بەزۆرینەکردنی سیستمی حوکمڕانیی عێراق

31-01-2022 06:36
سەدر بە پشتیوانیی پارتی و سوننەکان سوورە لەسەر حکومەتی زۆرینە


نووسینی: يوسف
محەمەد سادق 

لەم رۆژانە زیاتر لە ھەر کاتێک ھەوڵ بۆ شکاندنی نەریتی باویشێوازی حوکمڕانیی تەوافوقیی عێراق دەدرێ، بەتایبەت کە موقتەداسەدری سەرکردەی رەوتی سەدر لە تویتەکانی ھەمیشە جەخت لە «حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی» دەکاتەوە. ھەڵبەتە کە دەچیتەناوەڕۆکی بەرنامەکەی سەدر بۆ دروست کردنی حکومەتی داھاتوی عێراق، بۆت رون دەبێتەوە کە تەنھا ئامانجی بریتییە لە رێگری کردن لە بەشداریی نوری مالیکیی سەرکردەی حیزبی دەعوە لەدامەزراوەکانی حوکمڕانیی عێراق، وەگەرنا وەک لە وتارێکی تۆمارکراویشدا خۆی ئاماژەی پێدا، ھیچ کێشەی نییە لە بەشدارییلایەنە شیعەکانی تر و سەرجەم لایەنە کوردی و سوننییەکانی تر. لەماوەی ١٧ ساڵی رابردوش زۆر جار هەندێک لە هێزە سیاسییەکانی ئەم پێکهاتە یان ئەویان لە حکومەتی ئیتیحادی بەشدار نەبون، بەڵام قەت ناوی لێنەنراوە حکومەتی زۆرینە.

ھاوکات لەگەڵ ئەمە بانگەشە بۆ ئەوە دەکرێ کە بۆ یەکەمجارھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە ئامادەبونی زۆرینەی رەھای ئەندامانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێ ئەگەر نیسابی دوسێیەکی ئەندامان دەستەبەر نەبو. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستور (مادەی ٧٠/ یەکەم) داوای دەنگدانی دوسێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ پاڵێوراوی سەرکەوتو بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا. ئاشکرایە کە بەپێی مادەی (٧٠/ دوەم)یدەستور تا گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە بەڕێوە نەچێ ناتوانرێ گەڕی دوەمی ئەنجام بدرێ.

دروستە کە بەپێی مادەی (٥٩/ یەکەم) نیسابی ھەر دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران، زۆرینەی رەھایە، بەڵام بەڕێوەچونی ھەربڕگەیەکی بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەران کە پێویستی بەدەنگدانی دوسێیەک ھەبێ پێویستی بە ئامادەبونی دوسێیەکی ئەندامان ھەیە بۆ ئەوەی بڕگەکە بەڕێوەبچێت، وەگەرنا چۆن ئەتوانرێ دەنگی دوسێیەک دەستەبەر بکرێ کە هەر لە بنچینەوە دوسێیەکی ئەندامان ئامادە نین. خۆ مادەکە داوای دەنگی دوسێیەکی ئەندامانی ئامادەبوی نەکردوە، بەڵکو داوای دەنگی دوسێیەکی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردوە. رەوتی کار کردن لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش ھەر بەو شێوەیە بوە، ئەو بڕگانەی پێویستی بە زۆرینەی دوسێیەکی ئەندامانی ئەنجومەن هەبوبێ، ئەگەر نیسابی دوسێیەک نەبوبێ بڕگەکە دواخراوە. وەک تانەدان لە دروستیی ئەبدامێتییئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران یان دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی.

لە ھەمان کاتدا بە تێڕوانین لە ئاڕاستەی گفتوگۆکانی لیژنەی نوسینەوەی دەستور لە ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕونی ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێ کە ئاڕاستەی زاڵ بریتی بوە لە پێدانی دەسەڵاتی تەشریفاتی بۆ سەرۆکێک کە جێی ئیجماعی ھەموان بێ، ھەربۆیەش زۆرینەی دوسێیەک بۆ ھەڵبژاردنی دانراوە. تەنانەت هومام حەمودیی سەرۆکی لیژنەکە پشنیاری کردوە کە ئەگەر هیچ یەکێک لە پاڵێوراوانی سەرۆککۆمار زۆرینەی دوسێیەکی دەنگی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا، ماوەی ١٥ رۆژ چاوەڕێ بکرێت تا رێکەوتن لەسەر کەسایەتییەک دەکرێ.(بڕوانە: محاضر إجتماعات لجنة کتابة الدستور العراقي٢٠٠٥، المجلد الأول، ٢٠١٨، ص ص ٥٢٤- ٥٢٧).

لە لایەکی ترەوە بونی نیسابی دوسێیەک بۆ ھەرڵبژاردنی سەرۆککۆمار تەنھا دەستەبەری مانەوەی ھاوسەنگیی پێکھاتەکانە لەحوکمڕانیی عێراق، چونکە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کلیلی راسپاردنی کاندیدی زۆرینەیە بۆ پێکھێنانی حکومەت. ئەگەر ئەم ھەنگاوە وەک خۆی نەمێنێ ئەوا ئیتر بۆ لەمەودوا زۆرینە ئەتوانێ ھەمو سەرۆکایەتییەکان بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەڕێی خەڵکی کارتۆنی کۆنترۆڵ بکات. ئەم هەنگاوە پاش دەسکاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و گۆڕینی هاوسەنگیی کورسیی پێکهاتەکان لە پارێزگا جیاوازەکان لە ساڵی ٢٠٠٩، هەنگاوکی مەترسیداری تر ئەبێ بۆ زاڵکردنی پێکهاتەی زۆرینە (بێبونی سەرژمێریی باوەڕپێکراو) لە حوکمڕانیی عێراق.

بیانوی ئاڕاستەی (حکومەتی زۆرینە)، شکستی حوکمڕانیی تەوافوقیی عێراقە کە بوەتە ھۆی ھێنانەکایەی بەشبەشێنەی حیزبی و گەندەڵی. ئەمە لە کاتێکدایە کە بانگەشەکارانی روکەشی «حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی» خۆیان لە رابردو کارەکتەری سەرەکیی ئەم بەشبەشێنەیە بون و بۆ داھاتوش ھەروا ئەمێننەوە. ھەروەک چۆن گرفتی حوکمڕانیی عێراق سیستمی فیدراڵی یان پەرلەمانی وحوکمی ناناوەندی نییە وەک هەندێک ئەیانەوێ وا وێنای بکەن، بەھەمان شێوە گرفت لە عێراقدا حوکمی تەوافوقیش نییە، بۆ نمونە سویسرا لەڕێی حکومەتی تەوافوقییەوە بەڕێوە دەبرێ و گرفتیشی نییە، بەڵکو کێشەکە لە نەبونی چاودێریی کارای پەرلەمانی و دادوەریو دەزگاکانی تری چاودێرییە.

 لە غیابی نەبونی ئەنجومەنی فیدراڵ، کورد و سوننە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن لە بەزۆرینە کردنی سیستمی حوکمڕانیی عێراق ئەگەرچی هەر بۆ پڕوپاگەندەش بێت. هەرچەندە هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم لە رابردو و ئێستاش نەیانتوانیوە سود لەدەرفەتەکانی بەغدا وەربگرن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە لەمێژینەکانی کورد لەگەڵ بەغدا، بەڵکو زیاتر کاریان بۆ دەستکەوتیشەخسی و حیزبی و بەشەخسی کردنی کێشەکان کردوە، بەڵام دەستگرتن بە دەستکەوتە دەستورییەکان، گرەنتیی لاوازنەبونی زیاتری کوردە لەناو سیستمی حوکمڕانیی عێراق.