ھەڵبژاردن و شەرعییەت

06-10-2022 02:18

نووسینی: یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی «پەرلەمان» بە کورتی ئەم چەند سەرنجە ئەخەینە رو:

یەکەم: ھەڵبژاردن وەک یەکێک لە رێکارەکانی سیستمی دیموکراسی بۆ ھێنانەکایەی شەرعییەتی نوێنەرایەتیکردن، گرێبەستی نێوان دەنگدەر و نوێنەر (ھەڵبژێردراو)ە بۆ ئەو ماوەیەی پێش ھەڵبژاردن لە یاسای ھەڵبژاردن یان لە دەستوردا دیاریکراوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنانەی ھەڵبژێردراو لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن ئەیدات. دەوریبونی ھەڵبژاردن یەکێکە لە بنەما جێگیر و سەرەکییەکانی دیموکراسی کە بەپێی دەستوری عێراق، نابێت ھیچ یاسایەک دەربچێت کە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی بێ (مادەی ٢/ یەکەم/ ب). ھەر بەپێی دەستور دەسەڵاتی ھەرێم بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتی یاسادانان مەرجدارکراوە بە پابەند بون بە دەستوری عێراق (مادەکانی ١٢٠ و ١٢١/ یەکەم). دادگای باڵای فیدراڵیش چەند بڕیارێکی ھەیە کە راستەوخۆ ئاماژە بۆ ناشەرعیبونی درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەکات.

ھەر بۆیەش دوای ٦- ١١- ٢٠٢٢ «پەرلەمان»ی کوردستان بۆ یەک رۆژیش شەرعییەتی نییە.

دووەم: جگە لەوەی لە دوای راپەڕینەوە ھیچ ھەڵبژاردنێکی ھەرێم لەکاتی خۆیدا ئەنجام نەدراوە، لە ھەمان کاتدا ھیچ ھەڵبژاردنێکیش بێ گزیکاری ئەنجام نەدراوە بە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢شەوە. ھەر وەک چۆن ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن ئەبێتەھۆی لەدەستدانی شەرعییەتی یاسایی و دەستوری، بە ھەمان شێوە ئەنجامدانی ھەڵبژارنی پڕساختەکاری نابێتە ھۆی بەدەستھێنانی شەرعییەت. چونکە پاکیی ھەڵبژاردن و ئەنجامنەدانی گزی و ساختەکاری تیایدا ھەر یەکێکی دیکەیە لە بنەماکانی دیموکراسی سەرباری رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ململانێی ئاشتییانە و دور لە توندوتیژی و بەکارھێنانی چەک.

سێیەم: ئاڕاستەی زاڵ لە عێراق بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەخت و، جار لەدوای جار چارەسەری کێشەی ساختەکاریی ھەڵبژاردنە نەک دواخستنی ھەڵبژاردن. ئەمەی لە ھەرێم ئەگوزەرێ رێک پێچەوانەی ئەو ئاڕاستە زاڵەی عێراقە و، ئەمە ھێندەی تر ھەرێم لە بەرامبەر عێراق لاواز ئەکات و، پشتیوانیی نێودەوڵەتیش بۆی کەمتر ئەکاتەوە.

چوارەم: ئیتر کاتی دابڕانی تەواوەتییە لەو رژێمە سیاسییە شکستخواردوەی دوای راپەڕین لە ھەرێمی کوردستاندا حاکمە و، ھۆکاری سەرەکیی دابەش بونی ھەرێم، گەندەڵی، نادادیی کۆمەڵایەتی، سەروەر نەبونی یاسا، شکستخواردویی ئابوری، لاوازیی سەربازیی و نەبونی ھێزی سەربازیی نیشتیمانی و پیشەیی و، بەردوام لاواز بونی ھەرێم لە ناوەوە و دەرەوەیە. ئەم رژێمە سیاسییەی ھەرێم بە بنبەست گەیشتوە و ناتوانرێ چاک بکرێت.

پێنجەم: لەوەی روئەدات ئەوەی کە زۆر ئازاری دام ئەوە بو کە کەسێک بەناوی گۆڕانەوە لەسەر ستەیجەکەی پەرلەمان خەریکی خوێندنەوەی پڕۆژەی درێژکردنەوەکەیە! بەڕاستی ئەوانەی ئێستا سەرکردایەتیی «گۆڕان» ئەکەن ھیچ پەیوەندییەکیان بەو بنەمایانەوە نییە کە گۆڕانی لەسەر دامەزرا و رەنگە لەسەردەمی کاک نەوشیروانیش ھەروا بڕوایان پێی نەبوبێ بەڵام لەبەر ئەو نەیان ئەتوانی دەری ببڕن!

ئێستا تێئەگەم کە ئەوکاتەی مەسعود بارزانی بەھۆی ئەوەی رازی نەبوین بە درێژ کردنەوەی ماوەکەی رێی لێگرتین، بۆچی ھەر لەو کات و ساتەدا ئەوانە وەزیرەکانیان ناردە ماڵی نێچیروان بارزانی!.