستورێكی بەهێز، كێڵگەیەكی سیاسی بەهێزی هەیە، چونكە هەموومان دەزانین كە هەرێم هیچ یەكێك لەمانەی نیە. ئەوەی كە هەرێمی تا ئێستا هێشتوەتەوە تەنها و تەنها خواستی دەوڵەتانی سیستمی جیهانی و بەشێك لە دەوڵەتانی سیستمی هەرێمایەتیە. ئایا ئەمە وەك گەرەنتی بەسە بۆ مانەوە لەسەر ئاستی دوور مەودا؟ بێگومان نەخێر. باشترین بەڵگەش ئەفغانستانە. ڕاستە لە ئێستا و ئێرەدا هیچ ئاماژەیەك نیە بەوەی كە دەوڵەتانی سیستمی جیهانی پشت لە هەرێم بكەن، بەڵام ئەوەش ڕاستە كە سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە هەر وەك چۆن لە نێو دۆخێكی تایبەتدا دروستدەكرێت، ئاواش ئەكرێ لەنێو دۆخێكی دیكەدا گۆڕانكاری بەسەردابێت.

4- كۆتایی وەهم! كاتی ئەوە هاتوە كە ڕۆشنبیرە ئەفغانیەكان و عێراقیەكان و كوردەكان تێبگەن لەوەی كە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا پرسێكی جددیان بەناوی مافی مرۆڤ و دیموكراسی و دەوڵەتی یاسا و چوونە نێو مۆدێرنیتێ بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە و ئەو دەستەبژێرانەی كە پێیانوایە سەفارەتەكان و قونسوڵیەكان لە هەولێر و بەغداد و كابول فریادڕەسیانن، لە دەریایەك لە هەڵەدا نوقمبوون. ئەم دەوڵەتانە تەنانەت تاڵیبان و سیستمەكەیشی قبوڵدەكەن، بەمەرجێك تاڵیبان گەرەنتی وەڵامی پرسیاری ئاسایش و سەقامگیریی بداتەوە، ئیتر بەهەر ڕێگایەك بێت.

5- یەكێك لە پرسیارە كوشندەكانی ئەمەریكیەكان لە ئێستا و ئێرەدا بریتیە لە: پرسی ڕێگرتن لە بەهێزبوونی داعش لە ئەفغانستاندا و ئەمەریكیەكان گەشتونەتە ئەو قەناعەتەی كە تاكە هێزێك بتوانێت كە ڕێگری لە داعش لە ئەفغانستاندا بكات بزوتنەوەی تاڵیبانە! ئەمە یەكێكە لەو خاڵانەی كە وادەكات لە واشنتۆن كە بزوتنەوەی تاڵیبان وەك شەریكێك لە جەنگی دژ بە داعشدا قبوڵبكات. ڕێك وەك قبوڵكردنی حەشدی شەعبی وەك شەریك كاتێك كە جەنگی دژ بە داعشی دەكرد. ئەمەریكا پرانسیپی نیە، بەرژەوەندیی هەیە. بەپێی یاسای ئەمەریكی، پارتی كرێكارانی كوردستان گروپێكی تیرۆریستە، بەڵام لە سوریادا وەك هاوبەشێكی ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵدا دەكات! ئەمە لە عێراقیشدا ڕاستەو پێویستە عێراقیەكان و كوردەكان وەك پێویست لەم پەیامە بگەن.