خۆڵبارین، کارەساتێکی سروشتیی بێ چارەسەر

07-05-2022 07:41

 

نووسینی: د. هەڵەت ڕەشید، دکتۆرا لە جوگرافیای سروشتی

خۆڵبارین وەکو کارەساتێکی هاوشێوەی زەمینلەرزەو گەردەلولە خولگەییەکان بێ چارەسەرە و ساڵانە زیانی ملیۆنەها دۆلار لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەدەن، هەوڵدان بۆ رێگرتن لە خۆڵبارین وەکو هەوڵدانە بۆ رێگرتن لە گەیشتنی تیشکی خۆر بەزەوی، چونکە سەرچاوەی دروستبوونی خۆڵبارین ناوچە وشک و بیابانیەکانە کە نزیکەی %35ی رووبەری وشکانی زەوی پێکدەهێنن، خاکی ئەم ناوچانە خاکێکی لماوی یان ورد و فشەڵە بە بوونی بای خێرا یان داکەوتنی هەوا(تەوژمە هەوای داکەوتوو)، ئەم کارەساتە دروست دەبێت و مەودایەکی فراوان بەشێوەی ستونی و ئاسۆیی دەگرێتەوە، کە هەندێک جار بە بەرزی 6 کیلۆمەتر و بەدوریی 6000 کیلۆمەتر بە بەرگی گازیی(بەهەودا) بڵاودەبنەوە، کەواتە نەک روبەری سەوزایی و دارستان و بەرزیی دارەکان بەڵکو بەرزیی شاخەکان و شێی دەریاو زەریاکانیش ناتوانن ببن بە بەربەست لەبەردەم بڵاوبونەوە و دابارینی خۆڵ و تۆزی ناوچە وشکەکان .

رەنگە پرسیاری ئەوە بکرێت ئەی بۆ باس لەوە دەکرێت دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی یان چاندنی دارو زیادکردنی رووبەری سەوزایی دەبێتە رێگر لەبەردەم کارەساتی خۆڵبارین، لەوانەیە ئەم بابەتە بە واتا دروستە زانستیەکەی نەگەیشتبێت، چونکە چاندنی دار و زیادکردنی سەوزایی ناتوانێت بنبڕی دیاردەی خۆڵبارین بکات بەڵکو کاریگەریەکەی بە ڕێژەی %30 کەم دەکاتەوە و هەروەها یەک هێکتار لە دارستان(4 دۆنم = 10000م ²) ساڵانە دەتوانێ 18 ملیۆن مەتر سێجا هەوا لە خۆڵ پاک بکاتەوە، بۆیە سەوزایی دەتوانێت رێژەی خۆڵ لە هەوا کەم بکاتەوە بەڵام ناتوانێت کارەساتەکە رابگرێت، تەنها لە حاڵەتێک نەبێت ئەویش هەموو ناوچە وشک و بیابانەکانی سەر زەوی هەمووی بکرێت بەدار و دارستان، ئەمەش ناتوانرێت چونکە زەوی ئەو ناوچانە خاکیان نەماوە تا روەک و داریان لەسەر بڕوێت و هەروەها خودی ناوچەکە گرفتی ئاووهەوای وشک و کەمیی دابارینی هەیە و ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوییان نییە بۆ ئاودێریکردن، بۆیە سەوزکردنیان کارێکی ئەستەمەو لە توانای مرۆڤدا نیە.

کارەساتی خۆڵبارین کارەساتێکی نوێ نیە و لەگەڵ بونی بیابانەکان روودانی هەبووە بەڵام زیادبونی لە ئێستادا هۆکارەکەی ئەو وشکە ساڵییەیە کە ڕووی لەناوچەکە کردوەو هەروەها گۆڕانە خێراکانی کەشوهەوای ناوچەکەیە بەتایبەت ئەو گۆڕانانەی لە پەستانی هەوای سەرناوچەکە رۆژانە ڕوودەدەن، ئەم هۆکارانە وایکردوە خێرایی با زیاد بێت و هەروەها بەهۆی زیادبونی وشکییەوە خاکی ناوچەکە زیاتر فشەڵ بووەو زیاتر لێکهەڵوەشاوە بۆیە ژمارەی رودانی زیاتر بوە و ئەمەش وادەکات زیانەکانی زیاتربن بەتایبەت بۆ تەندروستی مرۆڤ و بەرهەمی کشتوکاڵی .

دیاردەی خۆڵبارین وەکو چەند دیاردەیەکی تر کۆمەڵێک بابەتی تێکەڵ بوە کە بنەمای زانستی و واقیعی نیە.

یەکێک لەو بابەتانە ئەوترێت پێشتر حکومەتی عێراق نەوتی رەشی بەکارهێناوە بۆ رێگری لە خۆڵبارین، بەڵام ئەمە راست نیە، چونکە رژاندنی نەوت بەسەر ئەو روبەرە فراوانە جگە لەوەی تێچووی ئابوریی زۆرە، هەروەها پیسبونی ژینگەی لێ ئەکەوێتەوە و چارەسەری دیاردەکەش ناکات، هەندێکی تر زیاد بوونی ئەم دیاردەیە بە رودانی جەنگی ئەمریکا و عێراق و رۆیشتنی ئامێری سەربازی بەسەر بیابانەکان ئەبەستنەوە، ئەمەش بنەمایەکی زانستی نییە، چونکە بیابانەکان فراوانن و ئامێرەکانیش بە چەند رێگاو شوێنێکی دیارکراو تێئەپەڕن، بەپێچەوانەوە بەشێکی زۆری بیابانەکان بەهۆی ئەوەی خاکی لمین، ئامێری سەربازیی قورس ناتوانن بەسەریدا بڕۆن، وەهەندێ بیابان جەنگی تێدا نەبوە کەچی سەرچاوەی خۆڵبارینن نەک بۆ ناوچەکانی دراوسێیان بەڵکو بۆ کیشوەرێکی تر، وەکو خۆڵبارینی بیابانی گەورە لە باکوری ئەفریقا کە خۆڵی دەریای ناوەڕاست دەبرێت و دەگاتە وڵاتانی ئەورپا، وە هەندێ جار بە ئاراستەی رۆژئاوا دەڕوات و زەریا دەبڕێت و دەگاتە کیشوەری ئەمریکا .