داوای هەڵبژاردنێکی پاک دەکەین بە یاسا و کۆمسیۆنێکی نوێ

26-05-2022 07:37

نووسینی: شاسوار عەبدولواحید

دەقی وتاری شاسوار عەبدولواحید، کە ئەمڕۆ بەدریە ئیبراهیم لە ناو بارەگای UN لەبەردەم جینین بلاسخارت خوێندییەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێی وایە مۆدێلی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان کێشەی بونیادی گەورەی هەیە لە چەندین سێکتەری گرنگدا، زۆرینەی ئەو گرفتانەش پەیوەستن بە کەموکوڕی حوکمڕانییەوە. کە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی لێی بەرپرسن بە درێژایی ٣١ساڵی رابردوو.

لە دیدی ئێمەدا کێشەکانی هاوڵاتیانی هەرێم گەیشتونەتە ئاستێکی ئەوتۆ کەچیتر ناتوانرێ نادیدە بگیرێن، بە هۆی خراپی حوکمڕانیەوەخەڵکی هەرێم  متمانەی بەدەسەڵات نەماوە.

هاوڵاتی لە هەرێمدا  هەست ناکا مافی هاوڵاتی بوونی لە ڕویی سیاسیی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە پارێزراوە، هەست بە ئارامی ناکا لەڕوی پاراستنی مافەکانیەوە، هەڕەشەی جدی لە سەر بژێوی ژیان و ئازادییە گشتیەکانیان هەیە، خەڵکی هەرێم هێندەی هەست بە بونیدەسەڵاتی دوو حزب دەکەن لە دوو  زۆنی جیاوازدا ، هێندە هەست بە بونی حکومەتێکی یەکگرتوی بەهێز ناکەن کە مافەکانیان بپارێزێ.

پێداویستیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم سەرباری داهاتیكی زۆری نەوتی و نا نەوتی بەردەست نین، شەفافیەت و ڕونکاری لەکۆکردنەوەی داهات و دابەشکردنیدا نیە، ئاو و کارەبا ، ژینگە و رێگاوبان، پەروەردە و خوێندن، تەنانەت ئاشتی کۆمەلایەتیش مەترسیگەورەی لەسەرە.

هاوڵاتیانی هەرێم نیگەرانی ئەوەن کە بە سیاسییکردن  گەیشتۆتە هەموو سێکتەرەکان ، پەرلەمان و حکومەت وتەواوی دامەزراوەکان لاواز و بەحیزبی کراون، بە دەسەلاتی دادوەریشەوە کە ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە لە دیدی ئێمەوە.

ئێمە پێمان وایە حوکمڕانی باش واتا بونی پەروەردەی باش، تەندروستی باش ، رێگاوبانی باش.

لە دیدی ئێمە:

دیموکراسی باش بریتیە لە ئازادی میدیا، لە دیدی نەوەی نوێدا حکومەتی بەهێز ئەو حکومەتەیە کە شەفاف بێ و خەڵک متمانەی پێی هەبێ. وە هاوڵاتی وەک حکومەتی خۆی تەماشای بکات و پشتی پێ ببەستێت و متمانەی پێ بکات و خۆی بە بەشێک لەو وڵاتە و لەو حکومڕانییەببینێتەوە، نەک بەردەوام لە هەوڵی جێهێشتنی نیشتیمانەکەی بێت.

ئامانجی سیاسیی ئێمە بریتیە لە بەهێزکردنی ژیانی دامەزراوەیی، رێزگرتنی رۆڵی پەرلەمان، جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکانی هەرێم،بەهیز کردنی پەیوەندی نێوان دامەزراوە دەستوری و شەرعیەکانی هەرێم و دور خستنەوەی دەستی حزب لێیان.

ئێمە پێمان وایە مەترسیەکەی گەورەی سەر هەرێم کێشە ئابوریەکانن، پێمان وایە غیابی روئیا و پلانە، کە هەرێم یاسای موازەنەی نیە،سەرباری داهاتی زۆر توانای هیچ جۆرە چاکسازییەکی نیە لە سێکتەری ئابوریدا، پێمان وایە کاتیەتی کە کەرتی گشتی و کەرت تایبەت جیابکرێتەوە و دەستی حزب لە بازاردا دور بخرێتەوە.

نەوت و سەرچاوە سروشتیەکان هەتا ئێستا هێندەی بونەتە هۆی کێشە بۆ خەڵک نەبونەتە هۆکاری ئاسودەیی و ئارامیی بۆ موچە و بژێویخەڵک، دەبێ سیاسەتی نەوتی هەرێم بەروی ناوخۆ و دەرەوەدا بگۆردڕێ و شەفاف بێت.

ئێمە نیگەرانین، کە دوو زۆنی ئیداری و دوو هێزی پێشمەرگە و تەنانەت دو دەزگای ئاسایشمان هەیە، ئێمە باوەمان وایە دەبێ دەزگاکان ،هێزی پێشمەرگە، زانکۆکان، زمان و بازاڕ و میدیا بە دور بن لە دەستی حیزبەوە.

وەکو نەوەی نوێ  لەگەڵ پەیوەندیەکی تەندروست و دەستورین لەگەڵ عێراقدا، پێشمان وایە دەبێ گفتوگۆیەکی نیشتیمانیی دەستوری بێلایەنلەبەرژەوەندەی هەردولا سەرپێ بخرێ و پێمان وایە چارەسەری کێشەکانی هەرێم لە بەغدادە نەک لە وڵاتانی دراوسێ.

ئێمە دەمانەوێ بڵێین کە لای نەوەی نوی هەولێر و بەغدا یەک پاکێجە . وە جۆری مامەڵەی دەسەلات لە هەرێم لەگەڵ ئێمە کاریگەری دەبێتلەسەر جۆری هاوکاریمان لەگەڵیاندا لەبەغدا.

واتە ناکرێت لە هەرێم خەڵک لەوپەڕی گوزەران خراپیدا بن، وە دامەزراوەکان بێ ئەهمەیت بکرين و دەسەڵات حساب بۆ پەرلەمان ودامەزراوەکانی تر و هەڵبژاردن نەکات، بەڵام لە بەغداد داوامان لێ بکرێت هەموو کورد یەکگرتوو بین لە بەرامبەر ئەو مەترسیانەی کە گوایەلەسەر هەرێم هەن.

بەرێزان:

وەک نەوەی نوێ داوای هەڵبژاردنێکی پاک دەکەین بە یاسا و کۆمسێۆنێکی نوێ، کۆمسیۆنێک کە ئەگەر باشتر نەبێت لەوەی بەغداد، ئەوانابێت خراپتر بێت. وە ئێمە بە سەراحەت دژی دواخستنی هەڵبژاردنین لە ژێر هەر بیانویەکدا بێت، دەمانەوێ نەتەوە یەکگرتوەکان نزیک وپشتیوان بێ بۆ هەڵبژاردنێک کە وابکا خەڵک متمانەیان بۆ سندوقەکانی دەنگدان و بە سیستەمی حوکمڕانی هەرێم بگەرێتەوە.

ئێمە دژی هەرێم ، دژی خەڵکی هەرێم نین ، بەڵام دژی ئەم شێوازە خراپەی حوکمڕانی هەرێمین و ئامۆژگاریمان بۆ دوو لایەنی دەسەڵاتئەوەیە کە تەنها یەک رێگەیان لە بەردەمدایە ئەویش بەهێزکردنی دامەزراوەکان وکۆکردنەوەی تەواوی خەڵک و هێز و لایەنەکانی هەرێمە لە ژێرقوبەی پەرلەمانێکی راستەقینە  و دامەزراوەکانی هەرێم.

دەنا بەم شێوازەی ئێستا ئەگەر بەردەوام بن ئەوا نەک یەک ریزی کوردی دروست نابێت، بەڵکو رەنگە شتێک نەمێنێت بە ناوی دەسەڵاتیکوردی و پەرلەمانی کوردییەوە.

 

بەڵام بێگومان ئێمە وەک نەوەی نوێ بڕوامان وایە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکاری میلەت و خەڵکەکەمانە ، وە ئێمەش وەک نەوەی نوێئەمرۆ لێرە ئامادەین بۆ ئەوەی ئایندەیەکی روناک بۆ ئەم هەرێمە و خەڵکەکەی بوننیاد بنێین و بەدی بهێنین.

 

لەگەڵ رێزدا....