ئێران و مووشەکەکانی

13-03-2022 06:56

نووسینی: د. سەردار عەزیز

کاتێک لە سەرەتای جەنگی عێراق و ئێراندا، فەرەنسییەکان پەیمانیان بە عێراقییەکاندا کە فڕۆکەی جەنگییان پێبدەن، پڕۆسەکە بە ئاسانی بەڕێوە نەچوو. کاتێک عێراق فەرەنسییەکانی ناچارکرد ٥ فڕۆکەی جەنگیی پێبدەن، ئێران لە تۆڵەدا لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٣ ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی بە باڵیۆزخانەی فەرەنسیدا تەقاندەوە و ٦٣ کەسی کوشت. هەر زوو پەیامەکە بە پاریس گەیشت. ڕوداوەکە چەند خەسڵەتێکی دیاری ڕژێمی ئێرانیمان پێدەڵێت: یەکەم، کاتێک ئێران جێگایەک هەڵدەبژێرێت بۆ هێرش بۆ سەر وڵاتێک، مەرج نیە ئەو جێگایە هیچ پەیوەندییەکی بەو پرسەوە هەبێت. هەڵبژاردنی بەیروت لە ١٩٨٣ لەبەرئەوەبوو چونکە لوبنان توانای وەڵامدانەوەی نیە و دەتوانرێت بە ئاسانی کارەکەی تێدا ئەنجام بدرێت. دووەم، ئێران بە دوای خاڵی لاوازدا دەگەڕێت بۆ گەیاندنی پەیام بە نەیارەکانی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.

ئێران لە هێرشەکەی سەر هەولێردا باس لە تۆڵە لە ئیسرائیل دەکاتەوە، بەڵام هێرشەکە بۆ سەر ئەمریکایە، لە کوردستان و عێراقدا.

ئەو ١٢ مووشەکەی کە لە شاری تەبرێزەوە بەرەو هەولێر هاوێژران، زیاتر لە ژمارەکەیان پەیام و ئاڵۆزییان لە خۆیاندا هەڵگرتبو. ئەگەر ئێران بە ڕاستی مەبەستی ئیسرائیل بوو، ئەوە ڕوونە ئێران نایەوێت یان ناتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتەسەر ئیسرائیل چونکە ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت. بەڵام هێرش بۆ سەر ئەمریکا و کوردستان، ئەگەری زۆرە بەبێ وەڵام بمێنێتەوە، چونکە لە دۆخی شەڕی ئۆکرانیادا ئەگەری کەمە ئەمریکا وەڵام بداتەوە چونکە نرخی نەوت لە بازاڕدا هێندەیتر بەرز دەکاتەوە.

بەڵام ئەگەر مەبەستی ئێران ئیسرائیلیش بوبێت ئەوا ئامانجی زیاتر لە پێکانی چۆلەکەیەک بووە لە هەمانکاتدا. لە ساتەوەختی موشەکبارانەکەدا، دوو ڕوداو ڕویاندا کە ئێران پێیان نیگەرانە، ئەگەری دروستبونی حکومەت لە بەغدا و ڕێگریکردنی روسەکان لە ڕێککەوتنی ئەتومی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا. هەرچەندە هەوڵدرا ڕوسەکان بە داڕشتنی ناڕەزاییەکەیاندا بچنەوە، بەڵام سەرئەنجام هەر هەمان شت بوو.

ڕاگەیاندنی خێرای ئێران بۆ بەرپرسیارێتی هێرشەکە بەشێکە لە دوپاتکردنەوەی پەیامەکەی کە ئەگەر شتەکان لە بەرژەوەندیمان نەبێت ئەوا دەتوانین پشێوی دروست بکەین. ئەنجامنەدانی هێرشەکە لە لایەن دارودەستەکانیەوە لە عێراق بۆ مەبەستی گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە پرسەکە پەیوەستە بە خودی ئێرانەوە نەک ئێران لە عێراق.

دیارە هەرێم دەتوانێت لە پرسی دروستکردنی حکومەتدا بەرژەوەندی ئێران لە بەرچاو بگرێت، وەک رەخنەگرانی حکومەت دەڵێن، بەڵام ئەوە تەنها یەک ڕەهەندی پرسەکەیە، رەهەندەکانی تری لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمە. هەرێم بەوەی کە لاوازە، بەسە بۆ ئەوەی بکرێتە ئامانج و بەکاربێت لە ململانێکانی ناوچەکەدا.