درۆ و پۆزش هێنانەوەی بەناو ڕاگەیاندنی سەربەخۆ

19-12-2021 09:14

 

نووسینی: دانیار محەمەد

ئەوەی ترسناكە و راگەیاندنی كوردستان داهێنانی تێدا دەكات!، داتاشینی هەواڵ و بابەتی سیاسیە بە پێی مەزەندەی نوسەرەكە و راوبۆچون و خەمڵاندنی خۆی بە پێی پشتخانی رۆشنبیری و مەیلی سیاسیی، بەمەبەستی سیاسی یان لەبەر نەبوونی زانیاری پێویست، كەئەمە درۆی زەقی تێدا دەكرێت. ئەوەی باویشە و تاكە لە كوردستاندا، ئەوەیە كە زۆرجار درۆی هەواڵی بڵاوكراوەی راگەیاندنەكان بۆ خەڵك دەردەكەویت كەچی هیچ پۆزش و داوای لێبوردنێك لە ڕای گشتی و خەڵك نابینیت، سەرەرای ئەوەی چەند بە قورس و خراپ لەسەر ژیانی خەڵك بكەوێت، بۆ ئەوەی بەو پێیەی خەوشێك لەسەر راستگۆیی روكەشیانەی ئامرازەكە دروست نەبێت.

پتەوی و بێلایەنی و راستگۆیی و ناووناوبانگی سەرچاوە و پشتی پەردەی هەر ئامرازێكی راگەیاندن و هەر هەواڵێكی بڵاوكراوە دەرخەری راستگۆیی هەر ئامرازێكی راگەیاندن و بابەت و هەواڵێكی بڵاوكراوەیە لە هەر شوینێك بێت، واتە راستگۆیی هەر سایتێكو رۆژنامەیەك بەندە بەچەند مەرجێكەوە: سەرچاوەی زانیاری و هەواڵ و بابەتەكان و خەڵكی پشت ئامرازەكەی راگەیاندن‌ و سیاسەت و فكری خاوەن سەرچاوەكەیو ئامانجەكانی و فەلسەفەی كارەكەی و بیركردنەوە و پاڵنەرەكانی خەڵكانی سەرپەرشتیكار و راگەیاندنكاری ئامرازەكەیە. ئەمە جگە لە جۆریبابەتەكە و ئامرازەكە و ئەوەی پەیوەندیی بە بنچینەی ئامانجی خاوەنە رەسەنەكەی ئامرازی راگەیاندنەكەوە هەیە.

رۆڵی رۆژنامەنوس و بەرژەوەندیە هەمەچەشنەكان چیە، رێژەی راستی و درۆكە چۆن دەردەكەوێت، كێ راستی و دروستی بابەتەكە یەكلایی دەكاتەوە و كێ وردبینی دەكات لەسەرجەم لایەنەكانیەوە نەك تەنها لە باری زمانەوانیەوە و كێ زەرەر و كێ قازانج دەكات لە بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك لە هەر بوارێكدا بێت.

بیگومان شتی راست بەگشتی راستە،‌ چی لە بونیان و ریشە و ناوەخن و بابەتە سەرەكیەكە بێت یان لە شتە لاوەكی و لقەكان و پەرواێز وتوێكڵەكەدا بێت، ئەگینا ناتوانرێت بە راست پۆلێن بكرێت. بەڵام درۆی جۆراوجۆر لە هەردوو لاوە دەكرێت، واتە لە ناوەخن و مەتن و بناغە وپەراوێزیش و ئەوەی لە بنەڕەت و بنەما و ناوەرۆك و سەرلەبەری بابەتەكەدا درۆی تێدا بێت خەتەرناكترین جۆری درۆی رۆژنامەگەری ئەمرۆیە لەكوردستاندا، لەپاڵ ئەوەشدا درۆی لاوەكی و ترشو خوێ بەمەبەستی پڕفرۆشی و قازانجی مادی و بێ مەبەستی قووڵ و زۆرجاریش درۆی سپی رۆڵی سەلبی خۆی دەگێرێت، بەڵام زیانەكەی كەمتر دەبێت.

وەك ئەوەی دیارە كە لە ژیاندا چۆن دەتوانرێت راست و درۆی جۆراوجۆری خەڵكی شاری و لادێی و دەشتەكی و خەڵكی رۆشنبیر و ساویلكەو بژاردە و عەوام و هۆكارە هەمەجۆرەكانی درۆ و چۆنێتی بەرهەمهێنانی درۆی تاك و كۆ لەیەك جیابكرێتەوە، ئاوهاش دەتوانرێت پشتی راست و درۆی سایت و رۆژنامەكانی كوردستان و مەبەست و ئامانجیان دیاری یكرێت.

لەكوردستان سایت و رۆژنامەی حزب و (بێلایەن) و سێبەری زۆر بەربڵاوە و لە یەكەمین ژمارەوە دەتوانرێت جۆرەكانیان وخەڵكی پشتپەردەی ئەم ئامرازانە دیاری بكرێت. ئەوەی زاڵە لەو بەینەدا زۆرینەیان سیاسین و تەنها مەبەستی دامەزراندنیان قازانجبەخشینی خاوەنەكانیانە نەكدەرخستنی حەقیقەت. بەڵام ئەوەی لێكەوتەی راستەوخۆ وناراستەوخۆی لێدەكەویتەوە هەمیشە وەك پرۆسەیەكی پیلاندارێژراو بۆ چەواشەكردنی هۆشیاری خەڵكە بۆ مەبەستێكی دیاریكراو لە كۆمەڵگەدا، بەداخەوە بۆ ئەوەی چەواشە و درۆ جێگەی راستی و راستگۆییبگرێتەوە و بەهەمان سیاسەت و ململانێی نێوخۆی حزبەكان لە ئامرازە هەمەچۆرەكانی راگەیاندنەكانیشیان رەنگیداوەتەوە و، بەئەستەم راستیی بابەتەكان دەبینرێت. زۆرجار بە بێدەربەستی شت بڵاودەكرێتەوە و زیانی گەورەی دەبێت و بێ هیچ سزایەك تێدەپەرێت. زۆرجاریش ئەگەر راستیش بڵاوبكرێتەوە كە زیانی بۆ پەزەكان بێت ئەوە سەری رۆژنامەنوسان و قەڵەمەكانیشیان تێدادەچێت. بۆیە سڵكردنەوەی زیاتر ولەبەرچاوگرتنی خاترانە و بەرژەوەندی و ترس و دڵەراوكێی هەمەچۆر و نەبونی شەفافیەت و لەبەردەستنەبونی زانیاری، درۆی زەقی خستۆتەنێو بڵاوكراوەكانەوە، بەشێوەیەك كە تەنها بە فرتو فێڵ و مانۆر و یاری بە وشەكردن خاوەنی بابەت خۆی لە لێپێچینەوەی دەسەڵات یان لەدەستی زەرەرمەند رزگار دەكات، زۆرجار كە پشتی ئامراز و رۆژنامەنوسەكە دەسترۆیشوویەكی بەهێز بوو بەبێ هیچ پرسیاركردنێك لەدادگا و عەدالەتیش قوتار دەبێت.

بەداخەوە توێژینەوە لەم بارەوە لە كوردستان زۆر كەمه،‌ لەبەر ئەوەی ناوەندە ئەكادیمیەكانی راگەیاندن تازەن و مێژوویەكی قووڵێان نیە و، بەهەمان شێوەی وڵاتانی تری پێشكەوتوو نین، باری كۆمەڵایەتی خەڵك و ڕوانینیان بۆ ئامرازەكانی راگەیاندن وەك خۆی نیە، بۆیە وردەكاری زەرەری گشتی ئەم بابەتە بۆ هەموو كەسێك بە روونی دەرناكەوێت.

بەڵام چۆن راست و درۆكان جیابكرێنەوە؟ ئەمەش ئەگەر خوێنەر وریا بێت و پشتخانی ئامرازەكە بزانێت و ئامانجەكەی دیاریكراو بێت و پشتی دێڕەكان بخوێنێتەوە، ئەوا دەتوانێت بەم شێوەیە راست و درۆكان جیابكاتەوە:

مەبەستی ئامرازەكە بۆ بڵاوكردنەوەی هەر بابەت و هەواڵێك و كات و شوێنی و پەیوەندی بە خاوەن ئامراز و نەیارەكان و دۆستەكانی لەنێو بابەتەكە‌دا چی دەگەیەنێت.

خوێندنەوەی ململانێی هەمەجۆرەكانی حزبەكان و پەیوەندی ئامرازەكەی راگەیاندن بە هەر یەكەیانەوە و ڕەنگدانەوەی ئەو كێبڕكێ وململانێیانە نێوخۆیی و دەرەكیانە لەسەر سایت و رۆژنامەی سێبەر بە نمونە خۆی دەسەپێنێت.

داڕشتنی هەواڵ و بابەتەكان و دەرخستنی حەقیقەت یان لێدانی لایەنێك یان كەسایەتیەك بەراستەوخۆ یان ناراستەوخۆ و بەهەر شێوەیەك بێت تەنانەت ئەگەر بە چەواشەكاریش بێت، ڕووبەر و بنمیچی راستگۆیی ئامرازەكهدەردەخات.

درۆی زەق و پەیوەست بە پێویستیەكانی خوێندنەوەی قۆناغەكە و وەزعی سیاسی و پەیوەندیە هەمەجۆرەكانی خاوەن ئامراز و رۆڵی كەسایەتیەكان و خاوەندارێتی مادی و سیاسی ئامرازەكەی راگەیاندن و رێگەی كاركردنی، ترسناكترینیانە.

چۆنێتی دارشتنی هونەری چەواشە و فرتوفێڵی خەڵكی پەیوەندیدار بەو ئامرازانەوە و هەوڵدان بۆ خستنەبازاری هەواڵ و بابەت و فڕێدانی باڵۆنە سیاسیەكان و رۆڵی راگەیاندن لە یەكلاییكردنەوەی ململانێ و كێبڕكێی سیاسی زیاتر لە كوردستان و گرنگی نەدان بە هەوڵ وپێویست بۆ بینینی كردەوەكانی نەیارانمان لە دەرەوەی كوردستان لەمەڕ پرسە گرنگەكانمان لەكوردستاندا خۆی فەرزكردووە.

بۆیە دەكرێت تا ئێستا ئەم ئەزمونە نوێیەی كوردستان لەبواری راگەیاندن و وردەكاریەكانی لە دونیای رۆژنامەگەریدا، زۆر بە سەلبی بۆجوڵانەوە سیاسی و حكومرانیی تاقە ئەزمونەكەی كوردستان لەم قۆناغە و دوارۆژیشی بكەوێتەوە، بە تایبەتی لە كەشوهەوا و ڕووبەرێكیفراوانی دەستێوەردانی دەرەكی لەم بوارەشدا بەرێوەدەچێت. بۆیە دەكرێت بڵێین ئێستا‌ كوردستان لە قۆناغی پشێوی رۆژنامەگەری و بێسەروبەری و بێدەربەستی ئامرازەكانی راگەیاندن بەرێدەكەین و لێكەوتەكانی كاروباری سیاسی لایەنەكان رەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئەم كەرتەدا هەیە.

جیاكردنەوەی راست و دروستی هەر بابەت و هەواڵێكی ئەم سایتو رۆژنامانە ئەوەندە قورسە هەر یەكەو بە شێوەیەكو بە پێی پشتخانی خۆی لێی دەڕوانێت و لێی تێدەگات، بۆیە سەرەرای زۆری و بۆری بابەت و هەواڵەكان كەچی لای زۆرینەی خەڵك بە ئەستەم راست و درۆ جیادەكرێنەوە وزۆر بە قورسی درۆكان دەردەكەون.