گاڵتەجاڕیی دواخستنی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی پەرلەمان

01-10-2022 07:16

 

نووسینی: عەدنان عوسمان

بەبێ هیچ هۆکارێکی باوەڕپێکراو، لە کوردستان هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، ئەوە گاڵتەجاڕیی یەکەمە.

لە کوردستان، پەرلەمان کە دەبوایە بەهۆی بێتوانایی و ناکاراییەکەی زوتر دابخرایە، کەچی ماوەی خۆی درێژتر ئەکاتەوە، ئەوەش گاڵتەجاڕیی دووەمە.

بە گوێرەی یاسا، دەبێ چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ئەمە نە پێویستی بە کۆبونەوەی حزبەکان و نە بەئیمزاو رەزامەندی ئەوان هەیە. ئەوە ئیشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنە کە خاوەنی دەیەها بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندە. حزبی سیاسی و بەرپرسە حزبیەکان بۆیان نیە لەم پرسەدا هیچ دەستێوەردانێک بکەن. هەر حزبێکیش ببێتە هۆکاری رێگەگرتن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەوا دەبێ بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

لە ئێستادا هەم یاسای هەڵبژاردن هەیەو هەم کۆمسیۆنی هەڵبژاردن. گەر کێشەیەک لە هەردوکیاندا هەبێت ئەوا دەبوا لەم ماوە دورو درێژە چارەسەر بکرابایەن.

ئەی کەواتە کێشەکە لە چیدایە؟

بەڕای من لە دوو خاڵدا کورت ئەبێتەوە:

یەکەم: ئەم دوو حزبە قەت نە پەرلەمانیان لا گرنگ بوە نە دەنگی خەڵک و نە دامەزراوەی شەرعی. ئەوانە بە بەشێک لە زەخرەفەی دیموکراسی ئەزانن. بۆیە لایان ئاساییە بە مەزاج و ویست چۆنیان بوێت هەڵیسوڕێنن وەیا دوای خەن.

دووەم: پارتی هەرچەندە بە رەسمی داوای ئەنجامدانی ئەکات، بەڵام لە واقعدا باڵێکی بەهێزی ناو پارتی پێیان باشە ماوەی ئەم کابینەیەو ئەم پەرلەمانە لاوازە، تا ساڵێکی تریش درێژ بکرێتەوە. یەکێتیش کە هۆکاری سەرەکی دواخستنی هەڵبژاردنە، لە ئێستادا ترسێکی گەورەی هەیەلە رێژەی دەنگ و کورسیەکانی. لەوانەشە باشترین بەڵگەیەک بۆ ئەم جۆرە لە گاڵتەجاڕیە ئەوەبێت کە تا ئەم ساتەوەختە، یەکێتی کە لایەنیسەرەکی و رەسمی پەکخستنی هەڵبژاردنە، نە پێشنیازێکی هەیە، نە پرۆژەیەک و نە داوای هەموارێک! ئەوەی ئەیبیستین لەسەر مەسەلەی بازنەکان و کۆتاکان(کە لەوانەیە زۆربەمان لەسەر ئەوە هاوڕابین) جگە لە قسەی زارەکی هیچی تر نیە.

دواجار دەرکەوت بە گوێرەی نەخشەو سەفقەیەک کە دواتر رونتر ئەبێتەوە، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی نایاساییانەی ماوەی خولی پەرلەمان، بە رێکەوتنی هەردولایەو بۆ ئەجندەیەکی دیاریکراوە.