لە مەملەکەتی ستەمکاریدا؛ چیرۆکی مەرگی بێتاوانێک

20-09-2021 07:42

نووسینی: عەلی حەمەساڵح

ئەیاز کەرەم، لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بە شەش ساڵ زیندانی سزا دراوە، ماوەی چواردە ڕۆژە مانی لە خواردن گرتوە،  دۆخی تەندروستی زۆرخراپە..

کاتێک لە زیندانی ئاسایش بوو، وتبووی: چەندین جار بەبێ تاوان گیراوم ئەم جارەش بە زوڵم شەش ساڵ زیندانی کراوم، مردنم پێخۆشترە لەوەی شەش ساڵ بەبێ تاوان لە زیندان بم..

ئەو ئێستا مانی لە خواردن گرتوە بۆ دادپەروەری..

دیمەنی نێو دادگایی کردنی ئەیاز کەرەم..

چەندین کاتژمێر لە دانیشتنی دادگا بوم، گوێم لە دادوەر و نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و داواکاری گشتی و ئەیاز و پارێزەرەکانیش گرت..

بچوکترین بەڵگە لەسەری نەبوو، لە بێتاوانترین دروستکراوەکانی خودا بوو! بەدوای ھیچدا دەگەڕان بۆ ئەوەی لەسەری گەورەی بکەن!

بە بینینی ڕوخساری، شێوازی قسەکردنی، بێتاوانی ئەم کوڕەت دەبینی..

ئەو وتانەی خوێندرایەوە گوایە دانپێدانانی ئەو بووە، وتەکانی چەند شتێکی سەرنج ڕاکێشی تێدا بوو.. لەوانە..

-لە گروپی ماسنجەر بووە لەگەل شیروان شیروانی..

گروپەکەش تایبەت بوو بە کۆکردنەوەی زانیاری و خراپی حکومەت و گەندەڵی..

دوو کارتی کۆڕەکی لەلایەن کەسێکی ترەوە پێدراوە کەسێکی دیکەش بەناوی بەھجەت 200 دۆلاری وەک ھاوکاری بۆ ناردوەتەوە..

ئەیاز، گوتی: بەشێک لەم زانیاریانە ڕەتدەکەمەوە، من لە ھیچ گروپێکی چات نەبوم و ئاڵوگۆڕی زانیاریم نەکردووە و ڕەخنەمان گرتوە لەکەموکورتی حکومەت بەئاشکرا...

ئەو کارتی مۆبایلەش برادەرێک بۆی ناردوم وەک جەژنانە، بەھجەتیش  خزممە و لە ئەوروپاوە 200 دۆلاری پێداوم وەک ھاوکاری..

ئەیاز جەختی لەوە دەکردەوە ئەو لە ھیچ گروپێکی ماسنجەر نەبوە "تەنیا لە فەیسبوک ڕەخنەم گرتوە، من ئەوەندە دڵنیام لەخۆم تەنانەت رەقەم سڕیش لەسەر مۆبایلم نەبوە بردویانە!"

زوڵمێکی ئێجگار گەورە بوو!

بەتۆمەتی سیخوڕی و گروپی چەکداری شەش ساڵ زیندانکرا، کەچی ھیچ بەڵگەی لەسەر نەبوو، دەیان وت: بۆچی ئەو ھاوڕێیەت کارتی کۆڕەکی بۆ ناردوی!

ھیچیان لەسەر ئەیاز نەبو، وەک ئەوەی ڕەخنە تاوانێکی گەورەبێت، داواکاری گشتی دەیپرسی..

مەبەستت چی بوو لەو ڕەخنانە؟

ئەیاز دەیوت: "ڕەخنەمان گرتوە بۆ چاککردنی دۆخی کوردستان، رەخنەکانیشم بە ئاشکرا لە فەیسبوک بڵاوبوەتەوە".

داواکاری گشتی وتی: بەشداری خۆپیشاندانت کردوە؟

ئەیاز، وتی: خۆپیشاندان لە دھۆک نەبوە تاوەکو بەشداربم، بەشداری گردبونەوەم کردوە..

داواکاری گشتی پرسی: مۆڵەتی ھەبوە؟

ئەیاز وتی: وەک بەشداربویەک ڕۆشتم، من ڕێکخەر نەبوم.

جا گردبونەوەش بەیاسا مۆڵەتی ناوێت..

تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی ئەیاز کرا ئەوە بوو، کەسێک نامەی بۆ ناردووە وتویەتی ھێزێکی زۆری ئاسایش بۆ شیلادزێ دەچن؟

ئەمیش لە وەڵامدا وتویەتی : دەستخۆش..

دەیان وت: بۆچی وتوتە: دەستخۆش!!!

ئەیاز وەک ئەوەی دڵنیابێت ھیچ تاوانێکی نیە، وتی: جەنابی دادوەر من یەک گرفتم ھەیە.

پێنج ساڵە جنسیە و کارتی دەنگدانم لێوەرگیراوەتەوە، تکایە مافی دەنگدانم پێنج ساڵە لێوەرگیراوەتەوە..

دادوەر وتی: ئەو بابەتە پەیوەندی بەم دۆسیە نیە...

لەپێش خوێندنەوەی حوکمەکەی، وەک ئەوەی دڵنیابێت ئەمڕۆ ئازاد دەبێت، وتی: کاک عەلی کاتێ تۆ بەرنامەی زمانی ژمارەکانت ھەبوو منیشھاوکاری KNN بوم کێشەی ئەو کارتی دەنگدانەم بۆ حەل بکەن.... وتم: با ئازادبیت خودا گەورەیە...

ئەیاز، بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدرا..

نەتۆمەتەکان و نە بەڵگە و نە شاھید و نە دانپێدانان، نەیان وت: ئەیاز بەشێکە لە گروپی چەکداری یان سیخوڕی بەسەر نیشتیمان... ئەیاز ھەژاریکی دڵسۆزی ئەم نیشتیمانەبوو کە پارەی کارتی مۆبایلی نەبوو، ڕەخنەی دەگرت لە پێناو ژیانێکی باش...

ئێستا ئەو لە بێتاوانیدا دەیەوێت لە زیندان بمرێت و ھەموان بە بێدەنگی لەم شانۆی مەرگە دەڕوانن!!

تێبینی: جگە لە ئەیاز کەرەم کە لە دۆخێکی تەتەندروستی خراپدایە، ئەندازیار فرسەت و گوھدار و شیروان تەھا دۆخی تەندروستیان زۆرخراپە بەھۆی مانگرتنەوە، ژمارەیەکی زۆری زیندانیکراوان مانیان گرتووە..