چیرۆكی تراژیدیی دەستماڵە سوورەكەی سەر شانی شیروان تەها

14-04-2022 08:55

نووسینی: ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان

ئەو دەستماڵەی پێویستە لە مۆزەخانە بپارێزرێت و ئەو چیرۆكە تراژیدییەی دەبێت بە فیلمی سینەمایی

نهێنیی ئەو دەستەماڵەی خرایە سەر شانی شێروان تەها كە ئەمڕۆ ئازاد بوو، چییە؟

كاك شێروان تەها ئەمینی ئاكادیمی و مامۆستای زانكۆ، یەكێك بوو لە زیندانییە بە ناحەق گیراوەكانی بادینان، كە دوو ساڵ لەسەر بیروڕای جیاواز سزا دراوە. ئەمڕۆ دوای تەواوكردنی حوكمەكەی، ئازاد بو. خانەوادەكەی دەستماڵێكی سووریان خستە سەر شانی.

ڕەوانشا ناهیدە خانی دایكی كاك شێروان، بەڵێنی دابوو كە كوڕەكەی ئازاد دەكرێت، بەو دەستماڵە لەبەردەم كوڕەكەیدا سەمای كوردی وئازادی بۆ كوڕە تاقانەكەی بكات، بەڵام زۆر بەداخەوە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١ دوای ڕێگریكردن لە بینینی كوڕەكەی لەلایەن ئاسایشەوە، دایكی شێروانی زیندانی بادینان كۆچی دوایی كرد.

ناهیدە مەلا یەحیا، دایكی مامۆستا شێروان تەها سلێڤانەیی، بۆ بینینی كوڕەكەی چووە زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێر، زۆر پاڕایەوە كەتەنیا بۆ یەك خولەك چاوی بە كوڕە بێتاوانەكەی بكەوێ و باوەشێكی بكات، بەڵام بە داخەوە ئاسایشی پارتی بە چەكەوە و بێ بەزەییانە و بەعس ئاسا، دایكە جگەر سووتاوەكەیان دوور خستەوە و نەیان هێشت چاوی پێی بكەوێ.

دوای ئەوەی بەو دەردە دایكە ناهیدە كە تەمەنی ٥٦ ساڵ بوو و هیچ نەخۆشییەكی نەبوو، گەڕاوەتە ماڵەوە لە دهۆك، خەوی لێناكەوێ هەردەڵێ نەیان هێشت كوڕە نازدارەكەم ببینم، دوای كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر توشی جەڵتەی دڵ دەبێت و بەو حەسرەتەوە كۆچی دوایی دەكات وگیانی پاكی بە خوا دەسپێرێت.

شێروان تەها سلێڤانەیی، مامۆستایەكی خەمخۆری بادینانە، لە ٥/٩/٢٠٢٠ لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە دهۆك دەڕفێنرێت. زیاتر لە ساڵێكو هەشت مانگ بێ پارێزەر و مواجهە لە زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێردا، بێ دادگاییكردن ئەشكەنجەی دەروونی دەدرێت، دواتر دەگوازرێتەوە بۆ چاكسازیی زڕكای گەوران لە دهۆك، ئەمە لە كاتێكدایە مامۆستا شێروان لەگەڵ كونسوڵخانەی ئەمریكا كار دەكات وبەشدارێكی فەرمیی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی دامەزراوە ئەمریكییەكانە و پێشتر لەو وڵاتە بووە، بە تۆمەتی ناڕەوا و سیخوڕی بۆ ئەو وڵاتە تاوانباركراوە.

مامۆستا شێروان وەك زیندانییەكانی دیكەی بادینان، لەسەر داوای ماف و ئازادیی خەڵك زیندانی كرابوو و بێتاوان بوو. دوای تەواوكردنی حوكمەكەی، ئەمڕۆ ١٤/٤/٢٠٢ ئازاد كرا.

دۆخی ئەو زیندانییانەی ئێستا لە ئاسایشی گشتیی هەولێرن، خراپە و پێشتریش باوكی شێروان شێروانی و برای مامۆستا بەدەل بەرواری بە حەسرەت بینینی كوڕ و براكانیان كۆچی دواییان كرد، باوكی بەندەوار ئەیوب و دایكی مامۆستا شڤان سەعید بەروشكی تووشی جەڵتەیدڵ بوون، دۆخی تەندروستیی باوكی گوهدار زێباری و خانەوادەكانی زیندانیانی شێلادزێیش تێك چووە. ئەم زوڵمەی كە لە زیندانیانی بادینان دەكرێت، پرسێكی گشتییە، دەبێت لایەنگری هەموو لایەنەكان و سەربەخۆ و ڕێكخراوەكان، گشت خەڵك لەسەری بێنە جواب.

ئەم چیرۆكە پڕ لە سەروەری و تراژیدی و قوربانی و خۆڕاگرییانە، دەنووسرێن و سیناریۆی فیلمێكی سینەمایی لێی دروست دەكەین و ئێستاكاری لەسەر دەكەین.

ئازادی بۆ مێرخاس و زیندانییە سیاسییە بێتاوانەكانی بادینان.