ئێران شیعە یەکدەخات و بارزانیش كورد لەت دەكات

03-12-2021 07:30


نووسینی: بڕیار
نامیق

دانیشتنی سەدر لەگەڵ بەرەی شیعەی ناڕازیی لە ئەنجامی ھەڵبژاردن، دیمەنێکی چاوەڕوان نەکراو بوو دوای زیاتر لە مانگێک کە ئەو دووبەرە ناکۆکەی ناو ماڵی شیعە شیرو تیریان لە یەکتر دەسوی.

ئێران بە جدیی ھاتووەتە سەر خەت، ھەرچەندە سەردانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ عێراق و بینینی لایەنە دژ و ناکۆکەکان نەیتوانی سەدرو بەرەی ناڕازیی لە دەوری یەک مێز کۆبکاتەوە، بەڵام دواتر لە قوم و تارانەوە پەیامی دیکە ھات.

بەرەی ناڕازیی لایەنەکانی حەشدن کە نزیکن لە ئێرانەوە، بەرەی بەرامبەر کە سەدرییەکان بەردەوام بانگەشەی 'نە شەرقیی و نە غەربیی' دەکەن واتە سەربە ھیچ بەرەیەک نین.

تاران پەیامی بۆ بەرەی ناڕازیی ناردو لە قومیشەوە مەرجەعە ئاینییەکان پەیامیان بۆ سەدر نارد، ئەو پەیامانە ماڵی شیعەی لە دەوری مێزێک کۆکردەوەو لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتنێکی سەرەتاییان ئەنجام دا.

کاندیدی سەرۆکوەزیران بە تەوافوق دیاری بکرێت و پۆستە وزارییەکان بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن، لەگەڵ چوونە دەرەوەی ھێزە بیانییەکان کە مەبەستیان ئەمریکاو مانەوەی چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەت لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەن.

ئەو خۆڕێکخستنەی ناوماڵی شیعیی، ھاوکاتە لەگەڵ لاوازیی بەرەی سوننە لە عێراق و دابەشبوونیان بەسەر دوو جەمسەردا.

ھاوکات لە کوردستانیش گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی وەک دوو لایەنی بەھێزی پێکھاتەی کوردیی لە عێراق، ئەمەش لەسەر دوو کورسیی پەرلەمانی عێراقە کە لە ھەولێرو نەینەوا بە یاسا بۆ ھاوپەیمانیی کوردستان(یەکێتی) گەڕێندراوەتەوەو پارتی دەڵێت: ھییئێمەیە!.

لەبری مەکتەبی سیاسی و دەزگای هەڵبژاردن، بارزانی باوک خۆی بۆ دوو کورسییەکە دێتە سەرخەت و هەرچی ڕیسی یەک ڕیزییە دەیکاتەوە بەخوری، هەموو ئەو وتارو کە فوکوڵەی بارزانی برازاو بارزانی کوڕ لە وتاری حەماسەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن باسیان دەکرد کە کورد بەیەکڕیزیی بچنە بەغدادو بە یەکڕیزیی ڕوبەڕوی تەحەدیاتەکان ببنەوە، هیچی وادەرنەچوو، ھەموو ئەو بانگەشانە کە ئێستاش بە قسە ھەمووان سوورن لەسەری، بە واقیع خراونەتە تای تەرازووی دوو کورسیی کە پارتی بە ناحەق داوای دەکات.

ململانێی ئەو دوو کورسییە لەکاتێکدایە، ھەرێمی کوردستان لە چەند لایەکەوە ڕوبەڕوی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بووەتەوەو خوێنی لێ دەچۆڕێت، بارزانی باوک کە ھەمیشە خۆی بە پێشمەرگە ناودەبات، دەبێت ئێستا لە ھەمووکات زیاتر بەرگی حزبایەتیی فڕێبدات و بە کردارسووربێت لەسەر یەکڕیزیی کورد لە ھەرێم و بەغداد نەک شەڕی دوو کورسیی کە لە لایەنێکی کوردییەوە ببێت بە ھیی لایەنێکی دیکەیکوردیی.

بارزانی باوک پێویست بوو مەکتەبی سیاسی حزبەکەی ئاڕاستە بکات بۆ ئەو یەکڕیزییەی کە ھەمیشە بانگەشەی بۆ دەکەن و تووندوتۆڵ کردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە، نەک لەبری ئەوە ئەو شەوەی داعش پەلاماری قەرەچووغی دا، مەکتەبی سیاسی پارتی کۆببێتەوە وەک خۆیان دەڵێن بۆ دوو کورسییە 'بە ناحەق' براوەکەیان!.