9 تووشبووی دیكەی كۆرۆنا لە سلێمانی چاكبوونەوە

27-03-2020 10:37


پەرەگراف

د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: 9 حاڵەتی توشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی چاكبوونەوە و گەڕانەوە ماڵەوە.

بەوەش كۆی گشتی ئەوانەی لە شاری سلێمانی چاكبوونەتەوە گەیشتە 48 كەس.

ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم گەیشتە 115 كەس، دوای ئەوەی ئەمشەو 2 تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەكە ڕاگەیەندرا كە یەكێكیان لە هەولێرو ئەوەی دیكەیان لە هەڵەبجەیەو گەشتی دەرەوەی نەكردووە.

هاوكات وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە بانگەوازێكی بەپەلەدا داوا لەو كەسانە دەكات كە لە 1-3 تا 14-3 لە ئەوروپا گەڕاونەتەوە پەیوەندییان پێوە بكەن بۆ پشكنینی تاقیگەیی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ دڵنیابوون لە هەبوون و نەبوونی ڤایرۆسەكە.

لەبارەی ئەو كەسەی لە هەڵەبجە تووشبووە، د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، پیشەی كاسبەو 3 ڕۆژ لەمەوبەر داغڵی نەخۆشخانەی كۆرۆنا كراوە‌و ‎هیچ مێژوویەكی گەشتكردنی نیە بۆ دەرەوەی وڵات.

"‎لەبەرئەوە ئێستا تیمەكان سەرقاڵی دۆزینەوەی كەسە بەركەوتوەكانن لەگەڵ ناوبراو" د.ئازاد مستەفا وادەڵێت.

تائێستا 2 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمار كراوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.