بانگەوازێكی بەپەلە لە وەزارەتی تەندروستییەوە

27-03-2020 08:45


پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە بانگەوازێكی بەپەلەدا داوا لەو كەسانە دەكات كە لە 1-3 تا 14-3 لە ئەوروپا گەڕاونەتەوە پەیوەندییان پێوە بكەن.

ئەو بانگەوازە لەكاتێكدایە ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم گەیشتە 115 كەس، دوای ئەوەی 2 تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەكە ڕاگەیەندرا كە یەكێكیان لە هەڵەبجەیەو گەشتی دەرەوەی نەكردووە.

وەزارەتی تەندروستیی لە بانگەوازەكەیدا دەڵێت: بۆ هەموو ئەو هاوڵاتیانەی لە وڵاتانی ئەوروپا لە 3/1 ەوە گەڕاینەوە تاوەكو 3/14 بۆ بەرژەوەندی خۆتان و خانەوادە و هاوڵاتیانی كوردستان، تكایە بەپەلە پەیوەندی بەژمارە 122 یان سەردانی سەنتەرەكانی كۆڕۆنا لەناو شار و قەزا و ناحیەكان بكەن بۆ پشكنینی تاقیگەیی بۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆ دڵنیابوون لە هەبوون و نەبوونی ڤایرۆسەكە.

"دڵنیاتان دەكەینەوە تەنها نمونەی پشكنین وەردەگیرێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان. هاوكاریتان خزمەتی مرۆڤایەتی و تەندروستی خۆت و هاوڵاتیانە" وەزارەتی تەندروستی وادەڵێت.

هەر ئەمشەو وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، دوو تووشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 دەستنیشانكرا، كە یەكێكیان پیاوێكی تەمەن 34 ساڵە لە كەڕەنتینی شاری هەولێر و ئەوەی تریان پیاوێكی تەمەن 37 ساڵە لە شاری هەڵەبجە.

بەوەش كۆی گشتیی تووشبوون گەیشتە 115 حاڵەت، كە دوانیان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 41 تووشبوو چاكبوونەتەوە كە سەرجەمیان لە سلێمانی بووە.

لەبارەی ئەو كەسەی لە هەڵەبجە تووشبووە، د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، پیشەی كاسبەو 3 ڕۆژ لەمەوبەر داغڵی نەخۆشخانەی كۆرۆنا كراوە‌و ‎هیچ مێژوویەكی گەشتكردنی نیە بۆ دەرەوەی وڵات.
"‎لەبەرئەوە ئێستا تیمەكان سەرقاڵی دۆزینەوەی كەسە بەركەوتوەكانن لەگەڵ ناوبراو" د.ئازاد مستەفا وادەڵێت.

ئەو دوو حاڵەتەی لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.