گەمەی حەرباکان؛ خوێندنەوەیەک بۆ مەشهەدی سیاسیی ئێستای عێراق

27-09-2022 08:54

نووسینی: هۆشیار عەبدوڵا

1. جەماعەتی ئیطاری تەنسیقی شیعەکان هیچ ناو و ناتۆرەیەک نەما نەیخەنە دوای حەلبوسی، رۆژی چوار شەممەش دەیانەوێ ئستیقالەکەی پەسەند نەکەن و بیهێڵنەوە، بەراستی چاوڕوی دەوێ دوای ئەو هەمو تۆمەتە داوا لە پەرلەمانتارەکانیان بکەن دەنگ بدەنەوە حەلبوسی! حەلبوسیش یاریەکی زیرەکانە دەکات، دەیەوێ سبەی پێی نەڵێن بە دەنگی صەدر بوە سەرۆک و پشتی تێکرد، هەم وایدەردەخات دوای صەدرئامادەیە واز بێنێ، هەم کورسیەکەی بە ئیطار و هاوپەیمانە نوێکانی نوێتر دەکاتەوە!

2. یەکێتی کەم سەرکردە و کەسی دیاری ماوە لە ماوەی رابردودا لێدوانی نەدابێ لەسەر ئەوەی کاندیدیان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار تەنها بەرهەم ساڵحە و نایگۆڕن! ئێستاشی لەگەڵدابێت نەک سەرکردەکانیان بەڵکو خودی بەرهەم ساڵحیش کە دەمێکە خۆی قڕ و قەپ کردوە بەدیار ویلایەتی دوەمی کۆشکی سەلامەوە، کەسیان نازانن بافڵ تاڵەبانی کاندیدەکەیانی گۆڕیوە یان نا؟!

3. بارزانی لە مانگی سێی ساڵی ۲٠۲۱ ەوە لەگەڵ صەدر رێکەوتبوو کە پێکەوەبن، پێکەوە یاسای هەڵبژاردنیان تێپەراند، پێکەوە پەرلەمانیان هەڵوەشاندەوە تەحالوفی سێ قۆڵیان دروست کرد، کادر و سەرکردەکانی پارتی وایان لێهاتبوو هێندەی وەصفی صەدریان دەکرد هێندە هی بارزانیان نەدەکرد، بارزانی کە زانی چیتر ئەو بایەی لای صەدرەوە دێ شەنی پێ ناکرێ چوەوە ژێر خێمەکەی مالیکی و عامری و گوایە تەحالوفێکی نوێ بەناوی (ئیدارەی دەوڵەت) دروست دەکەن! تەحالوفێک؛ دابەشکردنی پۆست نەبێ، بۆ هیچیتر نیە. جگە لە شکستیش هیچی لێ چاوەڕوان ناکرێ!

سیاسەتی حزبەکانی دەسەڵات بۆتە گەمەی حەرباکان! لایان ئاساییە هەر رۆژەو رەنگێک بنوێنن!