"وەڵامێک بۆ دەسەڵات و شاگردەکانیان"

10-06-2022 06:54

نووسینی: رێبوار ئەورەحمان، وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق 

بۆ ئەو ژمارە کەمە بەناو سیاسیی و پەرلەمانتار و کاندیدە دەرەچوانەی چەندین ساڵە  بەحساب سیاسەت دەکەن و ئێستا بە هەنگاوەکانی نەوەی نوێ ئیحراج بوون (لەگەڵ رێزمان بۆ کەسە باش و بەهەڵوێسەکان کە بە حقد و رق و ئیرەییەوە سیاسەت ناکەن و بۆچونەکانیان واقعینو تەنانەت رەخنەکانیشیان دروستکەرن)

بەو گروپە کەمە دەڵێین؛

لێتان تێ دەگەین، وە هەست بە ئازارەکەتان دەکەین، دەزانین چەندە ناخۆشە بۆ ئێوە چەندین سالە سیاسەت و پەرلەمانتاری و وەزیری و حیزبایەتی، ئێستا کۆمەڵێکی نوێ بە دوو سێ ساڵ بتانگرنەوە.

بەڵام حەقە بزانن، فەلسەفەی ئەم ململانێی بەنزینە لەوەدا نیە ١٠ تانکەر یان ١٠٠ تانکەر دابەش بکەین، چونکە بێعەقڵترین کەس دەزانێت کێشەکە بەوە چارەسەر نابێت،  بەڵکو لە مانا رەمزیەکەیدایە کە ئەتوانی دەسەڵات ئیحراج بکا وفشار دروستبکا و کاریگەرییشی زۆر دروست بکا.

پەیامی ئێمە لەو بەنزینە هەرزانە یەک شتە، خەڵکی سادە خەڵکی ئاسایی تێیگەیشتوە ئێوە بۆ تێی ناگەن؛

ئەوەیە بۆچی حزبێکی ئۆپۆزسێۆن دەتوانێ پاڵپشتی بەنزین بکا بەهەرزان دابەشی بکا بۆ چی حکومەتی هەرێم ناتوانێ، وەک چۆنحکومەتی عێراق بۆ ۱٥ پارێزگای عێراق سوتەمەنی مدعوم و پاڵپشتیکراو دابەش دەکا.

ئامانجی ئیمە ئیحراجکردنی حکومەت و دەسەلاتە ئەوەتا حکومەت پێش ئەم هەنگاوەی نەوەی نوێ ٢٠ بەنزینخانەی دانابوو بۆ بەنزینی ٦٩٠دیناری، ئێستا کردوێتی بە ٦٢ بەنزینخانە، ئێمە ململانێ لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵات دەکەین ئێوە بۆ پێی تێکچون و بوونەتە محامی شەیتان؟!

ئەوەتا ئێستا خەلک جیاوازی ئۆپۆزسیۆن و دەسەلات دەبینن، هاوڵاتییان دەڵێن بۆ نەوەی نوێ دەتوناێت بەنزین بە هەرزان دابەش بکات، بۆ حکومەت و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ناتوانن؟

باشە هەندێک بە ناو نارازی و بەناو پەرلەمانتاری نارازی(کە دڵنیاین لە ژێرەوە لەگەل دەسەڵاتن و تاکە ئامانجی ژیانیان بوە بەوەی بە پەرلەمانتاری بمێننەوە) ئێوە نەتان دەویست خەلک دژی پارتی و یەکێتی بێت؟ ناتانەوێت خەلک دەنگیان پێ نەدەن و دەنگ بدەن بەئۆپۆزسیۆن؟ ئێ ئێستا ئەوە رودەدات، ئیتر بۆ پێتان ناخۆشە؟ یان خۆتان ناراستەوخۆ سەر بە دەسەڵاتن بۆیە نارەحەتن!؟

پاشان بە هەموو عەقڵتان چۆن ئەمە خەڵک سارد دەکاتەوە؟ خۆتان دەڵێن نەوەی نوێ یەک دوو تەنکەر دابەش دەکات و هیچ نییە! ئێ باشەیەک دوو تەنکەر وا بەشی ٤٠٠ ئۆتۆمبێلی کرد، ئەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلەکەی تر؟ ئایا ئەوانیش سارد دەبنەوە؟ یان تورە تر دەبن کاتێک دەبینن ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بەنزین بە هەرزان بدات بەڵام دەسەڵات نایکات؟!

مەگەر ئیشی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە لە هەموو دونیادا ئەوەنیە دەسەڵات ئیحراج بکا؟! یان لای ئێوە بریتیە لەوەی لە میدیاکانەوە قسەی زل بکەن و پاشان برۆن لە کۆبونەوەکانیاندا بە دەمیانەوە پێبکەنن؟!

سودێکی تری بەنزیەنەکەی نەوەی نوێ دەرخستنی هەموو ئەو دەموچاوە ساختانەیە کە لە ژێرەوە لەگەڵ دەسەڵاتن و لەم ساتانەدا ئاشکرادەبن، چونکە دەسەڵات خۆی زۆر نارەحەتە و رێگری دەکات لە دابەشکردن، بۆیە باشترین پلانی دەسەڵات بریتییە لە بەکارهێنانی ئەمانەی کەلە ژێرەوە پارە لە دەسەڵات وەردەگرن، تاوەکوو لە ئیحراجیەکەی دەسەڵات کەم بێتەوە.

هەتا ئاوها خۆتان بخڵەتێنن و دژی نەوەی نوێ ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە بن، ئەوا رۆژ بە رۆژ بچوکتر دەبنەوە، دڵنیام ڕا و کۆمێنتی خەڵکیش دەخوێننەوە کە چیتان پێ دەڵێن؟!

ئێمە لە نەوەی نوێ لەسەر ئەرز ئیش دەکەین و ئێوەش لە میدیا و خەیاڵی خۆتاندا دژمان بن،  لە هەڵبژاردندا خەڵک قسەی کۆتایی خۆی دەکا.