ئۆكرانیا، قوربانی جیۆپۆلەتیك یان سیستەمی سیاسی؟!

26-02-2022 03:34

نووسینی: د. کامەران مەنتک

ئەو دەوڵەتانەی شوێنێكی جیۆپپۆلەتیكی هەستیاریان هەیە، دەبێت وردتر سیستەمە سیاسیەكانیان هەڵبژێرن و بەئاسانی نەكەونە ژێر كاریگەری شەڕی نەرمەوە، بەواتایەكی تر واز لەدروشمە بریقەدارەكان بێنن و بەمۆدێڵی سیستەمی سیاسی دەوڵەتانی تر فریو نەخۆن و بنەما لەسەر رەهەندە جۆپۆلەتیكیەكانەوە سیاسەتی وڵاتەكانیان و شێوازی سیستەمە سیاسییەكانیان دابڕێژن، لەبەرئەوەی هیچ دەوڵەتێك بە تەنیا ناژیت وكاریگەری لەسەر وڵاتانی دەوروبەری، تەنانەت لەهەندێك كاتدا سیاسەتی جیهانی دەبێت و دەكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو سیاسەتەشەوە، بۆیە ئازادی لەبڕیاردانی سیاسەتی دەرەوە، چەمكێكی فریودەرەو لەو بوارەدا، ئەوە سیستەمی سیاسی نیە بڕیار لەسەر شێوازی سیاسەتی دەرەوە وپەیوەندیە نێودەوڵەتییەكانی دەدات، بەڵکو ئەوە جیۆپۆلەتیكە جۆرە سیاسەتێكی لەسەر دەسەپینێت، كە لەزۆربەی كاتدا بێدەستی خۆی و بەناچاری دەبێت پیادەی بكات! سیاسەتی دەرەوەی سەركەوتوو ئەو سیاسەتەیە، كە خۆی لەگەڵ دۆخەكە جیۆپۆلەتیكیەكە دەگونجێنێت وهەرگیز ركابەری لەگەڵ ناكات وملی لەبەر ملی نانێت، چونكە مێژووی سیاسەتی جیهانی ئەو راستیە دەسەلمێنیت، كە گرتنەبەری ئەو جۆرە سیاسەتە دادی ئەو وڵاتانە نادات و لەكۆتایدا دەبنە قوربانی ولەژێر پۆستاڵی بەرژەوەندی زلهێزەكانی تردا دەپڵیشێنەوە.

سیستەمی سیاسی ئۆكرانیا زۆر درەنگ، لە بایەخی پێگەی جیۆپۆلەتیكی و گرنگیەكەی بۆ روسیا تێگەیشت، كاتێك تێگەیشت پایتەختی وڵاتەكەی كەوتبووە ژێر هەڕەشەی داگیركاری روسەوە و ژێر خانی سەربازی تا رادەیەكی زۆر وێران كرابوو، ئەوان بەدروشمەكانی ئازادی ومافی مرۆڤ و دادپەروەری كۆمەڵایەتی ناتۆ ووڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا فریویان خوارد، ، پێیان وابوو،  رۆژئاوا ئامادەیە بۆ بەرگریكردن لێیان خۆی بخاتە شەڕیكی جیهانیەوە لەگەڵ روسیا! سیاسەتمەدارە هەرزەكارەكانی ئۆكرانیا نەیانزانی، كە وا رۆژئاوا وەك بوكەڵەیەك بۆ تاقیكردنەوەی ئیرادەی روسیا بەكاریان دێنێت و لەچركە یەكلاییكەرەوەو چارەنووس ئامێزەكاندا بەتەنیایان جێدەهێڵێت، ئەمە بووە هۆی ئەوەی لە پەیامە جدیەكانی روسەكان تینەگەن وهەمان هەڵەی گورجیەكان لەساڵی (2008) دووبارە بكەنەوە ویاری بە دەروازە جیۆپۆلەتیكییە گرنگەكانی روسیا بكەن.

هیچ زلهێزێك ئەوە قبووڵ ناكات، كە هێزیكی تری ئەتۆمی لەسەر سنوورەكانی ئەوان و ئەو دەروازەیەی بەئەوروپا، بازاڕی گەرمی خۆیانەوە دەبەستیتەوە، دروست بكرێت وشەڕەكان بگوازرێتەوە ناو ماڵی ئەو! بۆیە لە جیاتی ئەوەی ئۆكرانیا ناوماڵی روسیا بكاتە گۆڕەپانی شەڕی رۆژئاوا و روسیا، روسیا ئۆكرانیای كردە بەرەی پیشەوەی ئەو شەرە و نەك بەتەنیا ئەو وڵاتە داگیر دەكات، بەڵكو هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات، كە لەرووی جیۆپۆلەتیكیەوە بەكلیلی ئۆراسیا هەژماردەكرێن ووڵاتانی بالتێك، تەنانەت ولاتە گەورەكانی ئەوروپاس دەكات.

جێگای داخە، تا وڵاتەكەی بە كردەیی روبەڕوی هێرشی روسیا نەبووەوە، سەرۆك وسیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە دركی بەگەورەیی مەترسییەكان نەكرد لەوە نەگەیشت، كە رۆژئاوا جێگەی متمانە و پێشت پێبەستن نیە، كاتێك دركی پێكرد، وڵاتەكەی داگیر كرابوو و ئەو كاتە لەجیاتی دانوستانەوە، سەرۆكی ئۆكرانیا بەنوزانەوە رایگەیاند، كە بە تەنیا لەگۆرەپانی شەرەكە جێھێڵران! ئەوەیە بایەخی زەمەن لەتێگەیشتنی رووداوەكاندا، ئەو دەستپێشخەرییەی ئەمڕۆ ئۆكرانیا بۆ دانوستانی لەگەڵ روسیا كردو ئامادەیی خۆی نیشان دا وەك دەوڵەتێكی بێلایەن بمێنیتەوە نەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانی باكووری ئەتلەسی (ناتۆ)، ئەگەر دوو رۆژ بەر لەئێستا ئەو بڕیارەی بدابوایە، بەسەر بەرزی لە قەیرانەكە دەردەچوو، لەجیاتی ئەوەی روسیا بكاتە دوژمنێك، پەلاماری بدات، دەیتوانی بیكاتە دۆستیك و لەجیاتی تۆپ وئاگربارانكردن، دەستی یارمەتی بۆ درێژ بكات!.

كاتی ئەوە هاتووە میللەتان چیتر بە هێزی نەرم وئەو پروپاگەندانەی بۆ شێوازێك لەشێوازەكانی سیستەمی سیاسی دەكرێت فریو نەخۆن ولەگەڵ دۆخە راستەقینەكە مامەڵە بكەن، سیستەمی سیاسی هەر چۆنێك بێت، ناتوانێت لەكەموكوری بەدەر بێت، هەموو سیستەمێكی سیاسی لایەنی ئەرێنی ونەرێنی خۆی هەیە، بۆیە گرنگترین شت لە سیستەمدا ئەوەیە بتوانێت سەقامگیری بسەپێنێت و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكەی دابین بكات، لەبەرئەوەی خۆشگوزەرانی وڵاتان لە دروشم وئایدیۆلۆژیاكاندا نیە، بەڵكو لە مانەوە وسەقامگیری و بەردەوام بوون و پاراستنی ئاشتیدایە، پێشكەوتن وخۆشگوزەرانی، لەئاشتی وسەقامگیری دانەبێت هەرگیز نایەتی دی!