لاهور شێخ جەنگی چی بکات؟!

05-11-2021 12:12

نووسینی: هاوکار عزەت

نزیکەی چوار مانگی تەواوە یەکێتی لە دۆخێکی تەواو ئاڵۆز و پڕ کێشەدا گوزەر دەکات، چەندین هەڵبەز و دابەز لەنێو ئەو حزبە ڕویانداوە، من بەو حوکمەی هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان یەکێتی نەبووم، ڕەنگە مافی ئەوەم نەبوبێت و ئێستاش ئەو مافەم نەبێت باس لە کێشەی ناوخۆیی ئەوحزبە بکەم، چونکە یەکێتی هێندەی کادر و هەوادار و ئەندام هەیە شرۆڤەیەکی دروست بۆ دۆخی ناوخۆیی حزبەکەیان بکەن و دەست بخەنەسەر برینەکان، بۆیە پێم وابوە قسەکردنی من و هاوشێوەکانم هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.

بەڵام ئێستا دۆخێکی نوێ لە نێو حزبەکە هاتۆتە پێش و یەکێک لە هاوسەرۆکانی ئەو حزبە بە بڕیاری هاوسەرۆکەکەی تر (کە دەوترێت پاڵپشتە بە دەستکراوەیی ئەو لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتیەوە) لە حزبەکە دورخراوەتەوەو  مافی ئەندامبوونی لە یەکێتی لێ سەندراوەتەوە.

هەر لە سەرەتای بڕیارەکەوە شرۆڤەی جۆراو جۆر و بۆچوونی جیاواز لەسەر بژاردەکانی بەردەم لاهور شێخ جەنگی کەوتنە بەرباسی کەسە نزیکەکان و چاودێران و تا رادەیەک دژبەرەکانیشی، ئاخۆ ئەو کام لەو بژاردانەی لە بەردەمیەتی دەیکاتە دڵخوازی خۆی و کەسە نزیکەکانی کە ئێستا ژمارەیان هێندە کەم بوەتەوە ڕەنگە زەحمەت بێت بتوانێت بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەوان ئەنجامێکی باشی چنگ بکەوێت!

دوای نزیکەی 24 کاتژمێر لە بڕیارەکەی باڤڵ تاڵەبانی، لاهور جەنگی لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی بریارەکانی رەتکردۆتەوە و وتویەتی دەسەڵاتەکانم کە پێشتر رادەستی هاوسەرۆک باڤڵ تاڵەبانیم کردبوو وەری دەگرمەوە، لەگەڵ ئەوەش باس لە پاراستنو قوتارکردنی یەکێتی دەکات لەو دۆخە نەخوازراوەی تێی کەوتوە، ڕەنگە کاتەکە زۆر درەنگ بێت بۆ وەها پەیامێک و دوای ئەوەی لە چوارمانگی ڕابردوودا چەند جارێک پەیامی هاوشێوەی ئاراستەی یەکێتی کرد و گوێی لێ نەگیرا نەدەبوو ئێستا و دوای بریاری دور خستنەوەی لەحزبەکەی پەیامێکی لەو چەشنەی هەبێت، چونکە تازە واقیعەکە دروستبوەو نە یەکێتی ئێستا گوێ لەو دەگرێت بۆ باشکردنەوەی دۆخیحزبەکەو نە ئەنجومەنی سەرکردایەتیش ئەو دەسەڵاتەیان هەیە کە دەسەڵاتەکانی بدەنەوە یان ڕازی بن لەسەر وەرگرتنەوەی، چونکە ئەو ئێستانەک هاوسەرۆک، ئەندامی حزبەکەشی نییە(باس لە ڕەوایەتی و ناڕەوایی بریارەکە نییە هێندەی باسکردنە لە ئەمری واقیع، لەوانەیە دۆخی حزبەکە ھێندە ئالۆز بێت و پاشەکشە بکات رۆژێک داوای لێ بکەن بگەرێتەوە).

هەمووان دەڵێن ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپان و قاچی لاهور شێخ جەنگیدایە، بەڵام ئەو هێشتا لە گۆڕەپانەکەی یەکێتیدا بیردەکاتەوە و لە خەمی ئەوەدایە چۆن بە یەکێتیی بمێنێتەوە، "ڕەنگە ئەمە ئەو خەمە بێت کە لای ئەو هەیەو ئەوانیتر گوێی پێنادەن کە ئایندەی حزبەکەیە".

هەرچۆن بێت چوار مانگە لاهور جەنگی لە چوارچێوەی یەکێتیدا بیری کردۆتەوە و رەنگە نەیتوانیبێت لە دەرەوەی یەکێتی بیر بکاتەوەو وابخاتە مێشکییەوە کە ئەگەر ڕۆژێک لە یەکێتیدا نەما چی بکات؟ ئەمە قورسترین پرسیاری بەردەم لاهور شێخ جەنگی و هاورێکانیەتی لەئێستاداو ڕەنگە هەر لەبەرئەو قورسیەش نەیانتوانیبێت لەماوەی چوار مانگدا بریارێکی لەو شێوەیە بدەن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن. (رەنگە کردبێتیشیان و بە نهێنی و لە بازنەیەکی بچوکدا هێشتبێتیانەوە بۆ ئەوەی دزە نەکات و دەستەکەیان کەشف بێت).

ئێستا لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەمری واقیعەدا بکەن کە هاتۆتە پێش و خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ژینگەو کەشە سیاسیە نوێکەو زۆر بە وردی بیر لە بژاردەکانی بەردەمیان بکەنەوەو باشترینەکەیان هەڵبژێرن، ئایا بە بێدەنگی دادەنیشن و هەریەکەو بەلایەکدا بڵاوەی لێدەکات یان حزبێکی نوێ دروستدەکەن وەک دەوترێت؟ دەتوانن بەشێکی زۆری کادر و ئەندام و بەرپرسانی حزبی و حکومی یەکێتی کۆبکەنەوەو پرۆژەیەکی سیاسی نوێ رابگەیەنن؟ من ئەمە بە ئەستەم دەزانم و دەبێت ئاگاداری ئەوەبێت کە ئەو ئێستا هاوسەرۆک نەماوەو ئەوانەی لە کاتی هاوسەرۆکیدا لەگەڵی بوون و ئیمتیاز و پارەو کۆمپانیاو پۆستی بۆ هەڵڕشتبوون ئێستا لای ئەم ئەوانە نەماوەو لەلایەنی بەرامبەرەوە هەیە، دەی نالۆژیکییە وا بیر بکرێتەوە ئەوان واز لەو هەموو ئیمتیاز و پۆست و پلەیە بهێنن و لەگەڵ لاھور جەنگیدا بن کە نەزانن چ داهاتویەکیان دەبێت، بۆیە دەبێت لە ئێستاوە لاهور شێخ جەنگی ئەو خەیاڵە لای خۆی بسرێتەوە کە دەتوانێت هەموو ئەوانە کۆبکاتەوە کە پێشتر لەگەڵی بوون.

یەکێکی تر لە بژاردەکانی بەردەم لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی ئەوەیە هێندە پەیوەندی و بەرژەوەندی لەگەڵ هێزە ناوخۆیی و هەرێمیەکاندا دروست بکات کە لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا خاوەندارێتی یەکێتی ڕابگەیەنن و ببنە خاوەنی حزبەکەو هاوکێشەکە پێچەوانە بکەنەوە، ئەمە ئەستەم ترین بژاردەی بەردەمیان دەبێت.

رەنگە باشترین بژاردە بۆ لاهور شێخ جەنگی لە ئەگەری بونی حەزی کاری سیاسیدا لە هەرێم، کۆکردنەوەی هەندێک لە هاورێکانی بێت دور لە بیرکردنەوە لە یەکێتی لە ئێستادا، خۆیان کۆ بکەنەوەو لەو وەهمە دور بکەونەوە کە لە نێو یەکێتیدا دەسەلاتداری رەهابوون، دابنیشن و لەماوەی چەند مانگێکدا و بە شێنەیی و بە راوێژ لەگەڵ چاودێران و شارەزایانی سیاسی لە هەرێم و ناوچەکە دەست بدەنە پرۆژەیەکی سیاسیی مۆدێرنی دوور لە کاردانەوە، پرۆژەیەک کە دامەزراوەیەکی رۆشنبیری، سیاسی، میدیایی لەخۆ بگرێت، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم خۆیان رێک بخەن و هەرچییان کردوە چەند کورسیەک مسۆگەر بکەن و ناویان بمێنێتەوە و بۆ چوار ساڵی داهاتوو پرۆژەکە فراوانتر بکەن، بەڵام دەبێت لە ئێستاوە بزانن ئەو شێوازی کارەی لە نێو یەکێتیدا جێبەجێیان کردوە دەیانگەیەنێتە هەمان ئەنجام، دەبێت نیەتی کارێکی مۆدێرنی دور لەو فۆرمە سیاسیە بهێنن کە حزبەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات لە هەرێم پەیرەوی دەکەن، دەبێت خۆیان وەک پشتیوانی پرۆژەکە بمێننەوە نەک بریاردەری رەھا و واجیھەی کارەکان کە ئەم فۆرمە کارکردنە دوورە لە سروشتی لاھور جەنگییەوە، بەڵام ئەگەر دەیەوێت بمێنێتەوە دەبێت ئەو گۆرانکاریانە لە خۆیدا بکات، ئەم بژاردەیە بۆ لاهور شێخ جەنگی هیچ زەحمەت نییە و بە سانایی دەکرێت، بەڵام گرنگە وەک وتمان ئیدی لەم قۆناغەدا واز لە یەکێتی بوون بهێنێت و خۆی رێک بخاتەوەو بەهێزەوە بێتەوە گۆرەپانەکە و ئەوکات رەنگە بۆی ئاسانتر بێت بە جۆرێکی تر مامەڵەی سیاسی لەگەڵ یەکێتیدا بکات و نمونەی لەو شێوەیەش لە مێژووی دور و نزیکدا زۆرن، بەڵام دەبێت یەکێتیش بزانێت دەبێت دڵنیایی و گەرەنتیەکی تەواوی پێ بدرێت و نابێت ڕێگری و لەمپەر دروست بکرێت لەبەردەم سەرپێخستنی پرۆژەیەکی سیاسیدا لەلایەن لاھور جەنگی و ھەوادارو ھاورێکانیەوە، چونکە لەوانەیە کاردانەوەی لێ بکەوێتەوەو بیر لە ڕێگای تر بکاتەوە کە دۆخەکە بەرەو خراپتر بەرێت.