دزیى سەدە چۆن کرا؟ چیرۆکى دزینى ٢ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی عێراق هەنگاو بە هەنگاو

23-10-2022 10:30

 

نووسینی: ڕێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ 

هەفتەى پێشووتر پرۆسەیەکى دزیى سامانى گشتیى، هاووڵاتیانى عێراق و تەنانەت ناوەند و میدیا نێودەوڵەتییەکانیشى تاساند، دزییەک کەناوى لێنرا (دزى سەدە) و بەیەکێک لە گەورەترین پرۆسەکانى دزیکردن لە سامانى گشتیى وڵاتێک هەژمار دەکرێت، ئەم پرۆسەیە چۆن روویدا؟ کێ پارەکەى دزیوە؟ چۆن دزرا؟ کێ هاوکار و پشتیوانى پرۆسەکە بووە؟ کێ لەبەرپرسانى باڵا تێوەگلاون؟ لێرەدا بەپێى راپۆرت وزانیارییەکان هەنگاو بە هەنگاو باسى دەکەین. 

لە ٢٦-٢-٢٠١٧، حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى ئەوکات بڕیارێکى دەرکرد کە دیوانى چاودێرى دارایى، وردبینى لە سەرجەم مامەڵەى گێڕانەوەى ئەماناتى گومرگى و باجەکان بکات پێش سەرفکردنیان. (دواتر روونکردنەوە لەسەر ئەمە دەدەین).

لە ١٣-٧-٢٠٢١ سەرۆکى ئەوکاتى لیژنەى دارایى پەرلەمان نووسراوێک ئاڕاستەى وەزارەتى دارایى دەکات و تیایدا داوا دەکات دەستەى باج خۆى بەتەنها وردبینى لەپرۆسەى سەرفکردنى پارەى ئەماناتەکاندا بکات و دیوانى چاودێرى دارایی لەو بابەتە دووربخەنەوە.

لە ٢٧-٧-٢٠٢١ دیوانى چاودێرى دارایى نووسراوێک بۆ سەرۆک وەزیران دەنێرێ و داواى بۆچوونى لێدەکات، کە ئایا چاودێرى دارایى لەسەر وردبینیکردن بەردەوام بێت؟ یان بەپێى پێشنیازەکەى سەرۆکى لیژنەى دارایى پەرلەمان بکەن و دووربکەونەوە؟ هاوکات پشتیوانى لەبۆچوونەکەى سەرۆکى لیژنەى دارایى دەکات.

لە ٢٨-٧-٢٠٢١ دوو کۆمپانیاى تازە بەناوى یەک کەسەوە دامەزرا، ئەمە هەمان ئەو کەسەیە کە کۆمپانیایەکى تریشى بە ناوەوەیەو لە ٦-٧-٢٠٢١ دایمەزراندووە، واتە ٢٢ رۆژ پێش ئەو وادەیە، ئەمە روونە کە ئەم کۆمپانیایانە بۆ ئەم پرۆسەى دزیە دامەزراون، پاشان ئەمکەسە،بئەو پارەیەى کە دزیویەتى لەگەڵ کەسێکى تر کە ئەویش کۆمپانیاى هەیە بەشکردووە. (ئەوەى روونە ئەم کەسانە تەنها رووخسارن بۆچەند دزێکى ترى گەورەتر کە ئەوان دزە راستەقینەکەن و خەڵکى باڵادەستن).

رۆژى ١-٨-٢٠٢١ نووسنگەى سەرۆک وەزیران نووسراوێکى دەرکردووەو تیایدا پشتگیرى لە پێشنیازەکەى سەرۆکى لیژنەى دارایى دەکات کە دیوانى چاودێرى دارایى لەپرۆسەى وردبینیەکە دوور بخرێتەوە.

رۆژى ٣-٨-٢٠٢١ سەرۆکى لیژنەى دارایى لە پەرلەمان نووسراوێکى تر ئاڕاستەى وەزارەتى دارایى دەکات و تیایدا داوا دەکات دیوانى چاودێرى دارایى دەست لەکارەکەى هەڵبگرێت.

رۆژى ٤-٨-٢٠٢١ بڕیارى دەستبەکار بوون بۆ بەڕێوەبەرى گشتیى نوێى دەستەى گشتیى باج دەرچوو، واتە بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى باج گۆڕدرا.

رۆژى ١٠-٨-٢٠٢١ دەستەى گشتیى باج نووسراوێکى ئاڕاستەى وەزارەتى دارایى کردووەو جەختى کردۆتەوە کە ئەوان بەتەنها وردبینى لەمامەڵەکانى گێڕانەوەى پارەى ئەماناتى کۆمپانیاکان دەکەن بەبێ دەستێوەردانى دیوانى چاودێرى دارایى.

رۆژى ٢٦-٨-٢٠٢١ وەزیرى دارایى نووسراوێک دەردەکات کە تیایدا داوا لە دەستەى گشتیى باج دەکات کە خۆیان بەتەنها پرۆسەى وردبینیەکە ئەنجام بدەن. 

رۆژى ٣١-٨-٢٠٢١ دەستەى دەستپاکى (نەزاهە) نووسراوێک بۆ دەستەى گشتیى باج دەنێرێت و تیایدا دەڵێت کە گومانیان لەسەرفکردنى یەکێک لەو چەکە بانکیانە هەیە کە تایبەتە بە سەرفکردنى ئەماناتەکان، بەڵام دەستەى دەستپاکى لەبرى ئەوەى پرۆسەکە رابگرێت و لێکۆڵینەوەى وردتر بکات، بەدەق دەڵێت (ئێمە داواى راگرتنى پرۆسەکە ناکەین) ئەم قسەیەشیان پشت بەست بەنووسراوێکى دەستەى گشتیى باج نووسیوەکە ناردویانە بۆ دەستەى دەستپاکى و تیایدا وتوویانە هیچ زیانێک بە دارایى گشتیى بوونى نییە. 

رۆژى ٩-٩-٢٠٢١ یەکەم چەکیى بانکیى ئەم دزیە گەورەیە دەرکرا، لەماوەى ١١ مانگدا ٢٤٧ چەکیى بانکیى کە کۆى هەموویان دەکاتە ٣.٧تریلیۆن دینار .٥ ملیار دۆلار) دەرکرا، دواهەمین چەکیى بانکیى لە رۆژى ١١-٨-٢٠٢٢ دەرکرا و پارەکان هەمووى لەلایەن کۆمپانیاکانەوە وەرگیران.

لەمانگى ٣-٢٠٢٢ جارێکى تر بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى باجى گشتیى گۆڕدرا، واتە ئەم دزیە لەسەردەمى دوو بەڕێوەبەرى گشتیدا کراوە نەک تەنها یەک بەڕێوەبەر.

رۆژى ١٠-٤-٢٠٢٢ سەرۆکى پێشووى لیژنەى دارایى پەرلەمان و خاوەنى بیرۆکەى دوورخستنەوەى دیوانى چاودێرى دارایى لەپرۆسەى وردبینى ئەماناتەکان، وەک راوێژکارى دارایى و ئابوورى سەرۆک وەزیران دەستبەرکاربوو. ئەوەى مایەى سەرنجە ئەم راوێژکارە پسپۆڕیەکەى ئەندازیاریى میکانیکە.

رۆژى ١٦-٨-٢٠٢٢ وەزیرى دارایى عێراق (عەلى عەلاوى) دەستى لەکارکێشایەوەو لەنامەى دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نووسیویەتى (چەندین تۆڕى نهێنى و فراوان لە بەرپرسانى گەورە و بزنسمانەکان و سیاسییەکان و فەرمانبەرە گەندەڵەکانى دەوڵەت لەسێبەردا کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنى هەموو سێکتەرەکانى ئابوورى، ملیارەها دۆلار لە خەزێنەى گشتیى رادەکێشن، ئەم تۆڕانە لەلایەن حزبەگەورەکان و پارێزبەندى پەرلەمانیى و چەکیىل یاساوە دەپارێزرێن). 

رۆژى ١٦-٨-٢٠٢٢ ئەنجومەنى وەزیران ئیحسان عەبدولجەبار وەزیرى نەوتى راسپارد بۆ ئەوەى بە وەکالەت وەزارەتى دارایى بەڕێوەبەرێت.

+  رۆژى ٢١-٨-٢٠٢٢ دادگاى پێداچوونەوەى بەعداد| کەرخ، نووسراوێکى ئاڕاستەى وەزارەتى دارایى کردووەو تیایدا باس لەبوونى حاڵەتى گەندەڵى دەکات لە سەرفکردنى پارەى ئەماناتى باج و گومرگى و داواى راگرتنى سەرفکردنى کردووە، بەڵام دادگاکە هیچ رێوشوێنى لێکۆڵینەوەى نەگرتۆتە بەر، بۆنموونە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ هیچ کەسێک لەو گەندەڵانە دەرنەکردووەبەڵکو نووسراوى بانگهێشتکردنى دەرکردووە، کە ئەمەش پاش دەرکەوتنى دزیەکە بووە. 

رۆژى ١١-١٠-٢٠٢٢ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران نووسراوێکى ئاڕاستەى دەستەى دەستپاکى کردووەو فەرمانى پێکردوون کە لێکۆڵێنەوە بکەن لە زانیاری و لێدوانەکان سەبارەت بە بوونى سەرپێچى لە پرۆسەى سەرفکردنى پارەى ئەماناتى باج و گومرگ. 

رۆژى ١١-١٠-٢٠٢٢ پەرلەمانى عێراق بەکۆى دەنگ بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانى بۆ راسپاردنى ئیحسان عەبدولجەبار بە وەزیرى دارایى رەتکردەوە.

رۆژى ١٢-١٠-٢٠٢٢ وەزیرى دارایى بە وەکالەت (ئیحسان عەبدولجەبار) داوایەکى ئاڕاستەى مستەفا کازمى کردو داواى لێکرد لەو پۆستە وەکالەتەى بیبورێت، لە داواکەیدا نووسیویەتى (دزیەکە بەشێوەیەکى رەها زۆر روونە، بڕیارەکەى ئەنجومەنى نوێنەران بەرەتکردنەوەى راسپاردنم بۆ وەزیرى دارایى لەبەرژەوەندى ئەوانەیە کە دەستیان بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا گرتووە و ئەوانەش کە رێگەیان داوە ئەوچەکە بانکیانە دەربکرێن و ئەوانەش کە رێگەیان بەسەرفکردنى داوە)، هەروەها نووسیویەتى (زۆرێک لەسەرکردەکانى وڵات ئامۆژگاریان کردم کە ئەو وەزارەتە جێبهێڵم)، هەروەک وتویەتى (پلان و هەوڵى کۆمەڵێک لایەن بۆ ئەوەبوو کە لێپرسینەوەو رێوشوێنەکانم لەوەزارەتى دارایى بەزووترین کات رابگرن).

رۆژى ١٨-١٠-٢٠٢٢ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران رایگەیاند کە بابەتى دزیەکە پەیوەندیدار نییە بەحکومەتەوە، بەڵکو پەیوەندیدارە بەفەرمانگەیەک لە فەرمانگەکانى وەزارەتى داراییەوە، هەروەک وتیشى کە دادگا چەندین مانگە بەهێمنى دەستى بە لێکۆڵینەوەکانى کردووە، بەڵام هەندێک کەس و لایەن زانییان کە لێپرسینەوەکان دەگاتە ئەوان، بۆیە هەوڵیان دا کە فەوزایەک دروست بکەن و بەوەش گەندەڵە راستەقینەکان بشارنەوە.

رۆژى ١٩-١٠-٢٠٢٢ عەلى عەلاوى وەزیرى دەستلەکارکێشاوەى دارایى بەیاننامەیەکى دەرکردو تیایدا هاتووە کە ئەو لە ١-١١-٢٠٢١ نووسراوێکى ناردووە بۆ دەستەى گشتیى باج و تیایدا داواى کردووە داواکارییەکانى گێڕانەوەى ئەماناتەکان جێبەجێ نەکەن تا ئەوکاتەى رەزامەندى وەزیر وەردەگرن، بەڵام دەستەى گشتیى باج پابەندى ئەو نووسراوە نەبوون، بەڵکو بە هاوبەشى لەگەڵ بانکى رافیدەین هەستاون بە سەرفکردنى ئەو بڕە پارانە بەبێ ئەوەى وەزارەتى دارایى هیچ ئاگاداریەکى هەبێت.

رۆژى ١٩-١٠-٢٠٢٢ بانکى مەرکەزى عێراقى نووسراوێکى ئاڕاستەى سەرجەم بانکەکان کردووە و تیایدا حساباتى ئەو ٥ کۆمپانیایەى بۆبنێرن کە دەستیان بەسەر ئەو پارەیەدا گرتووە، هەروەها ئەو کەسانەى کە هەستاون بە سەرفکردنى ئەو چەکە بانکیانە. 

ئەو پێنج كۆمپانیایەی کە پارەكەیان بردووە 

شركة الحوت الاحدب للتجارة العامة محدودة المسؤولیة

بڕی (982 ملیار) دیناری راكێشاوە

شركة ریاح بغداد للتجارة العامة محدودة المسؤولیة

بڕی (477 ملیار) دیناری راكێشاوە

شركة القانت للمقاولات العامة المحدودة

بڕی ( ترلیۆنێك و 185 ملیار) دیناری راكێشاوە

شركة المبدعون للخدمات النفطیة المحدودة

بڕی (433 ملیارو 15 ملیۆن) دیناری راكێشاوە

شركة بادیة المساء للتجارة العامة محدودة المسۆولیة

بڕی (624 ملیار) دیناری راكێشاوە

کۆی گشتی: 3 تریلیۆن و 701 ملیار دینار

تێبینى:

یەکەم: بەپێى یاساى عێراقى ئەماناتى کۆمپانیا و کەس تایبەت بە باج و گومرگ، ئەگەر لەماوەى ٥ ساڵدا وەرینەگرێتەوە، ئەوا دەبێتە موڵکى دەوڵەت و دەچێتە سەر خەزێنەى دەوڵەت، ئێستا ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە داواى ئەماناتەکانیان بکەنەوە، ئەوا دەبێ حکومەتى عێراق بیانداتەوە.

دووەم: بەپێى لێکۆڵینەوەکان و ئەو میوانداریى و لێپرسینەوانەى کە لە لیژنەکانى دارایى و نەزاهەى پەرلەمان کراون، ئەم پرۆسەى دزییە وردەکاریی زۆر سەیرو سەمەرە و بەرنامە بۆ داڕێژراوى تیادایە، لەوانەش تەنانەت گواستنەوەى ئەو فەرمانبەرانەى بانک کە ئامادەنەبوون کاروبارەکانى سەرفکردنى ئەو پارانە رایی بکەن.

سێیەم: کۆى گشتیى ئەم پارەیەى کە دزراوە، تەنها لە دوو لقى بانکى رافیدەین سەرفکراون.

چوارەم: سەرنج بدەن رۆڵی دیوانی چاودێری دارایی چەند گرنگە لە پاراستنی سامانی گشتی، ئەو دیوانەی لەهەرێمی کوردستان بەتەواوی پشتگوێخراوەو هیچ کار بە راپۆرتەکانیان ناکرێت. 

پێنجەم: لە عێراق وێڕای لیژنەیەکی نەزاهەی پەرلەمان و دەستەیەکی نەزاهەی زۆر چالاک کە سەدان کەسیان داوە بە دادگا، ئەم هەموو ملیارە دزراوە، بیربکەنەوە لە کوردستان دەبێ چەند ملیار دۆلار دزرابێت.