ئۆپۆزیسیۆن یان جوانکردنی دەسەڵات!

25-08-2021 08:08

نووسینی: ئارام سەعید

بیگومان ئۆپۆزیسیۆنبوون لەسایەی دەسەڵاتیکی تاکڕەودا جیاوازە لە ئۆپۆزیسیۆنی سیستمێکی دیموکراسی، لەسایەی دەسەڵاتیکی وەک هەرێمی کوردستان حزبەکانی دەسەڵات دامەزراوەی سەربەخۆ وێران دەکەن یان دەیخنكێنن، ئازادی میدیا تەواو کەمدەکەنەوە، سەربەخۆیی دادگا ناهێڵن، هەموو داهاتەکانی حکومەت بۆخۆیان کۆنترۆڵ دەکەن، لێرەوە کێبڕکێی ئۆپۆزیسیۆن دەبێتە سفر و ئەوکات هیزەکانی نارازی دەبێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ دەسەڵاتدا و کاردانەوەو کارکردنیان زۆر دیاریکراو دەبێت. بەڵام ئایا باشترین ستراتیژ چیە بۆ هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەسایەی دەسەلاتی دیکتاتۆریدا؟ خالە لاوازەکانی دەسەڵاتیکی ستەمکار چیە بۆئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بتوانێت کاری لەسەربکات؟

یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەی دەبێت هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بیگرنە بەر هاوکاری نیوان خۆیانە، پێکهێنانی هاوپەیمانیە بەتایبەتی لەپێش هەڵبژاردن، هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنیانە، لەزۆربەی نمونەکانی وڵاتانی جیهان کە لەسایەی دیکتاتۆردان ئۆپۆزیسیۆن جیاوازیەکانی وەلادەنێت و بۆ ئەو ئامانجە کە بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پارلەمانە هاوپەیمانیەتی پێک دەهێنن، تەنانەت گەر جیاوازی قوڵیشیان هەبێت،چونکە پارتەکانی دەسەڵات ستراتیژی جۆراجۆر بەکاردەهین بۆ پەرتکردنی ئۆپۆزیسیۆن و مانەوەی خۆیان و تەنانەت هاوپەیمانی ژێربەژێر دەکەن.

ئۆپۆزیسیۆن زۆر لەئامرازەکانی تاقیکردۆتەوە، نارەزایی دەربرین، خۆپیشاندان، بایکۆتکردن، کە زۆربەیان بێ ئەنجام بوون، ئەوەی ئەنجامی بەرچاوی هەبووە کاری پێکەوەیی و هاوپەیمانێتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بووە لە رابردودا. ئەوکاتەی هاوڵاتی بەشداری دەنگدان ناکات لەبەرئەوە نیە کە بروای وایە دەنگدانەکەی گۆڕانکاری دروست ناکات بەڵکو ئەوە لاوازی ئۆپۆزیسیۆنە کە ناتوانیت وێنەیەک نیشان بدات کە پێکەوەییان و هاوپەیمانێتی بەهێز دەتوانێت گۆرانکاری لە سیاسەتدا دروست بکات.

ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن ئەمانە نەکات ئەوکات حەقیقەتی دەسەڵاتی کوردی دەشارێتەوە و دیۆێکی ترمان نیشان دەدات، چونکە ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن دەیکات نابێتە کێبڕکێ بۆگرتنە دەستی دەسەڵات بەڵکو دەبنە یاریزانێکی باش کە بەکاردەهێنرین لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆجوانکردنی هەنگاوەکانی دەسەڵات. ئەو هەموو سەرکوتکردنە کە هەیە دەشارنەوە شەرعیەت دەدەن کە ئازادی هەیە بۆیە ئەوان بەردەوام رەخنە دەگرن بێئاگا لەوەی ئەوەی دەیکەن هەمان ئەو قسانەیە کە دەسەڵاتیش دەیکات بەڵام بەشیوازی جیاواز هەربۆیە بەم رەفتارەیان چەکێک دەدەنە دەسەڵات بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و نابنە مەترسی بۆ کورسی دەسەڵات.

سەرکوتکردن و راکێشانی ئۆپۆزیسیۆن بەلای خۆیاندا کارێکی کردوە نەبنە هێزیک کە توانای گۆڕانکاری هەبێت، بەپێچەوانەوە بەکاردەهێنرێن و وینەیەک نیشان دەدەن کە فرەحزبی هەیە هەرچەند بەشیوەیەکی رەمزیش بێت و بەوەش دەسەڵاتی تاک حزب و بنەماڵە روپۆش دەکەن، پێکەوە لەگەڵ دەسەڵات دەڵێن دیموکراسی بۆئەم هەرێمە نابێت وەهمێکی گەورەیە. بەدریژایی ماوەی دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی لەهەرێم هەوڵیان داوە حکومەت قووت بدەن، دواتر پارلەمان، دواتر دەسەڵاتی قەزایی و میدیا لەکۆتایدا نۆرەی ئۆپۆزیسیۆن هات!   

ئۆپۆزیسیۆن بوون بەتەنها مانای بۆڵەبۆڵ نیە، مانای چارەسەرە، ستراتیژە، بەدیلی دەسەڵاتە نەک بەتەنها نارازی بوون. هەربۆیە ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی ئێستا هەیە بەئاگایی بێت یان بێ ئاگایی دەچێتە خانەی جوانکردنی دەسەڵات، کە لەناوەووە دەرەوەی وڵات وێنەیەک نیشان بدەن لەهەرێمەکەماندا فرەحزبی هەیە و رەخنە و نارەزایی لە حکومەت هەیە، بەردەوام پارلەمانتاران رەخنە دەگرن و نمایشی گەندەڵیەکان دەکەن وباسی نادادپەروەری دەکەن بەبێ ئەوەی بتوانن هیچ کاریگەریەک دروست بکەن، کەسیش ناپرسێت ئەو هەموو رەخنەیە بۆ کوێ دەروات! ئەی ئەو سەرکوتکردن و دەستگیرکردنەی چالاکەوانان بەکوێ گەیشت؟ ئۆپۆزیسیۆن چ گوشارێکی دروستکرد؟ پارلەمانتارانی گۆڕان کە لەحکومەتدان هەمیشە باسی گەندەڵیەکان دەکەن و بزوتنەوەکەشیان لەدەسەڵات بەشدارە، یەکێتی و پارتیش پارلەمانتارەکانیان رەخنە دەگرن وباسی هەبونی گەندەڵی دەکەن! هەربۆیە ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن بەتەنها رەخنە نیە بەڵکو دانانی ئەو ستراتیژەیە کە دەبێتە هەرەشەی کرداری بۆکورسی دەسەڵات نەک جوانکردنی دەسەڵات!