کاک مەسرور وەختیەتی

12-12-2021 05:25

نووسینی: رێبوار کەریم وەلی

ھەر لەسەرەتای دەسبەکاربوونی بەڕێز مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەت، حکومەتەکەی حکومەتێکی ئاگرەسیڤ و توڕەیە. موچەبدات ھەر توڕەیە، موچەنەدات ھەر توڕەیە! پرۆژە دەکاتەوە توڕەیە، دەڵێن: بۆ توڕەی؟ دەڵێ: چۆن دەبێ بڵێن ئەمە ھی کابینەی پێشووە!؟

*

کاردانەوەی حکومەت، بەتایبەتیش ئەو ستافەی کە لە نزیک سەرۆکی حکومەت وەکو کابینەیەکی بچوککراوە کاردەکەن، بەرامبەر رووداو و پێشھاتەکان زۆربەی کات ناعەقلانی و بەکارھێنانی ھێزی لە راددەبەدەرە. جۆری مامەڵەی حکومەت لەگەڵ کەیسی سزادراوانی بادینان نمونەیەکی سادەیە کە ھەق بوو جەنابی سەرۆک بۆ جارێکیش بێت، پرسیار لە وەزیری ناوخۆیەکەی بکات و بپرسێ ئەرێ مامۆستا بەدەل بەرواریمان لەسەرچی گرتبوو؟

*

تەخوین کردن و تیرۆریزە کردنی نەیاران و رەخنەگرانی حکومەت بووەتە شتێکی زۆر ئاسایی. تەنانەت دەزگای دادوەریش کەوتۆتە ژێرکاریگەریی ئەو کاردانەوەیەی حکومەتەوە. بۆیە قانونیش سەری لێشێواوە کاتێک بە تۆمەتی تیرۆر خەڵک دادگایی دەکات و دواییش تەنھا چەند ساڵێک حوکمی دەدات کە دژی ناوەرۆک و ماددەکانی یاسای تیرۆرە!

*

رەخنەگرتن لە حکومەت و ھەر دامەزراوەیەکی وڵات وا وێنا دەکرێت کە ئەمە دژایەتیکردنی جەنابی سەرۆک وەزیرانە و ئەوانە چاویان بەسەرکەوتن و چاکسازییەکانی براگەورە ھەڵنایەت! ئەم تەمەلوق و چاپلوسییە بەناوی بەرگریکردن لە براگەورە وایکردووە کە ئیتر خودی جەنابی سەرۆک وەزیران بکەوێتە ناو تەختەی ھەدەفەوە، چونکە ئەم نووسینگەیەی جەنابیان ھیچ قەڵغانێکیان لە نێوان جەنابی و تەنانەت کێشە بچوک و سەرپێیەکانیش نەھێشتۆتەوە.

*

نووسینگەی سەرۆکی حکومەت کە وەکو ئەسحابی کەھف لەگەڵ کابینەی نۆدا بەدیار کەوتن، شەلم کوێرم ناپارێزم بەس پەلامار دەدەن و،حیساب بۆ ئەوە ناکەن کە دوایی چی لێدەکەوێتەوە. وەڵامەکەیان بۆ راپۆرتی رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە بەیەک وشە(سکانداڵ)ە. نابێ ئەوەبەسەر سەرۆک وەزیراندا تێپەڕ بێت. ئیدعایەک فڕێ دراوە و زۆریش ئاساییە و رێگەکەشی ئەوەیە کە کابرا بەرەوڕووی یاسا بکرێتەوە. بەڵام تۆمەت بە تۆمەتێک کە نە پەیوەندی بە باسەکەوە ھەیە و تەنانەت جۆرێکە لە تیرۆری کەسایەتی، وەڵام نادرێتەوە!

*

من چەند جارێک لە نزیکەوە سەرۆک وەزیرانم بینیووە، ھێمن لەسەرەخۆیە، بەڵام ئێستاش تێنەگەیشتم لەوەی کە ستافەکەی چۆن دەتوانن وێنەیەکی وا توڕە و رقاوی لێ دروست بکەن؟ یان چۆن دەتوانن تا سەر بەو تیۆری موئامەرە لەسەر برا گەورە درێژە بەکار بدەن. خەڵک خۆپێشاندان دەکەن پێیان دەڵێن خائین، خەڵک سەری خۆی ھەڵدەگرێ و دەمرێ، دەڵێن بە فیتی پەکەکەیە و یەکێکیش لەو سەری دنیاقسەیەک دەکات، نووسینگە لە جیاتی وەڵامی کابرا بداتەوە، دەچێ پەلاماری ناموسی نەوەی شەھیدێکی پارتیی سلێمانی دەدات!

*

رەنگبێ یەکێک لە باشترین چاکسازییەکانی کاک مەسرور ئەوە بێت کە بە خێرایی ئەو نووسینگەیە کە وەک پەیجی فەیسبوک ئیش دەکات، رابماڵێت و چوار کەسی خاوەن عەقڵی سەلیم لەوێ دابنێت.