ئایا كۆمپانیا نەوتییە چینییەكان جێگە بە كۆمپانیا ڕۆژئاواییەكان لێژ دەكەن؟

29-08-2021 04:39

فەرهاد حەمزە- سەرۆكی ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكوور

سەرەتای مانگی تەمموزی ڕابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، ژمارەیەك لە كۆمپانیا ڕۆژئاواییەكان بە نیازی پاشەكشەن لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراقدا كە نزیكەی دە ساڵە بە گوێرەی گرێبەستی خزمەت (Service Contract) لە كێڵگەكانی باشووری عێراق كاردەكەن.

كۆمپانیاكانیش بریتیین لە كۆمپانیای (BP)ی بەریتانی و ئەكسۆن مۆبێل-ی ئەمریكی و لۆك ئۆیەڵی ڕوسی، پێشتریش لە ساڵی 2018 كۆمپانیای (Shell)ی هۆڵەندی پشكەكەی خۆی لە كێڵگەی مەجنون فرۆشت.

دەتوانرێت هۆكاری پشت ئەم هەنگاوە بۆ ئەم فاكتەرانە بگەڕێنرێتەوە:

1- ژینگەیەكی نا ئارام ڕووبەڕوویان بۆتەوەو چەندینجار كەوتوونەتەبەر هەڕەشەی گروپی تیرۆرستی داعش و میلیشیا شیعەكان.

2- هەندێك لە كۆمپانیاكان خۆیان بە نیازی گۆڕینی هەیكەلی كاركردنیانن لەوانە كۆمپانیای (BP) كە بە نیازە لە بواری غاز كار بكات، هەروەها كۆمپانیای (Shell) لە بەرنامەیدایە جەخت لە بواری غاز و پتڕۆكیمیاوی بكاتەوە.

3- ئەو پارەیەی كۆمپانیاكان لە عێراق دەستیان دەكەوێت بە كەمی دەزانن، بۆ نموونە؛ بەپێی وتەی وەزیری نەوت، كۆمپانیای ئەكسۆن مۆبێل ساڵانە 100 ملیۆن دۆلار قازانجی كردووە كە ئەمەش داهاتێكی نزمە. وێڕای ئەمە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە هەندێك جار عێراق نەیدەتوانی پابەندە داراییەكانی وك خۆی جێبەجێ‌ بكات.

4- گەشەسەندنی دەسەڵاتی كۆمپانیا چینییەكان لە عێراق لە چەند كێڵگەیەكی گەورەدا. چین ئەم دۆخەی عێراقی قۆستەوە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەكانی نەوتدا لە عێراق، بۆ نموونە؛ گرێبەستی لە بواری بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی (غرب قرنە) بە دەست هێناوە، هەروەها مۆڵەتی پەرەپێدانی (پاڵاوگەی فاو)ی بە بڕی 7 ملیار دۆلار وەرگرتووە. حاڵی حازر كۆمپانیا چینییەكان بە شێوەیەكی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ لە 15 كێڵگەی نەوتی عێراقدا كاردەكەن، ڕۆژانەش نزیكەی ملیۆنێك بەرمیل نەوتی هەناردەكراوی عێراق دەكڕنەوە. بەڵام حكومەتی عێراق بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەروەك مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پێی باشە كۆمپانیایەكی ئەمریكی جێگەی كۆمپانیای ئەكسۆن مۆبێل بگرێتەوە.

لە دواییدا یا ئەوەتا دەبێت حكومەتی عێراق خۆی پشكی كۆمپانیاكان بكڕێتەوە یا ئەوەتا دەرگا بخاتە سەرپشت بۆ كۆمپانیا چینییەكان كە زیاتر توانای خۆگونجاندنیان هەیە لەگەڵ ژینگە و بارودۆخە سەختەكەی عێراقدا.