شکستی ناوەڕاستبون، گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری بە نمونە!

22-10-2021 12:56
لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری و بزووتنەوەی گۆڕان

نووسینی: ئارام سەعید

دەستەواژەی چەپ و راست و ناوەراست دوای شۆڕشی فەرەنسی سەریهەڵدا، ئەوکات لە پارلەماندا ئەوانەی لەلای چەپ دانیشتبون ئەوانەبوون کە دەیانویست رژێمی پادشایەتی نەمێنێت و تەنانەت ئاینیش پەیرەو نەکرێت لە سیاسەتدا، ئەوانەی لەلای راست دانیشتبون موحافزکارەکان بون کە پشتگیری پادشایەتی و کاسۆلیک بوون، لەناوەراستیش کۆماریخوازەکان بوون کە میانڕەو بوون هەرچەندە لەگەڵ لابردنی رژێمی پادشایەتی بوون بەڵام لەگەڵ داواکاریە رادیکاڵەکان نەبوون وەک توندوتیژی شۆڕشگێرانەو هەناردەکردنی شۆڕش بۆدەرەوەی فەرەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپا. لەو سەردەمەوە لەجیهاندا دەستەواژەی راستڕەو چەپرەو ناوەراست بەکارهاتوە.

ساڵانێکی زۆرە حزبەکانی ناوەراست براوەن، ئەمجۆرە لەبیرکردنەوە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لەلای پارتی کرێکارانی بەریتانیا هەبوو کاتێک لە هەڵبژاردنی گشتی  ١٩٩٧ دا تۆنی بلێر سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، دواتریش لە ئەمریکا دیموکراتەکان کە پێیان دەوترا دیموکراتە نوێکان توانیان بیل کلینتۆن و دواتریش ئۆباما سەربخەن، بەڵام لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردودا ئەوبیرکردنەوە سیاسیە بەرەو پاشەکشێی گەورەتر رۆیشت و ناوراست بوون بەرەو گیانەڵلا دەروات کە لە هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا و ئەمریکا رەنگی دایەوە، بە نمونە گۆردن براون سەرۆکی پارتی کریکاران و سەرەک وەزیری پێشوتر لەبەرامبەر دەیڤید کامیرۆنی پارتی پارێزگاران شکستی هێنا لەئەمریکاش دۆناڵد ترەمپ سەرکەوت. ئێستاش یەکێک لەو رەخنانەی لەسەر جۆ بایدن هەیە ئەوەیە کە ئەگەر لەناوەراست بمێنێتەوە ئەوا دوورنیە هەڵبژاردنی ئایندە ترەمپ نەبێتەوە بە سەرۆک.

ناوەراستبوون لە سیاسەتدا تێروانینێکە یان هەڵوێستێک کەتیایدا پشتگیری لەهاوسەنگی ئاستێک لەیەکسانی کۆمەڵایەتی دەکات وبەرەنگاری ئەو گۆرانکاریە سیاسیانە دەبێتەوە کە رەنگە کۆمەڵگە بگۆڕن کە هێزی چەپڕەوەکان یان راستڕەوەکان دەیانەوێت بیکەن.

لەماوەی چەند ساڵی رابردودا سیاسەتکردن لەجیهاندا مەیلێکی نوێ تیایدا سەریهەڵدا کەئەویش پاشەکشێی سیاسەتی ناوەراست بوون بوو"Centrist " "الوسطیە" . لەسیاسەتدا ناوەراستەکان ئەوانەن کە زیاتر مەیلیان بۆ ئەوەیە بەدووربن لە توندڕەویی و هەڵوێستیان هەمیشە نێوەندگیرە. هەوڵ دەدەن لەنێوان راستڕەو و چەپڕەوەکان زەمینەیەک دروست بکەن بۆ کارکردن.

لەم هەڵبژاردنەی عیراقدا دەرئەنجامەکان پێی وتین سەرەرای کەمکردنی دەنگەکانی پارتی و یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری لە قەیرانی گەورەدان و ژمارەی دەنگدەرانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە کە بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە خەڵک یان رەش یان سپی دەوێتو سەردەمی خۆڵەمێشی بەسەرچوە. کەواتە وێنەکە بەمجۆرەیە ژمارەیەکی زۆری خەڵک هەر بروای بە پرۆسەکە نەبوە و بایکۆتیان کردوە، ئەوانەشی بروایان بە پرۆسەکە هەبوە و بروایان بە پارتەسیاسیەکان نەبوە دەنگەکانیان سوتاندوە، پاشان رێژەیەک ماوەتەوە بۆ پارتە سیاسیەکانی دەسەڵات و دواتر ئەوەی لەناوەراست نەبوو لەماوەی رابردوو نەوەی نوێ و یەکگرتوو بون کە کورسی پێویستیان هێناو گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری لەبەرئەوەی لەناوەراستدا بوون و هەم لە دەسەڵات و هەم ئۆپۆزیسیۆن بوون و کەوتنە بازنەی خۆڵەمێشیەکانەوە بۆیە دەنگەکانیان کەمی کردو نەیانتوانی ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنن کە خوازیاربوون.

ئەم دوو هێزە هەمیشە لەناوەراستدا بوون و هەڵوێستی رادیکاڵی و توندیان نەبوە بەرامبەر سیاسەتەکانی حکومەت یان نەچونەتە پاڵ حکومەتو لەگەڵ پارتی و یەکێتی خۆیان یەکلایی بکەنەوە وەک دەسەڵات هەلسوکەوت بکەن، هەمیشە لە ناوەراستدا بوون هەم لە حکومەت بوون و هەم ئۆپۆزیسیۆنیش بوون، دەرئەنجام ئەو سیاسەتکردنە زیانی پێگەیاندن چونکە ئەو مەیلە لەجیهاندا روو لە شکستە و کوردستانیش دابڕاو نیە لەجیهان. سیاسەتی ناوەراست یان ئەو حزبانەی پەیرەوی ئەم سیاسەتەیان کردوە کارو وزەی خۆیان داوە بە کارکردن لەنێوان دوو ئایدۆلۆژیای دژبەیەک، یان دوو هێز کە تێروانینی جیاوازیان هەیە و ئەمان ویستویانە میانڕەوی خۆیان نیشان بدەن لەسەردەمێکدا کە هاوڵاتی رەنگی رەش یان سپی دەوێت و رەنگی خۆڵەمێشی بۆیان گرنگ نیە.