خەیاڵ خاوین، بە سیاسەتێكی ئابووری لەنگ و لێڵەوە بمانەوێت دیاردەی كۆچ ڕابگرین لە هەرێم

15-11-2021 01:39
كۆچبەران لەسەر سنووری بیلاڕوسیا-پۆڵەندا. وێنە؛ ڕۆیتەرز

نووسینی: فەرمان محەمەد، ماستەر لە ئابوریی نەوت‌و وزە

بەوپێیەی ئێستا پێوانەی كۆچكردن لە هەرێمی كوردستان ئاڕاستەیەكی ناتەندروستی گرتووە كە ئەمەش بەندە بەو تراژیدیایەی تاكی كورد ماوەی سێ دەیەیە تیایدا ڕۆژ بەڕێدەكات و چاوەڕێی بەرەبەیانێكی ڕوونە، بەڵام تادێت هاوكێشەكە لاسەنگ و نەگریس دەبێت بۆیە ئەوەی نەمان دەویست ڕووی دا، كۆچ لەنێو لاوانەوە خزایە نێو خێزان، وەك بینراوە هەزاران خێزانی كورد سەرگەردان و بێ ئایندە دۆش داماون لەنێو جەنگەڵەكانی بیلاڕوسیا، سەیر ئەوەیە وڵاتانی ئۆپیك تیایدا بەشدارن لە ئاسیادا، واتە بەشێك لە وڵاتانی زێڕی ڕەش كۆمەڵگەیەكی وەها چاوبەستراویان دروست كردوە كە بەشێكیان بەبێ سودمەندبوون، بێ هۆش بو‌ون‌و هەركات كەوتنە بازنەی خۆناسینەوە هەوڵ ئەدەن كۆچ بكەن، لەو وڵاتانەش بەنمونە؛ ئێران و سوریاو عێراق و تایبەتتر هەرێمی كوردستانە، پرسیار ئەوەیە بۆچی دەبێت تاكی ئەم وڵاتانە ژیانی وڵاتێكی بێگانەیان پێ خۆش بێت، لێرەدا بەكورتی ڕوونیان دەكەینەوە:

۱.نەبوونی سیستەمێكی حوكمڕانی و سیاسەتێكی یەكخراو دوور لەجیاوازیی چینایەتی.

۲.سیاسەتی ئابووری بەجۆرێك ڕێكنەخراوە هەموو تاكێك لە كاركردن بەشدارو لە مافدا یەكسان بن.

۳.سود نەبینراوە لەو داهاتە سروشتییەی(نەوت‌و وزە) كە پێشتر باسكرا‌و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا خەونی پێوە دەبینن.

٤.نەبونی بیمە و بەهای مرۆڤایەتی كە ئەركی حكومەتە هەموو سێكتەرەكانی ژیان پڕبكاتەوە.

٥.بەیەكجاریی سێكتەری كشتوكاڵ و پیشەسازی پشتگوێخراوە بەو ڕادەیەی بێكاریی لە ئاستێكی بەرزدایە، هاوكات نەبونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان.

٦.بانكی ناوەندی لەژێر ئەجندای خۆیدا بۆ دانەوەی قەرزەكانی، بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیشی خستە بارودۆخێكی شڵەژاوەوە، ئابووریی بەرەو هەڵاوسان هەنگاو دەنێت بەگوێرەی یاساكانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخەكان.

لەم سۆنگەیەوە هەركات حكومەت بیەوێت گۆڕانكاریی بۆ دابەزاندنی ڕێژەی كۆچبەران بكات، دەبێت بە وردی بەو سیاسەتانەدا بچێتەوە، هەرچەند كات درەنگەو ئەمڕۆ پێویستمان بە نفوسێكی باڵاو دڵسۆزترە بۆ مەسەلە نەتەوایەتییەكەمان كە سەدەیەكە خەونی هەموو تاكێكی كوردە، مەحاڵە بەم ئاڕاستەی كاركردنەی ئێستا لە خۆشكاندن و وێرانماڵیی نێوخۆ و بە سیاسەتێكی ئابوریی لەنگ و لێڵەوە ڕێگە بگیرێ لە دیاردەی كۆچ كردن.

لە یادەوەریی زۆرێكماندا هەیە كە جاران خێزانە دێ نشینە كوردەكان كاتێك دەنگی فڕۆكەی تۆقێنەرو دڵ هەژێن دەهات خێرا خۆیان حەشاردەدا تا ماڵە گەرمەكان سارد نەكەنەوە، ئێستا خێزانە كوردەكانی بیلاڕوسیا بەتاسەوە چاوەڕێی بەرەكەتی فڕۆكەن كە پارووە نانێك بخاتەنێو خێوەتگە ساردەكانیانەوە تاوەكو گەرمیان بكاتەوە، سەردەمانێك بەدەنگی هەلیكۆپتەر ئەشڵەژاین جاران لە ترسا و ئێستا لە برسا، جگەلەمانەش ڕۆژێك نان و ڕۆژێك دار دەبێتە خولیاو پرۆڤەی پێشكەوتنمان لە ساڵی ۲۰۲۱، ئەمانەو چەندین چیرۆكی تراژیدی تر چاوەڕێی یەك كەم گۆڕانی كەش‌و هەوای ساردو سڕی جەنگەڵەكانی بیلاڕوسیایە.

بۆیە لەئێستاوە زەمینەسازی بۆ پایزی ئایندە نەكرێ بە دۆخێكی نەخوازراودا تێدەپەڕین، لێرەشەوە پشت بەستن سیاسەتێكی ئابووری ڕوون خاڵی یەكەم و دەسپێك بێت لە كارەكانی حكومەت، چونكە یاسای مەدرەسەی كلاسیكی ئابووریی پێمان دەڵێت "دۆخێك كە ئامادەكاری بۆ نەكەی لێكەوتەو دەرئەنجامەكانی قورسترە لەو دۆخەی كە پێشتر ئامادەكاری بۆدەكەیت".