ڕامان لە هەستانەوەی گۆڕان

18-10-2021 10:19

نووسینی: سەردار عەزیز

بزوتنەوەی گۆڕان توشی شکستێکی گەورەبوو. ئێستا هەموو قسەکان دەربارەی هەستانەوەن. بەڵام ئەم هەستانەوەیە هێندە ئاسان نیە. لێرەدا چەند سەرنجێکی خۆم دەخەمە بەرچاو.

یەکەم، زۆربەی ئەوانەی قسە لە سەر ئەم پرسە دەکەن، لە دیدی دوبارەکردنەوەوە دەیبینن. مەبەستمان لە دووبارەکردنەوە ئەوەیە کە: بزوتنەوەی گۆڕان لە رابوردوودا سەرکەوتووبوە، پاشان توشی هەندێک قەیران و زۆرێک هەڵە بوە، ئەگەر بێتوو هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە، ئەوادەتوانێت بگەڕێتەوە دۆخی جارانی. ئەم پرسی دوبارەکردنەوەی مێژوو، لە ڕوی فیزیکی مێژوییشەوە ئەستەمە. بۆیە گۆڕان دەبێت ئاوڕێک لەڕابوردوو بداتەوە نەک هەوڵبدات دوبارەی بکاتەوە. چونکە لە هەوڵی بۆ گەیشتنەوە بە رابوردوو داهاتوشی لە دەست دەچێت. نە دۆخی سیاسی، نە کۆمەڵایەتی، نە دیموگرافی، نە ئابوری، نە جیوپۆلەتیکی، نە ئاگایی، وەک جارانە و وەک جاران ماوە.

دووەم، گۆڕان لە پاش کاریزما، تەنها یەک چارەسەری هەیە ئەویش خۆی بە دەزگایی بکات و جۆرێک لە هاوپەیمانێتی گروپەکانی پێکبهێنێت. دۆخی ئەوەی کە دوو گروپ یان کەسایەتی ناتوانن لە هەناو جوڵانەوەیەکدا هەڵبکەن، شکستی توانای بە دەزگایی بونە. هێزێک گەر بیەوێت کۆمەڵگایەکی پڕ لە جیاواز ئاراستە بکات، نەتوانێت جیاوازییەکانی هەناو خۆی ڕێک بخات، قەیرانە. زاڵبونی کەلتوری یەکێتی لە ناو گۆڕاندادۆخی پەرتەوازەیی و نەبونی هاوبەشیی و پێکەوەهەڵنەکردن و زۆر خەسڵەتی تری لە گەڵ خۆیدا هێناوە.

سێیەم، گۆڕان گەر بیەوێت هەستێتەوە دەبێت ببێتە ناوەندێک بۆ راکێشانی وزە و تواناکان. لە قۆناغی پاش کاریزمای گۆڕان ئەم بزوتنەوەیە لە بڕی جەختکردنەوە لە توانا زیاتر پەنای بۆ وەلائی ئەندامەکانی برد. وەلائیش بنەمای پەرتبونە. کەلتوری وەلائی دەبێتە هۆی سەرکەوتنی لاواز و بێتواناکان لە بڕی خاوەن تواناکان.

چوارهەم، گۆڕان لە میانەی ململانێی لە گەڵ ئەوانیتردا لە بڕی ئەوەی خۆی ئەوانیتر بگۆڕێت خۆی وەک ئەوانیتری لێهات. ئەم دۆخە ئایا بەرهەمی فشار، بەرژەوەندی، ناچاری یان کەم ئاگایی بوە، دەبێت ببێتە بنەمای فەلسەفەی داهاتوو. ڕەنگە دەنگدەرێکی پارتی بە بنەماڵەییشاگەشگە بێت، بەڵام ئەمە مەرج نیە بۆ دەنگدەرێکی گۆڕان ڕاست بێت.

پێنجەم، گۆران پێویستی بە بیر و ئایدەلۆژیایە، بۆ تۆکمەیی ناوەوە و پەیوەندی دەرەوە. دەبێت دیپلۆماسیەتی بەهێز بکات.