دەسكە گوڵەكەتان بەئاودا دا

04-11-2021 01:04

نووسینی: ڕێبوار كەریم وەلی

دامەزراندنی حزب یان بەرەیەكی نوێ لە دەرەوەی یەكێتی لە لایەن لاھور شێخ جەنگییەوە(ئەگەر بیەوێ سیاسەت بكات)موسەللەمە. چونكە ڕێگەی دیكەی لەبەردەمدا نەماوە. ئەللاھوممە ئەگەر ئیشێكی باشتری دەستكەوتبێت ئەوەیان شتێكی دیكەیە.

*
كوڕەكانی تاڵەبانی بەم ئیعدامە سیاسییانەی دەستیان پێكردووە و پێدەچێ لەسەریشی بەردەوام بن، بە حیسابی خۆیان لەسەرێكەوە پەرێزی خۆیان پاك دەكەنەوە، لەسەرێكی دیكەشەوە، ڕێگە بۆ گرتن و دەرپەڕاندنی نەیارانیان خۆش دەكەن. بەڵام لە ڕاستیدا، كەمەرشكێنترین گورزیان لە میراتەكەی بابو باپیریان داوە.

*
تازە سەقامگیریی سلێمانی و باسكردن لە ئارامیی مەحاڵە. چونكە حزبەكەی جیكڵ و فیكڵ لەبەردەم چەندین تەحەددای گەورەتر لە خۆیدایە. نەوەی نوێ تەپڵی پێ لێداون، لاھور لەگەڵ گۆڕانە ڕاستەقینەكان بەرەیەكی فراوانیان لێدەكاتەوە و، پارتیش بێ خاوەنەكان بۆ خۆی دەبات. ئینجا دەمێنێتەوە خۆم و خۆت و دادە! ھا میوانی ناوەختی وەكو پەكەكەش جار جارە لە دەرگا دەدات.

*
ھەڵبژاردنی داھاتووی كوردستان، یەكێتی نیشتمانیش وەكو زۆر حزبی دیكەی وەكو گۆڕان لە مێژووی سیاسیی كورد دەسڕێتەوە و دەبێ بە حزبی(قەنەفە). دوو كوڕەكانی تاڵەبانی دەسكە گوڵەكەی باوكیان بە ئاودادا و ئاویش بردی.

*
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە ئەمجارە زۆنی سەوز و نیلیی كۆن، خاوەنی نوێی بۆ پەیدا دەبن و نفوزی ئەو بەرەیەش لەو زۆنەدا قەتیس ناكرێ، چونكە خاوەنداریەتیی زۆنەكە بۆ نەیارانی كوڕانی تاڵەبانی بە ھەر نرخێك بێت یەكلا دەبێتەوە و پێویستیان بەوە دەبێ كە لە دەرەوەی گۆڕەپانی خۆیان پارتی بخەنە ژێر گوشارەوە. ڕێك ئەوەی نەوشیروان مستەفا پێی نەكرا.