کێ بەرپرسیارە!؟

28-06-2022 11:24

نووسینی: د. یوسف محەمەد

لەپاڵ ھەمو کێشەکانی تری ھەرێم، تا دێت رێژەی تاوان لە ھەرێمی کوردستان رو لە بەرزبونەوە دەکات و، دیاردەکانی کوشتن و خۆکوشتن و تۆڵە سەندنەوە و تەقە کردن، بونەتە ھەواڵی رۆژانە. ھۆکاری سەرەکیی ئەمەش نەبونی سەروەریی یاسا و لاواز کردنی دادگاکانی ھەرێمە.

دەسەڵاتدارانی ھەرێم بەرپرسیاری سەرەکین لە پێشێل کردنی یاسا و نەبونی یاسا سەروەری و لاواز کردنی دەسەڵاتی دادوەری لەڕێیدەستوەردانی شەخسی و حیزبی تیایدا. کار گەیشتۆتە ئەوەی سەرۆکایەتیی دادگاکان ئێستا کراونەتە مەیدانی نەک تەنھا ململانێ حیزبییەکان، بەڵکو کراونەتە مەیدانی یەکلا کردنەوەی سەنگ و قورسایی کەسە دەستڕۆشتوەکانی ناو یەک حیزبیش!

ئەو کاتەی تۆمەتباران دەستگیر ناکرێن و بە بیانوی پارێزبەندیی ئەمنی و، تەنانەت بە ھۆی سەنگەر گۆڕینی حیزبییەوە دادڵدە ئەدرێن، ئیتر دادگا و سەروەریی یاسا بێ ئەرزش دەبن و، دیاردەی شەڕەنگێزی پەرە ئەسەنێت.

خۆ ھەر بە بیانوی خراپ بەکارھێنانی موبایل و لەسەر کۆمێنت نوسین و رەخنە گرتن، چەند چالاکوانێکی ئازا و ئازادیخوازی بادینان توندی زیندان کران و، پێش دادگایی کردنیان مەسرور بارزانی تاوانباری کردن بە «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەییو بە تکا و رجای دنیاتا ئێستاش ئامادە نین بەشێکیان ئازاد بکەن! کەچی ئەم تۆمەتبارەی ئەمڕۆ ئەو تاوانە قێزەونەی ئەنجامدا و دو مامۆستای زانکۆی کردە قوربانی، پێشتر بۆ قوتار کردنی لە زیندان بە تۆمەتی ئەنجام دانی ھەڕەشەی کوشتنەوە، بە راپۆرتی پزیشکی کراوە بە نەخۆشی دەرونی وبەرەڵا کراوە تا دواجار ئەم تاوانەی ئەمڕۆی ئەنجامدا. ئاخر «نەخۆشی دەرونی» کە ھەڕەشەی کوشتنی لە مامۆستایەکی زانکۆ کردبێ، ئەبرێتە نەخۆشخانەی دەرونی یان بەڕەڵا ئەکرێ بۆ ئەوەی ھەڕەشەکەی بباتە سەر!؟

ئەو راپۆرتە پزیشکییە چۆن ئامادە کراوە و بە فشاری کێ پەسەند کراوە!؟ کێ لێپرسینەوە لەوانە ئەکات ئەو راپۆرتەیان ئامادە و ئیمزاکردوە؟ یان لەو دادوەرەی ئەو راپۆرتەی قەبوڵ کردوە و تۆمەتباری ئازاد کردوە!؟

راستییەکەی ئەوەیە کە ھەرێم لە بری حوکمی رەشید، خاوەنی دەسەڵاتێکی تێکدەرە و، وا خەریکە سەرجەم سێکتەرە دادوەری و یاساییو  پەروەردەیی و تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان تێک ئەدا و شیرازەی کۆمەڵایەتی دەپچرێنێ و، ئاسایشی کۆمەڵایەتی ناھێڵێت.

گەورەترین مەترسی لەسەر ھاونیشتیمانییانی ھەرێم، ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ھەرێمە..

جێگەی کۆچکردوان دکتۆر ئیدریس و دکتۆر کاوان بەھەشتی نەبڕاوە بێ و خوای گەورە سەبوریی کەسوکاریان بدات.