های ئەند بای مستەر!

28-05-2022 03:54

نووسینی: رێبوار کەریم وەلی

قسەکردن لەسەر دۆخی یەکێتی و ئەو گاڵتەجاڕییەی بەناو سیاسەتەوە دەیکەن هێندە ئاستی نزم بۆتەوە کە ئەرزشی ئەو وشانەی نییە کە لەنووسیندا، بەکاریان دێنی.

*

تورک دەڵێن شتێک کە ئیزاحی(شەرحی) نەبێ دەبێتە میزاح(بابەتی گاڵتە)! یەکێتی رێک لەو دۆخەدایە!

*

یەعنی چی تۆ خۆت وەک مەیمونێکی گەڕ و گول بۆ مۆزێک سەد تەقڵە لێبدەی، بەڵام دوایی بێی بڵێی من تەقڵەتان پێ لێدەدەم بە کەسیش نابە فیل!

*

یان شارونیوێکت پێ بەڕێوە نەبرێ، داوای خۆ بەخاوەنکردن لە چوار پارچە و 45 ملیۆن کورد بکەی! رەمەزانتان بە هینێکی خاوێن گرت ئەوجا نۆرەی شەشەڵانتانە! لەوەش گەڕێ کاکە نفوسی کورد خۆی لە شەست ملیۆن داوە، بەڵام پێدەچێ مەبەست ئەوە بێت کە خۆ لە پانزدە ملیۆنەکەی ئێران بەخاوەن ناکەن!

*

هەر بە فشە دەتوانم بیست تاڵەبانی و برایم ئەحمەدیت بە جیاجیا بۆ بژمێرم کە بە ماڵ و منداڵەوە لە بازنەی حوکمڕانیدان، بەڵام شوکر یەکێتی نەبۆتە حزبی بنەماڵە!

*

ئێ چیدیکە؟ ناڵێن ئەزبەنی! نیوەی خەڵکی پارتی دەمێکە وازیان لەوە هێناوە، شوکر ئێوەش زانیتان کە چیتر ئەم دەستەواژەیە بەکار نەهێنن.

*

ئینجا نیوسەرۆک هەوڵی کوشتنی دراوە و کەمێکیش دڵی هێشاوە. ئێ؟ 9 مانگە ئەوە رویداوە و هەوڵی تیرۆرکردنی پایەبەرزترین کەسی بنەماڵەکەتان دراوە کەچی تا ئێستا یەک تاقە نەفەریشتان نەگرتووە و یەک تۆمەتیشتان بەسەر نیو نەفەریشدا پێ ساغ نەکراوەتەوە! عەجیب! بە پارتیتان گوتبایە نیوەی سلێمانیی بۆ دەکردنە ژوورەوە.

*

ئێستا ئیتر مستەر بە شەرعییەتی دیدار بووەتە سەرۆک. پارتیش زۆری پێخۆشە کە ئەو نەوعە لە تەوریسی سیاسییە بەو ئاراستەیەدا سەربگرێ. ئاراستەی بەڕێوەبردنی یەکێتی بە کۆکردنەوەی چەند هەزار کەسێکی دەستەبژێری خاوەن بەیعەت بۆ بنەماڵی تاڵەبانی کە خۆیان پێ میراتگری بەرهەقە مۆری لێدرا و ئەوەش دوپات کرایەوە کە لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا، یەکێتی وەکو هەمیشە یاری قافڵە و پاش دزە.

*

ئەم دیدارە بە موبارەکەی پێشوەختەی پارتی، کۆتایی بە سیستەمی هاوسەرۆکی و گەڕانەوەی لاهور شێخ جەنگی بۆ ناو یەکێتی هێنا. لێرەبەدواوە ئیتر دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئایا لاهور دەتوانێ لەسەر کەلاکی گۆڕان و رەوتی دەرەوەی یەکێتیی نوێ، شتێک بنیاد بنێ یان نا!؟