بەشە پزیشكییەكانی زانكۆ لە نێوان هێزی كۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی ناتەندروستدا

31-10-2021 09:23

نووسینی: د. ئەڤین فەتاح حاجی مام

ئەمڕۆ نەك تەنها كۆلێژی پزیشكی گشتی، بگرە هەموو بەشە پزیشكییەكان بە پەیمانگەكانیشەوە بوونەتە بابەتێك كە خەڵكێكی زۆر پێوەی سەرقاڵ بووەو زۆرینەی كۆمەڵگەش خواستیان لەسەریەتی، تەنانەت كاتی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی ۱۲ی ئامادەیی ڕاكێش ڕاكێشە بۆ ئەوەی قوتابی تێدا وەربگیرێت. هۆكارەكانیش دەگەڕێتەوە بۆ نادروستیی لەسەر تێگەیشتن لەم بەش و پسپۆڕییانە.

هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بوون بە خاوەن هێز، یان بەلایەنی كەمەوە بەناوبانگبوونی كۆمەڵایەتی، لەم كۆمەڵگەیە هەمووان خەریكی نمایشن، خەریكی بەدەستهێنانی ناوبانگن، لێرە ژیان دەكرێت بۆ بوون بە خاوەن دەسەڵات، جا چ بوون بە دكتۆر بێت یان پەرلەمانتار، وەك دوو توێژی كۆمەڵگە كە وێنە گشتییەكە وا دەخوێنرێتەوە، ئەم دووانە تێرو پڕترین توێژی كۆمەڵگە بن. بۆ تێگەشتنی باشتر لەم دۆخە هەوڵ ئەدەم لێرەدا چەند هۆكارێك بخەمەڕوو.

١- كورد هەر لەسەرەتاوە حەزی لەوە بووە كە یەكێك ڕێنیشاندەری بێت، و گوێڕایەڵی كەسێكی تر بێت، و مێشكی لە لایەن كەسێكی تر حوكمی لەسەر بدرێت وەك ئاغا و دەرەبەگەكان لە ڕابردوودا، ئێستاش بە هەمان شێوە، هەمان شت ڕەنگی داوەتەوە لە پەیمانگە و زانكۆكان، بەشە پزیشكییەكان ئێستا حوكم دەدەن وەك ئاغاكان لەسەر بەشە ئەندازیارییەكان و مرۆڤایەتییەكان.

٢- مامۆستایان هۆكاری سەرەكیی ئەم دۆخەن، ئەوان وایان كرد، ئێمەی قوتابی پیشەی دكتۆریمان خۆش بوێت، ئەوان هۆكارێك بوون گشتمان یەك ئاڕاستە بیربكەینەوە، كاتی تاقیكردنەوەیەك باش وەڵاممان بدایەتەوە، لەسەر وەرەقەكەمان دەیاننوسی "ئافەرین هەر بژیت دكتۆری زیرەك"، ئەوان لەسەردەمێك وایان وت كە دكتۆر حكیم بوون بۆ ساڕێژكردنی زام و برینی كۆمەڵگە، ڕێزیان لێگیراو چارەسەركار بوون نەك وەك ئێستا بەداخەوە.

۳- حكومەت هۆكارێكی ترە بۆ ئەم بارە نەخوازراوە، گەر حكومەت بێت لە جیاتی پزیشك مامۆستای سەرەتایی و دەرونناسی و كۆمەڵناسی دابمەزرێنێت، بێت هەرچی ئەندازیاری بەنداوە بیهێنێت بە پێی پلان ئیشیان لەگەڵ بكات، بێت ئەو هەموو كشتوكاڵە بخاتە خزمەت دەرچووانی ئەم بەشانەوە، كوردستان شوێنێكی جوگرافی گرنگە بۆ گەشت و گوزار ‌و دروستكردنی ستافی پسپۆڕ و تایبەت بەم بوارە زۆر لەوە گرنگترە كە بەشە پزیشكییەكان بەرهەم بێنین.

٤- كەمی ڕێژەی دەرچووانی پزیشكی بە بەراورد بە دەرچووانی پسپۆڕیی تر كە ئەمەش بۆشاییەكی فراوانی دروست كردووە، دەرچووانی پزیشكی زیاتر دەرفەتی كاریان هەیە بۆیە بونەتە جێگای باس و داواكاری ئەم بەشانە زیاتر بووە.
٥- نوێخوازیی لەم بەشە پزیشكیانە زۆرە، وەك كرانەوەی بەشی جوانكاری و سەنتەر كە ئەمەش بوە دەرفەتێكی زیاتر بۆ دامەزراندنی ستافی پزیشكی.

٦- فیكرەی خواستی بازاڕ، زیانێكی گەورەی دا لە دەرفەتی كار بۆ پسپۆڕانی تر بۆیەش قوتابی پێش ئەوەی دەست بە خوێندن بكات، بیر لەوە دەكاتەوە كامە كار هەلی كاری زیاترە.

لە كۆتاییدا، ئەم بەشە پزیشكییانە زۆر گرنگە بەپێی پێویست فراوان بكرێن لە گشت پسپۆڕییەكان، كاتی ئەوەش هاتووە وەزارەتی پەیوەندیدار پێناسەیەكی وەزیفی بۆ دەرچووانیان بكات، بەڵام نابێت گرنگی پسپۆڕانی وەك پەروەردكاران، ژمێریاران، كارگێڕان، ئەندازیاران لەبیر بكرێت، پێویستە چاو بخشێندرێتەوە لەسەر دروستكردنی هەلی كار بۆیان نەك دروستكردنی كادیر بۆ بازاڕ.