پارتی مامەڵە بە ماسیی ناو ئاو دەکات!

21-04-2022 02:42
 
نووسینی: رێبوار کەریم وەلی

باس باسی غازی کوردستانە، ئەو غازەی کەھێشتا خەڵکی کوردستان بە بتڵ و بە نیوەچڵی لێی سودمەندن و زۆربەی کاتیش قەبارەی بەرھەمھێنانەکەی ناگاتە ئەوەی پێویستیی ماڵان پڕ بکاتەوە.
*
کاربەدەستانی مەیدانیی بواری نەوت و غازی کوردستانیش دان بەوە دادەنێن کە ئەوەی ئێستا بەرھەم دێت و قەرارە بەرھەم بێت تا پێنج ساڵی دیکەش رەنگبێ بای ئەوەندە نەبێ کە ھەناردەی دەرەوەی بکەی، خۆ ئەگەر ھەناردەش بکرێ دیسان بەھۆی ئەو گرێبەستە درێژخایەنانەی کە کراون شتێکی ئەوتۆ لە سەرئێشە زیاتر نەڕژێتە قاسەی حکومەتەوە.
*
ئینجا ئەسڵی مەتڵەب شتێکی دیکەیە کە ئەو غازە سروشتییەی کە گوایە و قەرارە ببێتە جێگرەوەی غازی روسیا لە ناوچەیەکدایە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتیدایە و تەنانەت ئەگەر یەکێتیش رازی بێت، ئێران و رای گشتیی ناوچەکە رێگرن لەوەی کە پارتی بە ناوی حکومەتەوە دەستی بۆ ببات.
*
دەمێکە یەکێتی ھەموو ژێرخانی سیاسی و ئاییندەیی بۆ بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی غازی چەمچەماڵ لە رێگەی بەغداوە بڕاندۆتەوە و لە بەرامبەریدا، بەڵێنی سەربەخۆیی ئابوریی ناوچەکەی زامن کردووە.
*
ھاتنی خەڵک بۆ ناو پارتی و چەکدارکردنیان لە ناوچەکە، بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە ئەگەر لە داھاتوودا، پێکدادانێک لە نێوان پارتی و یەکێتی لە سەر غاز لەو ناوچەیە درووست بێت، ئەو چەکدارانە بخرێنە ئیشەوە! ئەمە دیدگایەکی ترسناکە.
*
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش چەندی پەیوەندیی بە ئێستای سیاسەت و واقیعی مامەڵەی حکومەت بە نەوت و غازەوە بێت، دوو ئەوەندە پەیوەستە بە رێگریکردن لە دەستبردنی زیاتری پارتی بۆ سەرچاوە بەرھەم نەھاتووەکان لە داھاتوودا.
*
پرۆژەی نابوکۆ کە دە پانزدەساڵ پێش ئێستا ئەوروپییەکان و تورک لەسەری پێداگر بوون، فەشەلی پێھێندرا و خەونی ئەوەی کوردستان ببێتە جێگرەوە یان دابینکەری بەشێکی بچوکی وزەی ئەوروپا لەباربردرا. ھاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، سوریای کاول کرد. ئەوەی ئێستاش لە ئارادایە ھەمان ئەو قسانەن کە دە پانزدە ساڵ پێش ئێستا دەکران. خوا دەزانێ ئەمجارە کوێ کاول دەکات!؟
*
پێداگریی پارتی لەسەر ئەوەی کە بیەوێ یەکلایەنانە دەست بۆ سەرچاوەکانی ژێر دەستەڵاتی یەکێتی ببات، شەڕێکی خوێناوی لە کوردستان بەرپا دەکات و تا ئاگری ئەو شەڕە دەکوژێتەوە، وڵاتانی ئەوروپا پێویستییان بەو غازە نەماوە، بەڵام ئەو کاتە شتێکیش بەناوی ھەرێم نەماوە!