سێکوچکەی ناپیرۆزی یەکێتی، پەکەکە و تورکیا

17-09-2021 06:23

نووسینی: رێبوار کەریم وەلی

ھەر لە درووستبوونی یەکێتییەوە لە ١٩٧٦ تا ئێستا، تورکیا قەت پەیوەندییەکی سەقامگیری لەگەڵ یەکێتیدا، نەبووە.

سەرەتای بەریەککەوتنەکە لە ھەککارییەوە دەست پێدەکات کە تورکیا لە رێگەی عەشیرەتە چەکدارەکانی کوردی باکورەوە پاڵپشتیی لە قیادەی موەقەت کرد بۆ قەڵاچۆکردنی ئەو ھێزە مارکسییەی کە بنەکەکەی لە سوریا بوو.

*

ئەو نزیکییەی پارتی لە تورکیا و ھێزە میلیشیاکانی باکور، وایکرد کە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و پەکەکە لە سەرەتای ھەشتاکان سەر نەگرێت و، پەکەکە لە سوریا و بیقاع لە یەکێتی نزیک بێتەوە و بنکەکانی یەکێتی بوونە پەناگەی ھێزە کوردییە مارکسییەکانی تورکیا. بەراددەیەک کە ئەو چەک و تفاقەی یەکێتی لەو رۆژانە لە لیبیا و شوێنی دیکە دەستی دەکەوت، لەگەڵ ئەواندا بەشی دەکرد.

*

دۆستایەتییەکی نزیک و ستراتیژیی رانەگەیەندراو لە نێوان یەکێتی و پەکەکەدا ھاتە ئاراوە کە تا ساڵی ١٩٩٢ درێژەی کێشا.

ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک بۆسەر خواکورک و گوتارە مێژووییەکەی تاڵەبانی لە پەرلەمانی کوردستان و، بەشداریی کارای یەکێتی و پارتی لەلێدانی پەکەکە، کۆتایی سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکانی پەکەکە و یەکێتی بوو.

*

لە ١٩٩١ تاڵەبانی بە ھاوکاریی دۆستە نزیکەکەی جەنگیز چاندار، خۆی لە تورگوت ئۆزاڵ نزیک کردەوە. دیدارە مێژووییەکەی ئۆزاڵ و بەرەی کوردستانی سەرەتای ئەو گۆڕانە بوو کە لە زیھنی تاڵەبانی بەرامبەر بە پەکەکە دروست بوو. یەکێتی لە لایەک بە ھەموو ھێزییەوە شەڕی پەکەکەی کرد لە ١٩٩٢ و لە لایەکی دیکەشەوە تاڵەبانی رۆڵی ناوبژیکاری لە نێوان تورکیا و ئۆجەلاندا بینی، تا مردنی ئۆزال و کۆتایی پڕۆسەکە لە ١٩٩٤.

لەو ساتەوەختانەدا، پەکەکە بە شێوەیەکی جددی ناوچەی ژێر نفوزی یەکێتیی بۆ خۆڕێکخستن بەکار دەھێنا و دەیان بارەگای ئاشکراشیان لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستاندا ھەبوو.

*

سەمرا ئۆزاڵ جارێکیان پێی گوتم ئۆزاڵ بە تاڵەبانیی دەگوت چێرچڵی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زیاتر متمانەی بە بارزانی بوو و دەیگوت راستگۆیە لەگەڵ بەڵێنەکانیدا.

*

رۆڵی ناوبژیکارانەی یەکێتی لە کێشەی کورد لە تورکیا کۆتایی ھات و لە کوردستانیش شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی دەستی پێکرد. ھێزە چەککراوەکەی پەکەکە لە شەڕی خواکورک کە بەسەدان گەریلا بوون لە سەر خواستی یەکێتی لە کەمپی زەڵێ لە سەر سنوری ئێران جێگر کران و حەرەس و قەرەقوڵیان بۆ دانان.

*

گۆڕانی تەرازووی ھێز لە ١٩٩٦ بەلای پارتیدا، پاکتاوکردنی پەکەکە لە ھەولێر و ھاوکاریی بێ قەید و شەرتی پارتی لەگەڵ تورکیا بۆ لێدانی پەکەکە لە قوڵایی ٧٠ تا ٨٠ کیلۆمەتریی خاکی کوردستان کە پێچەوانەی رێککەوتنی ئەمنیی عێراق و تورکیاش بوو، پارتیی لە تورکیا و،پەکەکە و یەکێتیشی کردە ھاوپەیمان. پەکەکە لەو ساتەوەختەدا، لە لایەک بە چەک و پارە ھاوکاریی یەکێتیی دەکرد و لە لای دیکەشەوە لەقوڵایی بادینان ھەڵیدەکوتایە سەر پارتی و بەرەی جەنگی لێ فراوان دەکرد.

*

ئیتر کەمپی زەڵێ چۆڵ ببوو و پەکەکە بۆ لێدان لە شادەماری ھاتوچۆی پارتی بۆ ئێران، لە داوێنی قەندیل و موسەیتەر بەسەر رێگەی ھامڵتۆنجێگیر ببوون. تا ئەیلولی ١٩٩٨ کە رێککەوتنی واشنتۆن ئیمزا کرا، ھاوپەیمانیەتیی پەکەکە و یەکێتی بەرقەرار بوو. دەستگیر کردنی ئۆجەلان لە شوباتی ١٩٩٩، سام و ھەیبەتی پەکەکەی شکاند، بە تایبەتیش کە یەکێتی و پارتی لە دانوستانی ئاشتیدا بوون، ئیتر پەکەکە بۆ یەکێتیھیچ بایەخێکی تاکتیکیشی نەمابوو. سەرباری ئەوەش پەکەکە لە ناوچەی سەوزدا بە سەدان بارەگای سەربازی و سیڤیلی ھەبوو و بەھەزاران گەنجی توڕەی باشور دەستە دەستە پەیوەندییان پێوە دەکردن.

*

تاڵەبانی لە ١٩٩٩ دا، لاپەڕەیەکی نوێی لەگەڵ تورکەکاندا کردەوە. لە بەرامبەر وەرگرتنی دارایی مانگانە شەش ملیۆن دۆلار و سەدان ھەزارتۆن ئازوقەدا، بەڵێنی بە تورکیا دا کە ناوچەکەیان بۆ لە پەکەکە پاک بکاتەوە. ھەم تورکیای رازی دەکرد و ھەم نفوزی پەکەکەی لە زۆنی سەوزدا، قەڵاچۆ دەکرد. سەرەتای سەردەمێکی زێڕین لە نێوان تورکیا و یەکێتی و، یەکەم بەرەوڕووبونەوەی یەک بە یەکی پەکەکە و یەکێتی لەمێژووی دروستبونیانەوە.

*

یەکێتی بەسەر پەکەکەدا، سەرکەوت و توانی لە ناوچەیەکی جوگرافیدا، قوفڵیان بکات، بەڵام ھەڵقەندنی رەگوڕیشەیەی پەکەکە لە قوڵاییسنوری دەسەڵاتی یەکێتیدا، کە لە دوو دەیەدا، درووستی کردبوو،  زەحمەت بوو.

*

بارەگای میت لە سەرچنار و نوێنەرایەتیی یەکێتی لە ئانکارا کرایەوە. یەکێتی ھەوڵی بەدەستھێنانی دڵی بەرەی تورکمانیی دەدا کە دڕودۆنگبوون لە پارتی و، لە کۆیە زەوی بەسەردا دابەش دەکردن! ساڵە ھەنگوینییەکان دەستی پێکردبوو.

*

٤ی تەمموزی ٢٠٠٣ خاڵی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی. لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکادا، ھێزێکی ئەمریکی بەھاوکاریی دژە تیرۆری بافڵ تاڵەبانی ھەڵیانکوتایە سەر بارەگای میت لە سەرچنار. ١١ سەربازی تورک تورگەیان کرایە سەر و بۆ ماوەی ٦٠سەعات دەستبەسەر کران. بە گوتەی تورکەکان تاڵەبانی لە بەغدا زانیاریی ئەوەی دابووە ئەمریکا کە تورک بەتەمان پارێزگاری کەرکوک تیرۆربکەن. کوڕەکەی تاڵەبانیش کە ڤیدیۆی تورەگە لەسەرکردنەکەی گرتبوو، دیمەنەکانی دایە مێدیا. تورک دەھری بوون و سەردەمی زێڕینیپەیوەندییەکان نەک ھەر لەگەڵ یەکێتی(کە قەت چاک نەبۆوەبگرە تاڕاددەیەک لەگەڵ پارتیشدا، کۆتایی پێھێنا چونکە بۆ تورکەکانسەرشۆڕییەک بوو کە قەت نەیانتوانی تۆڵەی بکەنەوە.

*

دوای داگیرکردنی عیراق، پەکەکە ناوی خۆی گۆڕی و لە یەکی تەمموزی ٢٠٠٤ ئاگربەستی یەکلایەنانەی خۆی لەگەڵ تورکیادا، کۆتایی پێھێنا. پارتی ژێر بە ژێر لە ھەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا، بوو و پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەست ھێنا. سەرانی میتعەسکەر ھەر لەو ساڵەدا، چەندین جار لە پیرمام سەردانی بارزانییان کرد و تەنانەت رەزامەندیی خۆیان لەسەر دەستوری داھاتووی عێراق وستاتوی کوردستان بە فیدرالی لەگەڵ عێراق دەربڕی.

*

تاڵەبانی بۆتە سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام ھێشتا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا باش نین، لەگەڵ پەکەکە ئاشتیش نەبووبنەوە، ئاشتییەک لەنێوانیاندا، ھەیە.

*

لە ٢٠٠٧ دیسان تاڵەبانی باسی"پشیلە" دەکات و تورک ئاگریان لێدەبارێ. تورکیا لیستێکی لە سەرانی پارتی و یەکێتی دروستکردووە کەگوایە یارمەتیی پەکەکەیان داوە و داوای رادەستکردنیان دەکات بە تورکیا. لیستەکە ناوی مەسرور بارزانی و کەریم سنجاریشی تێدایە! تاڵەبانی دەڵێ "نەک ئەوانە، بگرە پشیلەیەکی کوردیش رادەستی توکیا ناکەین".

*

دژایەتیی تورکیا لەگەڵ تاڵەبانی لە ھەڵبژاردنەوەی تاڵەبانی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا بە تەواوی دەرکەوت. جەنگیز چاندار گوتی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو لە ناو فڕۆکەدا بووم. لە بەریتانیا دەھاتینەوە. سەروبەندی دانانەوەی تاڵەبانی بوو لە ٢٠١٠. بە مندا پەیامی بۆ تاڵەبانینارد کە خۆی ھەڵنەبژێرێتەوە، گوتی کە وەڵامی نامەکەم وورگرتەوە شۆک بووم؛ قەت تاڵەبانی بەو زمانە تووندە وەڵامی تورکەکانی نەدابۆوە. کارگەیشتە ئەوەی کە تاڵەبانی ئامادە نەبوو لە سەفەرەکانی دەرەوەیدا، بۆ شەوێکیش لە ئیستانبوڵ کە لای ئەو جوانترین شاری دونیا بوو، لابدات.

*

ئیتر قەت پەیوەندییەکان وەکو خۆی لێنەھاتەوە، سەرانی یەکێتی بەشداریی میتینگەکانی ھەدەپەیان دەکرد، تورکیا نوێنەرایەتیی یەکێتیی داخست و لە مەسەلەی سوریاشدا، یەکێتی لەپاڵ یەپەگەوە دژی تورکیا وەستا. یەکێتی لەشەڕی دژی داعشدا، ئەوەندەی مێدیاکەی لەخزمەتی لایەنە نەیارەکانی تورکیادا بوو، ئەوەندە لە خزمەت خۆیدا، نەبوو.

*

کورتبینییە ئەگەر رووداوی ٨ی تەمموزی ئەمساڵ وەکو کودتایەکی خێزانی سەیر بکرێت. بگرە رووداوێکی یەکجار فرەڕەھەندە کە روانگای ھەندێ لایەنەوە، ئەنجامدانی بەشێک بووە لە ستراتیژییەتی ئەمنی قەومیی کوردستان. بەو پێیەی کە ئاراستەی سلێمانی بۆ ھەمیشە رووی لەھەولێر و لەوێشەوە بەرەو تورکیا بڕوانێ. ھەر بۆیە پەکەکە بەو عیلمەوە لەو ھاوکێشەیەدا، بووە تەڕەفێک و سنوری ناوبژیشی بەزاند. کوڕانی تاڵەبانی لە ھەوڵی بێوچاندان بۆ گۆڕینی ئەو قەزاوەتە مێژووییەی تورکەکان لەسەر یەکێتی و بنەماڵەکەیان ھەیەتی. بۆیە لە تەقەللای ھەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەن لەگەڵ تورکیادا.

*

پەکەکە قوڵاییەکی ستراتێژیی لەناوچەی نفوزی یەکێتیدا ھەیە و، وا بە ئاسانیش دەستبەرداری نابێت. بۆیە پەکەکە و یەکێتیی نوێ داخیلی قۆناغێکی دیکەی ململانێ دەبنەوە کە لە جاران جیاوازە. یەکێتی لەم ململانێیە نوێیەدا، بووەتە دوو بەش و یەکانگیر نییە. ئەوەش بۆ پەکەکە دەرفەتێکە کە بتوانێ بە رای گشتیی ناخۆی یەکێتی شەڕی کوڕانی تاڵەبانی بکات. ئەم ململانێیە دەگاتە ئاستی بەرەوڕووبونەوەی چەکدارییان لەو ئاستەدا بەردەوام دەبێ؟ پرسیارێکە کە پەیوەستە بە ھەنگاوەکانی داھاتووی ئەو یەکێتییە نوێیە لەگەڵ پارتی، راددەیەی ھاوکارییان لەگەڵ تورکیا و جۆر و ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا. بۆیە سەرەتای ململانێیەکی قوڵی کوڕانی تاڵەبانییە لەگەڵ کۆمەڵێک ئەتڕافدا کەدەبێ بتوانن ئەو بەڵانسە بپارێزن، دەنا ناوچەکەیان دەبێتە مەیدانی شەڕێکی خوێناوی.