ئایا دادگای باڵای فیدراڵی دەتوانێت ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە؟

12-08-2022 05:25

 

نووسینی: د. ئیسماعیل نامیق- پسپۆڕی یاسا

کاتێک ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانێت دەنگ لەسەر  ھەڵبژاردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بدات، لەھەمان کاتدا نایەوێت خۆشی ھەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا رێگا بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە پەنابردنە بۆ دادگای باڵای فیدراڵی.

دادگا دەتوانێت چی بکات؟

لەدۆخێکی وادا دادگا ئەتوانێت راڤەیەکی وا بۆ دەقەکانی دەستوور بکات، کە لەگەڵ روحی دەقەکان و داخوازییەکانی دۆخی ئێستای عێراقدا بگونجێت.

کەواتە چی بکات؟

دادگا دەتوانێت یەکێک لەم  چارەسەرانە بسەپێنێت:

یەک: ھەموو ئەو ماوانەی کە لەدەستووردا دیاریکراون بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکھێنانی کابینەی حکومەت (ماددە ٧٥/ بڕگە ٣ وماددە ٧٦)، کۆ بکاتەوە، کە سەرجەمی  ھەموویان ئەکاتە (١٦٥ رۆژ پاشان سەیر بکات، ئەگەر لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە (١٦٥ رۆژزیاتر) تێپەڕ بووبێت، ئەوا حوکم بدات بەھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن.

دوو: دەکرێت پێش ئەوەی پەنا بۆ چارەسەری یەکەم بەرێت، ماوەیەکی دیاریکراو بدات بە پەرلەمان، تا لەو ماوەیەدا دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بدات، ئەگەر پەرلەمان لەو ماوەیەدا نەیتوانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ھەڵبژێرێت، ئەوا چارەسەری یەکەم پەیڕەو بکاتو پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوە.

سێ: دادگا دەتوانێت لەجیاتی چارەسەری یەکەم و دووەم، لەبڕیارەکەی پێشووی خۆی پەشیمان بێتەوە، سەبارەت بەسێیەکی پەکخەر، رێگەبدات بەزۆرینەی رەھای ئەندامانی پەرلەمان دانیشتن بکەن بۆ  ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

ئایا ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگاوە کارێکی دەستووریی و یاساییە؟

١- دادگا ھەموو ئەو کێشە و ناکۆکییانە یەکلایی ئەکاتەوە کە لەئەنجامی پەیڕەو کردنی یاسا و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەوە دروست ئەبن(ماددە ٩٣/ ٣ دەستوور). ئەم کێشەیە لەئەنجامی پەیڕەوکردنی یاسای ھەڵبژاردن و بڕیارێکی دادگاوە دروست بووە.

٢- دادگا دەتوانێت کارە نادەستوورییەکانی پەرلەمان  ھەڵبوەشێنێتەوە (ماددە ٩٣/ ١ دەستوور ئەی ئەگەر کاتێک  خودی پەرلەمان خۆیبوەھۆی پێشێلکردنی دەستوور، باشتر نیە ھەڵبوەشێنرێتەوە؟

٣- دادگا راڤەی دەقە دەستوورییەکان ئەکات( ماددە٩٣/ ٢ بۆیە دەتوانێت راڤەی ( ماددە ٧٥/ ٣ و ماددە ٧٦) بەو شێوەیە بکات کە لەچارەسەری یەکەمدا ئاماژەمان پێکردووە.

٤- بەپێی یاسای ھەڵبژاردن دادگا مافی سەیرکردن و پێداچوونەوەی ھەیە بەدروستیی ئەندامێتی سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمان، ئەگەر ئەندامێتییەکەیان نادروست بوو ، ھەڵیدەوەشێنێتەوە. باشە ئەگەر بتوانێت یەک یەک ئەندامێتییان ھەڵبوەشێنێتەوە، بۆچی نەتوانێت بەکۆمەڵ ھەڵیبوەشێنێتەوە؟

٥- دادگا ئەتوانێت لە تۆمەتەکانی سەر پەرلەمانتاران بکۆڵێتەوە، ئەگەر چەسپا پابەندی سوێنەکەیان نەبوون، دەتوانێت بڕیاری دوورخستنەوەیان بدات، ئەم حوکمە دەکرێت لە( بڕگە ٦/ ماددە ٩٣ ) ھەڵبێنجرێت. لەدۆخێکی وەکو ئێستای عێراقدا ئایا دەتوانرێت بوترێت پەرلەمانتاران پابەندی سوێنەکەیان بوون؟ بێگومان نەخێر.

کەواتە؛ ئەسڵ ئەوەیە پەرلەمان خۆی خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەگەر خۆی ئەوەی نەکرد، مانەوەشی دەبووەھۆی ناسەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتی دەخستە مەترسییەوە، ئەوا ھیچ رێگرییەکی یاسایی نیە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای باڵای  فیدراڵییەوە، چونکە دادگا ئەو شوێنەیە کە دواجار پەنای بۆ ئەبرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان.