پۆکەری سەرۆکایەتیی کۆمار

15-01-2022 05:18
كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق
 
 
نووسینی: ئاراس مەسیفی
 زۆربونی ژمارەی کاندیدانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق وەکو یاریی قوماری لێهاتوە، هیوا و ئامانجی هەموویان بردنەوەیە، هىچ لایەن و کەسێکیش تا دوا ساتی دەرکەوتنی ئەنجامەکانی دەنگدانی پەرلەمان لە بردنەوەی کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار دڵنیا نییە. هاتنە سەرخەتی هەریەک لە مەسعود بارزانی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ قەدەغەکردنی لێدوان لە ئەندامە زۆر بڵێ و بێ دەسەڵاتەکانیشیان تەنها مەبەست لێی ئاشکرانەکردن و هێشتنەوەی کارتەکانی دەستیانە بە شاراوەیی تا کۆتا ساتی دەستپێکردنی دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ناو پەرلەمانی عێراق.
قسەکردن و لێکدانەوەکان سەبارەت بە بونی ڕێککەوتن یانیش سیناریۆیەکی شاراوە لە نێوان یەکێتی و پارتی دەچێتەوە هەمان خانەی ئەو بێ سەروبەریی و بێ متمانەیی و بێ بەرنامەییەی نێوان هێز و لایەنەکان بە گشتی، یەکێتی و پارتییش بە تایبەتی. گەر بڕیاربەدەستانی یەکێتی و پارتی خاوەن بەرنامەیەکی دیاریکراوی خۆیان بن و بەشی ئەوەندە متمانەیان بەیەکتر هەبێت، چ پێویستیان بە سینارۆ و رێککەوتنی شاراوە هەیە؟
دۆست و نەیاری پرۆسەی سیاسی عێراق لەسەر ئەوە کۆکن، کە پۆستی سەرۆککۆمار تەنها سیفەتێکی تەشریفاتیی و رەمزیی هەیە و ئەوەندە نایەنێت لە پێناویدا قوربانیی بە بەرنامە و ناوەڕۆکی سیاسی بدرێت، بەڵام لە ئەنجامی بێ روئیایی و بچوکیی دونیابینی و تێگەیشتنی سیاسی هێزە کوردیەکان کراوەتە رەمزی یەکتر شکاندن و کەلەرەقی و سەپاندنی ئیرادە بەسەر یەکتردا.
مەسعود بارزانی دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت تۆڵەی شکاندنی شکۆ و ئیرادەی خۆی لە بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم سالح بکاتەوە. لای ئەو ئاسانترە مەرجەعیەتیی سەدر و برابچوکیی عروبە قبوڵ بکات، تەنها بۆ ئەوەی بۆ هەمو لایەکی بسەلمێنێت، کە بڕیاری سیاسیی یەکەم و کۆتایی کورد لای خۆیەتی. بافڵ تاڵەبانی، لەدوای کودەتا تەواونەکراوەکەی لە دژی ئامۆزاکەی پێویستی بە سەرکەوتنێکی رەمزی هەیە، بۆ ئەوەی پیشانی دۆست و نەیاری ناوخۆ و دەرەوەی یەکێتی بدات، کە ئیرادە و بڕیاری کۆتایی یەکێتی لای خۆیەتی، بۆ ئەمەش تەنانەت توانای تەحەدای کەڵەرەقیی مەسعود بارزانیشی هەیە. بەرهەم ساڵحیش دوای ئەو بێ حورمەتیەی بەرامبەر هاوبیر و دەنگدەرانی خۆی کردی، هیچ چارەیەکی تری نییە، جگە لە خۆ هەڵواسین بە پۆستی سەرۆککۆمار تا دوا نەفەس، چونکە نە لەناو یەکێتی، نە لەناو خەڵکی هەرێمی کوردستان هیچ سەنگ و پێگەیەکی ئەوتۆی نەماوە. ئەم دۆخەش زەمینەیەکی باشی بۆ خەڵکانێک دروست کردوە بۆ ئەوەی وەکو کۆمبارسی فلیم بێنە ناو یاریەکە و خۆیان کاندید بکەن، بە خەون و هیوای جێگرتنەوەی یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکیەکان، کە هۆشیار زێباری و بەرهەم سالحن.
زیادەرۆیی نییە گەر بڵێن لە ئێستادا تەنانەت مەسعود بارزانی و بافڵ و بەرهەم سالحیش نازانن، کێ بە دۆڕاوی و کێ بە براوەیی لە یارییەکە دێتە دەرەوە، بەڵام ئەوەی گومانی لەسەر نییە، کەسی کاندیدی سەرکەوتوی لێ دەرچێت، هەمویان بە دۆڕاویی لێی دەردەچن، چونکە بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار، نرخێکی زیاد لە قەبارەی خۆی خراوەتە سەر، کە نەدەبوو وابێت.
مەسعود بارزانی گەر بیەوێت بەرهەم سالح لە پۆستی سەرۆککۆمار بێ بەش بکات، جگە لە سازشێکی زۆر بۆ لایەنی سەدریی و بەرەی سوننەکان، دەبێت حیسابی ئەوەش بکات، کە پێگەی بافڵ و قوبادی برازای لەناو یەکێتی بەرامبەر لاهوری ئامۆزایان و نەیارانی پارتی لاواز دەکات، کە لەوانەیە بەرهەم سالحیشی بێتە سەر و ببنەوە سەرئێشە بۆ پارتی. لە کاتی سەرکەوتنی بافڵ و بەرهەم بەرامبەر مەسعود بارزانیش، راستە بارزانی دوبارە تووشی شکستێکی مەعنەوەی و رەمزی دەکەن، بەڵام دەبێت هەردوکیان حیسابی غەزەبی بارزانی بکەن، کە بەوە ناسراوە دەست لە هیچ کارتێک لە دژی نەیارەکانی ناپارێزت. بەهەردوو دیوەکەش دۆخی ناسەقامگیر و بێ سەروبەریی هەرێمی کوردستان لە مەسرور بارزانی کوڕی خراپتر دەبێت.