سەدر بەرەو کوێ؟

11-08-2022 12:03

نووسینی: د.سەردار عەزیز

لە پاش گۆڕینی ڕژێمەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، هیچ کەسایەتییەکی تر هێندەی موقتەدا سەدر جێگای ئاڵۆزی و کێشەو نەیارێتی نەبوە. لەسەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ ئەمریکاییەکان و نوخبەی شیعە و ئێرانیش بە ئاستی جیاواز نەیارێتی دەکەن. بەڵام سەدر ئێستا بەهێزترین کەسایەتی سیاسی وڵاتە و لە ترۆپکی دەسەڵاتیدایە، ئایا لێرەوە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بزانین، دەبێت مێژو و دیدی سەدر بۆ دۆخەکە بە ووردی بزانین.

سەدر سەر بە خێزانێکی ناسراوە لە عێراقدا، لە مێژوی عێراقدا لە ڕوی ئاینی و کۆمەڵایەتی و حکومدارییەوە هەمیشە پێگەیەکی دیاریان هەبوە. بەڵام خەسڵەتێک کە سەدرییەکان لە ئەوانیتر جودا دەکاتەوە، نزیکێتی سەدرە لە چینەکانی خوارەوە.

لە چەند مانگی پێشوودا چین-ناسی ناسراو ڤیکتۆر شیه Victor Shih کتێبێکی نوسی دەربارەی مامەڵەی نوخبەی سیاسی چینی لەگەڵ یەکتردا، بە تایبەتی لە لایەن ماوەوە، بە ناونیشانی هاوپەیمانی لاوازەکان. هەردوو ناونیشانی کتێبەکە و بە جۆرێک لە جۆرەکان میتۆدەکە،بەکارمان دێت بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە. سەدریەکان بە پێچەوانەی نوخبە ئەرستۆکراتییەکەی نەجەف، خەڵکی پەراوێزخراوی ناو کۆمەڵگایشیعە لە خۆیان کۆدەکەنەوە، سڵناکەنەوە لە کۆکردنەوە کاوڵی و شروگی و زنجی و ڕەشپێستەکانی بەسرە و هەژاران و مەعدانەکان. ئەمە بەتەواوی پێچەوانەی مامەڵەی نوخبەی تری شیعەیە، کە زیاتر خۆیان لە پارەدارەکان نزیک دەکاتەوە بە تایبەتی لە بەر بونی سیستەمی خومس. کە جۆرێکە لە باج لە ئاینی شیعەدا و پێنج یەکی داهات دەچێت بۆ ڕابەری دینی. مناڵی ئەم جۆرە لایەنگرانەبون کە ڕۆژانی پێشوو لەپەرلەمان بوون و کەسێکی وەک موسەننا ئەمین بە سوک تەماشای دەکردن. سوک تەماشاکردنەکەی موسەننا ڕەنگدانەوە کەلتوری سوننی ونوخبەی شیعەبوو کە لە گەڵیاندا دەژی. یەکێک لەو خۆپێشاندەرانە بە ناوی حەیدەرەوە بۆ واشنتۆن پۆست لێدوانی دابوو، خوازیاری ئەوەبووکە گرتنی پەرلەمان هەتا کۆتایی هاوین بەردەوام بێت، چونکە ئەو لە هەموو ژیانیدا لە جێگای وەها فێنکدا نەخەوتوە.

بە هاتنی خەڵکی هەژاری عومارە و ناسریە و قەراخەکانی دیجلە بۆ بەغدا و دروستبونی شاری شۆرش، بە مەبەستی تەعریبی بەغدا، لەسیستەمێکی تایبەتی ئەندازەسازی و کۆمەڵایەتی، کە لە لایەن ئەندازیارێکی یونانییەوە [دۆکسیادێز] نەخشەی بۆ دەکێشرێت، قورسایی سەدریەکان دەکەوێتە بەغدا. ئەم خەڵکە کە لە گوندەکانەوە دێن دەبنە بەشێک لەو پرۆسەیەی کە پێی دەڵێن بە گوندکردن، لە بڕی ئەوەی ببن بەشاری کەلتوری گوند بە سەر شاردا دەسەپێنن. بەڵام لە ڕوی شوناس و باری دەرونی و دۆخی کۆمەڵایەتی پێویستیان بە ڕابەرێکە بۆ ئەوەی کۆیان بکاتەوە، هێز و مانا و نوێنەرایەتیان پێ ببەخشێت. موقتەدا هەموو ئەمەی بە میرات بۆ ماوەتەوە. ئەمەشە بنەمای نزیکبونەوەی موقتەدالە شیوعیەکان.

هەندێک چاودێر ئەم توێژە بە نزیکەی دە لە سەدی خەڵکی عێراق لە قەڵەم دەدەن. خەسڵەتی ئەم توێژە ئەوەیە بە ئاسانی دەستبەرداری سەدرنابێت. سەدر لە لایان تەنها سیاسییەک نیە، بەڵکو ڕابەر و پیرۆز و سەرچاوەی هێز و مانایە. گەر لە ڕەفتارەکانی موقتەدا بنواڕیت، بەدانیشتن لە سەر فەرش و لێخوڕینی ئۆتۆمبیلی بچوک و هاتنە ناوەوەی جەماوەر، هەموو نمایشن بۆ ئەوەی پێیان بڵێت ئێوە و شێوەژیانەکەتانم لە بیر نەکردوە، ئەگینا هەموو دەزانن کە موقتەدا خاوەن داهات و سامانەکی زەبەلاحە.

موقتەدا ئێستا لە بەردەم ساتەوەختێکی ئێجگار ئاڵۆزدایە، ئایا چۆن بە سەر عێراقدا زاڵبێت، وەک تاکە ڕێگا بۆ ئەوەی لەناو نەچێت؟ ئەمەوەرچەرخانە لە دۆخێکەوە کە موقتەدا داوای ئەوەی دەکرد کە هەبێت وەک هێزێک، بەڵام ئێستا دەیەوێت هەبێت وەک خاوەنێک، وەک تەنها ڕێگای مانەوە. لەم پێناوەدا موقتەدا دەبێت سەرباری دەوڵەت دوو لایەنی تر کۆنترۆڵ بکات، ئەوانیش شیعەی عێراق و حەوزەی نەجەفە. گەرتەماشا بکەیت دەبینیت چۆن زمانی سەدر لە ماوەی ڕابوردودا گۆڕاوە بۆ زمانێکی تەواو دینی، هەتا ئاستێکی زۆر تایفیی. هەندێک لەلایەنگرانی گۆرانی بعزم حيدر والنبي مايضل كل ناصبي-یان دەگوتەوە لە پەرلەمان، لای هەندێک ناسبی مەبەست لێی سوننەیە. ناسبی مەبەستی لێی ئەوانەن کە ڕقیان لە ئەهلی بەیتە.

هەموو دەزانین کە موقتەدا ناتوانێت ببێت بە ئایەتواللە بەم زوانە. ئەم لایەنە یەکێکە لەو بوارانەی کە ڕەخنەگرانی وەک لایەنی لاوازی مامەڵەی لە گەڵدا بکەن. مارسین ئەلشەمەری یەکێکە لەو دەنگە لاوە دیارانەی کە وەک شارەزای حەوزە قسە دەکات و دەنوسێت، ئێستاسەرقاڵی گۆڕینی نامەی دوکتۆراکەیەتی بۆ کردنی بە کتێبێک کە تایبەتە بە میکانیزمی کارکردنی حەوزە، کاتێک ڕەخنەی لە موقتەدا گرت وەک کەسێکی وێناکرد کە خاوەنی ئەو پێگە و سەرمایەیە نیە کە بتوانێت ببێتە خاوەن دەنگی شیعە یان نوێنەری حسەین یان ڕابەری حەوزە. (جارێک لە گەڵ مارسین لە دیدارێکی دیسکی عێراقی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکیدا بووم، تەنها من و ئەو باسمان لە دەستدرێژی تورکی کرد، ئەو بە مەبەستی داکۆکی لە جەماعەتی چوارچێوە بوو، بەڵام من بۆ مەبەستی داگیرکاری کوردستان).

موقتەدا لەم هەوڵەیدا ڕوبەڕوی بنەماڵەی سیستانی دەبێتەوە، کە جۆرێک لە سیستەمیان داڕێژاوە بۆ چۆنێتی بەڕێوەچونی حەوزە بەتایبەتی لە لایەن کوڕەکەی سیستانیەوە، محەمەد ڕەزا. بێدەنگبونی حەوزە و سیستانی لەم دۆخە باشترین بەڵگەیە کە حەوزەی نەجەف دژ بە موقتەدایە وناوێرێت لە ترسی جەماوەر پشتیوانی چوارچێوەبێت. [دەبێت ئەوەمان لە بیرنەچێت کە سەدر و چوارچێوە پێکەوە تەنها سێ ملیون دەنگیان هەیە لە جەماوەرێکی نزیکە سی ملیونی].

بە دیدی هەندێک چاودێر، لە نێویاندا نیبراس کازمی، ئێران لە ماوەی ڕابوردودا دۆخی عێراقی لە لایەن خۆیەوە هەڵپەساردبوو، بەتایبەتی پاش قەیرانی ناو پاسداران و گۆڕینی سەرۆکی ئەو لایەنە. بەڵام لە ماوەی پێشوودا محەمەد رەزا پەیوەندی دەکات بە خامنەئیەوە بۆ هاوکاری لە ترسی سەدر. ئێرانیش ئەمە بە دەرفەت دەزانێت بۆ سود وەرگرتن لە دۆخەکە، چونکە ئێران نە دۆستی سەدرە و نە سیستانی چونکە هیچکامیان سەر بە سیستەمی ولایەتی فەقیه نین.

دیارە بێگومان ئێران کۆمەڵێک چەسپیوی هەیە لە عێراقدا، لەوانە حوکمی شیعە، پەراوێزی سوننە، پشتیوانی کورد بۆ حوکمی شیعە، دروستنەبونی ناسیونالیزمی عێراقی و کەسایەتی بەهێز، سەرنەکەوتنی دیموکراسی، رێگریی لە ئەمریکا و ئیسرائیل و کەنداوییەکان. بەڵام وەک محسن میلانی دەڵێت موقتەدا لە سەروی هەموو مەترسییەکانەوەیە. دیارە زۆر کەس موقتەدا وەک دۆستی ئێران لە قەڵەم دەدەن. موقتەدا دژنیە بەڵام ڕەنگە لە دەرەوەی پلانی خۆی جۆرێک لە شوناس دروست بکات کە شیعە پەرت دەکات، شوناسی شیعەی عێراقی تۆکمە دەکات.

ئەم خواستەی موقتەدا وەهایکردوە کە ڕکەبەرەکانی وەهای ببینن بە سەرکەوتنی هەوڵی لەناودانی ئەوانیتر دەدات. بۆ ئەمە ئەوەندە بەسە بگەڕێینەوە بۆ کوشتنی عبدالمجید خوئیی، ڕۆمانی فیتنەی کەنعان مەکیە وەک گوناهی سەرەتای عێراقی نوێ مامەڵە لە گەڵ ئەم پرسەدادەکات. لای موقتەداش ڕونە، بە تایبەتی پاش ئاماژەدان بە مالیکی و پاشان دانانی سودانی کە مەبەستی ئیتار دانانی کەسێکە کە بیەوێتڕوبەوڕی سەدر بێتەوە. هەرچەندە محەمەد شیاع سودانی ئەوەی لێڕانابینرێت کە ڕوبەروی سەدر بێتەوە، بەڵام وەک پیاوی مالیکی ولاوازبونی، کە ناچاری دەکات بەوەی دەورە بدرێت بە کەسانی تر و زوو بکەوێتە ژێر ڕوداوەکانەوە، بەکاربێت بۆ روبەڕوبونەوەی سەدر. لەم ڕوانگەیەوە، ڕوبەڕوبونەوەی سەدر حەتمیە، بەڵام پرسی کات و گونجاوییە. ئایا ئەگەر ڕوبەروبونەوە روبدات چی ڕودەدات؟ ئەگەر سەدر سەرکەوتوبێت ئەوا کۆریایەکی باکوری دینی دروست دەبێت، ئەگەر ئیتار زاڵبن عێراق پەرتەوازە و پاشکۆی ئێران دەبێت. بەڵام روداوی گەورە ئەوە دەبێت ئایا سەدر لە شیعە جودا دەبێتەوە و وەک دروز و عەلەوی و ئیسماعیلی و ئەوانیتر دەبێتە تایفەیەک؟ هەتا ئەو ڕۆژە بە خوایگەورەتان دەسپێرم.  لە هەمانکاتدا راڤەیەکی تر هەیە کە پشت بە تۆڕی نزیکی خزمایەتی نوخبەی ئاینی-سیاسی شیعە دەبەستێت، دۆخەکەبە تەواوی بە ئاراستەیەکی تردا دەبات. قسەکردن لە سەر ئەو تۆرە ئاڵۆزە و پێویستی بە ماندوبونی زیاترە. کورد لە هەموو شتێک زیاتر پێویستی بە ناوەندێکی شیعە ناسییە، نەک لە روانگەی سوننیەوە، بەڵکو مێژوگەرایی و تیولۆجی و زانستی.