لاھورتان کردە حوسێنی کەربەلا

25-08-2021 08:53

نووسینی: رێبوار کەریم وەلی

دژایەتی و دابەزاندنی کێشەکان لەناو پارتیدا، لەگەڵ لاھوری شێخ جەنگی تا ئاستی کێشەی شەخسی، نەک ھەر نەبووە ھۆی لێدان لەپێگەی ئەو کوڕە، بگرە ئەوەی پارتی بۆ لاھوری کرد، ئەو دە ساڵی دیکەش پڕوپاگەندەی بۆ خۆی کردبا ھەر ئەوەندەی پێدەکرا.

*

لاھوری شێخ جەنگی لە ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندەدەوە بە پاڵپشتی و شەونخۆنیی مێدیا و سۆشیال مێدیای پارتی بووە خاوەنی دەنگییەکەمی کۆنگرەی چواری یەکێتی!

*

پارتی کوێرانە کەوتە ھەمان ئەو بەزمەوە کە کاتی خۆی لە دژی نەوشیروان مستەفا کردیان، ئەگەرنا لاھور چەند جارێک بە رەسمی داوای کردکە لیژنە لە سەر رووداوی ١٦ ی ئۆکتۆبەر پێک بێت و دەربکەوێ کە کێ پشتئەستوور بە ٣٨ ئیمزاوە رێککەوتنی کردووە؟

*

پارتی ئەوەی باش دەزانی؛ لە کۆبوونەوەی دوکان، گومانیان لە بافڵ تاڵەبانی ھەبوو(تەنانەت زانیاریش) بۆیە لە ژووری بە تەنھادا، گوشاریانبۆ ھێنا کە ئەگەر شتێکی کردووە، ئاشکرای بکات.

*

ئەو ھەر ئینکاری کرد و پارتیش باوەڕی کرد!

*

(بۆ مێژوو)ھەموو دەمانزانی لە ١٦ بێت یان لە ١٧، کورد ئۆکتۆبەرێک قەرزاری بەغدایە و دەبێ بیداتەوە. براکانی لاھوریش ئەوەیان دەزانی. یەکیان بووە کەواسوری بەر لەشکر و ئۆباڵی ھەموو قەزییەکەی لە ملی خۆی پەستا، بێ ئەوەی سەنتێکی دەست بکەوێ!

*

بۆ پارتی، ئاراس بووە وێنەی لاھور لە ئاوێنەی خیانەتدا، کوڕانی تاڵەبانی نەک ھەر پاک بوونەوە، بگرە مامی بچوکیان موسادەقەی ئەمریکایوەرگرت وەک شەریکی حوکمڕانیی کوردستان!

*

یەکێتی ھەر لە کەرکوک مابوو، بۆیە لاھوریش لەناو یەکێتی بوو بە قارەمان. قارەمانێک لە زرێ و شمشێرەکەی ھی پارتی بوو.

*

ئەوەی ئەمڕۆ کوڕانی تاڵەبانی دەیکەن، رێک ھەمان شتەیە کە پارتی کردی و ھێشتاش لەسەری بەردەوامە. تا دوێنێ دەیانگوت دەبێ بچێتەبەردەمی دادگا و وایانزانی ناچێ! کە چوو ئێستا دەڵێن دەبێ کوردستان بەجێ بێڵێت! کە کوردستانیش بەجێبێڵێت، ئینجا رەنگبێ بڵێن نابێبگەڕێتەوە.

*

کوڕانی تاڵەبانی دەمێکە بیر لە لابردنی ئەو بەربەستە دەکەنەوە. بەڵام کاتێ دەستیان دایە پەلامار دەبوایە گەرماوگەرم کودتاکەیان سەرخەن،ئەگەرنا ئەوەی ئێستا دەبیندرێ، تەنھا شکستی کودتاکەیە.

*

لاھور نەک پێگەی بەھێزتر بووە، بگرە میسداقییەتی ھەموو تۆمەتەکانی سەریشی چووەتە ژێر پرسیارەوە! کەسێک بڵێ دەبێ قانون حوکمبکات، چاوەڕێی قەراری دادگا نەکات و بە تۆمەتبار بڵێ دەتپارێزم و، بڕۆ دەرەوەی وڵات! بەپێی قانون دەبێتە شەریکی تۆمەت!

*

خولاسەی کەلام ئەگەر کوڕانی تاڵەبانی لە لاھور بێ منەتن، لێگەڕێن با قانون حوکمی لەبارەوە بدات، یەکێک بچێتە دادگا، دەچێتەزیندانیشەوە. یەکێتیی کۆن و نوێ ھەر ھی ماڵی مام جەلالە و دەبێ بایی ئەوەندە متمانەیان بەخۆیان بێت کە دەنگ بۆ حزبەکەیان کۆبکەنەوە. نەک ئیمزای لا بەلا.

ئەو جموجۆڵانە لاھوریان لەسەر گردەکەی سەرچنار کردە حوسێنێکی دیکە.