ئەرێ بەڕاست کێ دەسەڵاتدارە!؟

22-05-2022 08:41

نووسینی: یوسف محەمەد

سەیرە ئەوانەی زیاتر لە سی ساڵە قۆرخی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و چەکداریی هەرێمیان کردوە و، لە ترۆپکی هەڕەمی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردوەی هەرێمن، کەچی کە قسە دەکەن وەک هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی گلەیی دەکەن و، باسی نائومێدیی خەڵک دەکەن! ئەرێ بەڕاست کێ دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە بوە و خەڵک لە کێ بێزارە؟

ئێوە کە دەسەڵات و خاک و خێروبێری کوردستان بە میراتی خێزانیی دەزانن و قۆرختان کردوە، سەرچاوەی سەرەکیی شکستخواردویی دەسەڵاتی هەرێم و بێزاریی خەڵکی کوردستانن. خەڵک لە ئێوە بێزارە کە پاش ئەو هەمو ساڵە و لەگەڵ ئەو هەمو سامانی ژێر زەوی وسەرزەوییە، پاش نزیکەی ١٠ ساڵ لە هاتنی بودجە لە بەغدا، پاش زیاتر لە ١٠ ساڵ فرۆشتنی زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، دارایی هەرێم و خەڵکەکەیتان هێنایە «سەر ساجی عەلی» و ئابورییەکەیتان وێران کرد.

خەڵک لە نەبونی دادپەروەری و بونی گەندەڵی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی نیشتیمانی بێزارە. خەڵک لە کۆشک و تەلار و کۆمپانیا وریزە ئۆتۆمۆبیلەکانی ئێوە بێزارە. خەڵک لەوە بێزارە کە دەزانێ ئێوە لە داهاتی ئەم وڵاتە بونەتە ملیاردێر و، خانەنشین و موچەخۆریش ئەبێبە نۆرە موچەی دو مانگی پێش ئێستا وەربگرن!

ئێوە خەڵکتان بە کوردبون و کوردایەتیش کافر کرد و، واتان کردوە کە ئێستا ئارەزوی گەڕانەوەی دەسەڵاتی عێراق بکەن. ئێوە هەرێمتان کردۆتە شوێنی تەراتێنی کۆنە بەعسی و هێزی چەکدار و هەواڵگریی دەوڵەتانی دەوروبەر!

ئێوە بونەتە سەرچاوەی گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێم و خستوتانەتە سەر لێواری روخان.

باشترین شتێک ئێوە بیکەن قسەی زل نییە، بەڵکو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و وازهێنان و، رێگا خۆش کردنە بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەیدەسەڵات.