پارتی مامەڵە لەگەڵ نیوسەرۆک-دا ناکات!

16-05-2022 09:33

نووسینی: رێبوار کەریم وەلی

لەدوای کودەتای سپیی هەشتی تەمموزی ناو یەکێتی، یەکەمجارە پارتی لە بەرزترین ئاستدا، قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکات. هەرچەندە کەگوتراوە ئەوە مەسەلەیەکی ناوخۆی یەکێتییە، بەڵام لە راستیدا قاچێکی هەرچییەک لە کوردستان رووبدات لەناو پارتییە. تەنانەت بارودۆخی ناوماڵی پارتی، یەکێکە لە گرنگترین ئەسبابی ئەو هەڵبەز و دابەزەی لە ناو حزبەکانی دیکەدا هەیە.

*

فازڵ میرانی ئەگەرچی لە باڵی کۆترەکانی ناو پارتییە، بەڵام زۆر بە راشکاوی بە یەکێتیی نوێ دەڵێ: پۆستە داتاشراوەکانتان بایی ئەوەندەنین کە لە ئاستی سەرۆکی پارتیدا و هاوکوفی ئەو مامەڵەتان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام قەیناکا مادام کوڕی مام جەلالن، بە سیفەتی برازاقەبوڵمانن!

*

ئاڵۆزییەکانی ناو یەکێتی کە بەشێکی زۆر لە پارتییەکانی بە دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە هەرمی بڕیاردان شاگەشکە و خەنیکردبوو، وردە وردە بەرەو گەستنی پەنجەی پەشیمانییە و چەندجارێک لەئاستی زۆر بەرزی ناو پارتیدا، خۆزگەیان بەدەوری سابیق خواستووەکە هەر نەبێ لاهور ساحێبی قسەی خۆی بووە.

*

بێدەنگیی پارتی لە هەشتی تەمموز و واڵاکردنی دەستی نوێنەری یەکێتی لە حکومەتدا، بۆ تەسفییاتی ناوخۆیی بەناوی حکومەتەوە، هیچقازانجێکی بۆ پارتی نەبووە و تەنانەت ئیدارەدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوڕانی تاڵەبانی لە بنبەست نزیک کردۆتەوە؛ تا هەڵگری سیفەتیبرازا بوون موو بە نێوانیاندا نەدەچوو کە بوونە سەرۆک و شتی وا، ئیتر وایانزانی سەرۆک بەرامبەر سەرۆک دەخوێنێ!

*

پارتی دەتوانێ و دەبێ رۆڵی هەبێ لە ئاساییبونەوەی بارودۆخی ناو یەکێتی، تا وەزعی ناوخۆی یەکێتی ئاوا بێت، پارتی زیاتر زەرەر دەکات. قسەکانی فازڵ میرانی ئاماژەیەکی روونن بۆ ئەوەی کە پارتی مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەمری واقعە نیوەچڵەدا ناکات. بە ئاشکرا دەڵێ کە جارێ بڕۆببە بە سەرۆک یان نیوسەرۆکییەکەت بەهاوسەرۆک کامڵ بکە، ئینجا دادەنیشین بزانین کەی مەوعیدێکی جەنابی سەرۆکت بۆ وەردەگرین.!

*

ئەوەی رەنگبێ پاڵی بەپارتییەوە نابێ کە بڵێ سەد رەحمەت لە کفندز! ئەو 10 مانگەی رابردووە کە لە رووی خراپییەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵپێش هەشتی تەمموز بەراورد ناکرێت. بۆیە ئەوەی فازڵ میرانی دەیڵێ هۆشدارییەکی جدییە بۆ کوڕانی تاڵەبانی کە چیتر پارتی پشتیوانیلەم دیزە بە دەرخۆنەییەی ناو یەکێتی ناکات.