كوردستان دڵی گیراوە!

09-11-2021 03:55
كۆچبەرانی كورد لەسەر سنووری بێلاڕووسیاو پۆڵەندا

نووسینی: د. موئمین زەڵمی 

خەم دەبارێ دەڵێی نێرگزەجاڕ وشك بووە، دەڵێی كانی كوێربووەتەوە، ئەمڕۆ ڕۆژگیران و مانگیران، ئەمڕۆ دڵگیرانی كوردستانە، هەر دایكە و دەریایەك فرمێسكی ڕشتووە، هەر باوكە و ئاسمانێك داخی هەڵكێشاوە، خوشكە و نتقی لێ بڕاوە و چاوی لەسەر مۆبایلەكەیەتی كەی كاكەی ڤۆیسێكی بۆ بنێرێ، كەی دڵی بداتەوە.

هەمووان خەمبارن، ئەمساڵ باران درەنگ كەوت، سەرما لە سنورێكیتری گیرسایەوە، بەفر سەری وڵاتێكیتری سپی كرد، كەچی بۆ ئێمە خەم باری، خەم تەڕی كردین، خەم سەری سپی كردین، ئەمساڵ لێرە، بەشی سێ دەیە، بەشی جەولەیەكی دورودرێژی پێشمەرگە، بەشی حوكمی زیندانی تەنزیمییەكی شار، هەناسەمان سوار بوو، نەفرەت لە قوڕگمانا وشك و خوێن لە چاومانا قەتیسما.

لەوەتەی هەین، هەر خەم و هەر داخ و هەر خەفەت، مشێكیتری لە سوێراوی فرمێسكی ڕوومەتمان ئەدەین، پەڕۆیەك و كلێنسێك و ماسكێك و هیچ بەشی ئەم سوێراوە ناكات، سەرمان كزكردووە و پاڵمان داوە بە دیوارێكەوە، لە دیواری ڕازونیازی كەعبە ئەچێ بێ تاقەبەردێكی ڕەش، ئاخر لێرە، لە دیواری هەر ماڵێكی ئێمەیا دەیان بەرد، بە ڕازونیازی، بە ئاهونزولەی، بە خەم و خەفەتی دایك و باوكە بێنازەكان ڕەش داگیرساون، دیوار ڕەش و ماڵ ڕەش و دەوار ڕەش و دڵ ڕەش ڕەش ئەچێتەوە.

خۆمان بووین وتمان یان كوردستان یان نەمان، خۆمان بووین نوسیمان، داری ئازادی بە خوێن ئاو ئەدرێ، سی ڕستەی درێژمان نوسی و سی ساڵە هەر داڕشتنێكی تاڵ بۆ مامۆستای كوردی دەخوێنینەوە، ئەویش هەموو جارێ هەر دە-مان بۆ دائەنێ، من بیرم دێ، كە یەكەم داڕشتنم لەسەر كۆستی كوردان، لەسەر ئەنفال و كیمیاباران لەسەر زیندەبەچاڵكردنی باوكم، لەسەر كۆڕەوی ملیۆنیی لە دەستی بەعس بۆ مامۆستاكەم دەخوێندەوە، سەری دەخستەسەر مێزەكەو تێر دەگریا، دواییش ئاخێكی هەڵدەكێشا و دەیوت شەرم دەكەم بڵێم داڕشتنەكە خراپە، ئاخر دەوڵەت خراپ و ڕۆژگار خراپ و هەموو شتێكی خراپ، چ شتێكی ئێوە جوانە تا داڕشتنەكەتان جوان بێ.

سی ساڵی ڕەبەق، سی دەیە چاوەڕوانی، سی سەدە خەفەت، ڕەنگە سی هەزار ساڵیش بێ، كورد هەر كورد و خەم هەر خەمە، لەوەتەی هەین، گیانمان داگیراوە بە خەفەت، چاومان تەڕایی لێ نابڕێ و هەناسەمان لەم سوارییە تێرنابێ، لە ماراسۆنی میللەتانا هەناسەی ئێمە سوارترینە، لە ئۆڵۆمپیادی جیهانا ناوچاوی ئێمە هەر ڕەشە، لە مۆندیاڵی دنیایا، گۆڵی ئێمە هەمیشەكراوەیە و دڵی كەسی لێ ناشكێ، جیهان پاشقوڵمان لێدەگرێ، ڕەشەبا مەشخەڵی ئێمە دەكوژێنێتەوە و خۆشمان هەموو گۆڵەكان لە خۆمان دەكەینەوە.

من ماندووم، ڕەنگە تۆش، ڕەنگە ئەویش، دەی هەموومان دڵتەنگین، خەم میوانمانە، سفرەی ئێوارەمان هەر خەم و شەوچەرەی شەومان هەر خەمە، كێ دڵی دێ دراوسێكەی خەمگین بێ و ئەم دووكەڵی خۆشیی لە ماڵییەوە بچێ بە حەوایا، كێ دڵی دێ، خزمەكەی قرچەی دڵی بێ و ئەمیش قاقای دڵخۆشی بپژێنێ بە كۆڵانا، ئەمشەو داڕشتنێكیتر دەنوسین، خۆمان نا، بۆ مناڵەكانمان، پاش سی ساڵ پێیان دەخوێنینەوە: كوردەكان وڵاتیان نەبوو، هەموو وڵاتانی جیهان، لە نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبوونەوە و بڕیاریاندا، هەر وڵاتە و بەشێك بدا، لە بودجەی ئەمساڵی خۆیانا ڕێكخستێكی نوێ بكەن، میزانیە زیاتر بكەن، پڕۆژەیەكی زەبەلاح ڕاگەیەنن، تا بەشی میللەتی كورد خەم بنێرن، هێندە زۆر بێ بەشی هەموو ماڵێك بكا!