نووسینی: ڕێبوار كەریم وەلی
پێموایە ئەگەر ئەمڕۆ ببینە دەوڵەت و كەس مانیع نەبێ، دوای پەنجا ساڵی دیكە ڕەنگبێ بگەینە ئاستی وڵاتێكی وەكو كۆسۆڤۆو بێلاڕووس یان سلۆڤێنیا. بیست سی ساڵێك شەڕی ناوخۆ دەكەین، كودەتا دەكرێ، خۆپێشاندەر دەكوژرێ، ئابڵوقەمان دەخرێتە سەر و ھتد!
*
دنیا لە چ قۆناغێكدایە خوا دەزانێ! تا دە پانزدە ساڵی دیكە بەنزین و سوتەمەنیی كلاسیك لە بەشێكی زۆری دنیا دەچێتە مێژووەوە و ڕەنگبێ ھێشتا مرۆڤی كورد لەسەرەی بەنزین بێت، خەڵك بیتاقەی مەریخی بڕیوە و ھێشتا مرۆڤی ئێمە بەدوای ڤیزای ئەوروپا یان كڕینی پاسپۆرتی دۆمێنیكایە! مۆڵەتی شۆفێری نەماوە و عەقڵی دەستكرد سەیارە و فڕۆكە شەخسییەكان لێدەخوڕن و مرۆڤی ئێمەش خەریكی واستەیە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری. ڕۆبۆتەكان دەبنە ھێزی پارێزەری وڵات و ھێشتا لە دەوڵەتی ئێمە پۆلیس و سەربازی بندیوار ماوە...
*
تەسەوركردنی پەنجا ساڵی داھاتووی كورد زۆر ئاسانە، پەنجا ساڵ پێش ئێستا چۆن بووە، پەنجای دیكەش ھەروا دەبێ. ھیچ موعجیزەیەك ڕوو نادات. موسایەكیشمان لێ پەیدا نابێ، وەك جولەكە گاڵمان بدات بۆ سەرزەمینێكی دیكە.
*
ئەوەی ئەمڕۆ وایكردووە بە ھەزاران گەنج و پیری كورد ڕێی ھات و نەھات بگرێتەبەر، نیشانەی ئەوەیە كە ئیتر درۆ گەورەكە ئاشكرا بووە. یەك سەدە زیاترە كە بە ناوی شۆڕش و خەباتی نەتەوەییەوە، زومرەیەك فانتازیایەكی جەماعییان بۆ میللەت دروست كرد و دواییش ھەر خۆیان جیماعیان لەگەڵ كرد.
*
نە دەوڵەتتان پێ دروست كرا و نە ھێشتتان لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا بژین.
*
دوای ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧، ئەوەی پێیدەگوترا خەباتی نەتەوەیی گەیشتە دوا وێستگە یان دەبوو ببینە دەوڵەت یان دەبوو واز لە دەوڵەت بێنین. كورت و موختەسەر دەوڵەتمان پێ دروست نەكرا و بڕایەوە. ئەی ئێستا چی دەكەین؟ بە دوای چیدا دەگەڕێین؟ عێراق پارچە پارچە دەبێ؟ نەخێر ئەگەر عێراق لە ٢٠٠٣ پارچە پارچە نەبوو، تازە نابێ. كەواتا میللەتێك و خەونەكانی لە ڕەھنی ئەوەدان كە ھەندێك لە ھاوزمانەكانی خۆیان بە سەرابێكی دیكەوە حوكمیان بكەن. چۆن دەیكەین موھیم نییە، موھیم ئەوەیە ئەوان میللەتیان لە زوڵم و ستەمی داگیركەر ڕزگار كردووە!!!
*
كۆتایی ئەم نەھامەتییەی ئێستا ئەوەیە كە كورد دوای ڕیفراندۆم بەخۆ ھاتبێتەوە و مەستی و نەشئەی ئەفیۆنی ناسیۆنالیزم بەری دابێت. لانیكەمی ئەوەی كە ھەیە ئەوەیە كە ئێمە ھەموومان ھاووڵاتیی عێراقین و كەسیش ناتوانێ ئینكاریی ئەوە بكات. بۆ ناچین دەست بەسەر بەغدادا بگرین؟ ئازەرییەكانی ئێران لە دوای ڕوخانی كۆماری ئازەربایجان و مھابادەوە وازیان لە ململانێی نەتەوەیی لەگەڵ فارس ھێنا و لە جیاتی ئەوەی بۆ حوكمی سێ چوار پارێزگا ھەوڵ بدەن، دەستیان بەسەر تاران و ھەموو ئێراندا گرت. ئەمڕۆ حوكم و سەرمایەی ئێران لە دەست توركی ئازەرییە و، تەنانەت لە مەسەلەی ئازەربایجان و ئەرمینیادا، پشتیوانیی ئەرمەنەكان دەكەن نەك ئازەرییەكان! كوردەكەش دڵی خۆشە كە گوگڵ زمانی كوردیی شێوەزاری سۆرانی! یشی بۆ وەرگێڕان زیاد كردووە.!!!
*
ھەڵبژاردنی ئەم دواییە نیشانی دا كە حزبەكانی كوردستان تێكڕای مەنزوومەی دنیابینی و حوكمڕانییان بەناوی ناسیۆنالیزمەوە، تووشی شێرپەنجە بووە و بە پارتیشەوە یەك لە دوای یەك دەمرن. بۆیە وەك ھەموو ئایدۆلۆژیایەكی دیكە ناسیۆنالیزمیش دەمرێ.
*
لەم دنیا پێشكەوتووەدا، ئیتر شەڕی ناسنامە شەڕی خۆتڕێنە. بە كڵاشینكۆف شەڕی درۆن ناكرێ، بە دۆشكەش موشەكی بالیستیكی ناخرێتە خوارەوە. ئەوە لەوە بگەڕێ ئەگەر شەڕی ناوەكی دەست پێبكات، كونە مشكمان لێدەبێتە قەیسەری!
*
كاری بەپەلە ئەوەیە كە كورد لە پێگەی ھاووڵاتی بوونەوە نەك ناسنامەی نەتەوەییەوە، دەست بەسەر حوكمڕانیی وڵاتی خۆیانەوە بگرن، لە عەرەبی شیعە و سوننە عێراقیتر بین، لە لاز و چەركەسی توركیا توركتر بین و دەست بەسەر توركیادا بگرین. ئەوە تەنھا ڕێگەی مانەوەیە وەكو تاك و كۆمەڵگا بۆ درێژەدان بە ژیان لە دنیای داھاتوودا. دەستپێشخەربین لە داھێنانی ناسنامەیەك بۆ گەلانی مێزۆپۆتامیا، دۆزینەوەی تەعریفێكی عادیلانە بۆ چەترێك كە ھەموان كۆبكاتەوە. جیاوازیی نەتەوەیی و مەزھەبیی گەلانی ئەوروپا و ئەمریكا دەیانجار ڕەنگبێ لە جیاوازییەكانی كورد و گەلانی دیكە زیاتر بن، بەڵام ئەوان توانییان و ئێمەش دەتوانین. ئەگەرنا دەبێ تاقیامەت پێڵاوەكانمان ھەر لە بن ھەنگڵمان بێت.