گەڕانەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان؛ 'موسڵمان' و 'ئیسلامیی' یەک شت نین

28-10-2022 06:04

نووسینی: مەریوان وریا قانع

خوێنەری ئازیز، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو وتارەی من لەسەر یاساغکردنی سیمینارێک لە زانکۆی ھەڵەبجە، ھێرشێکی گەورە ڕێکخراو بۆ سەرمن وەک نووسەر و وەک تاکەکەسێک دەستیپێکردوە و تا ئەم ساتەش بەردەوامە. ھێرشێک  کە دیارە کەسانێک لە ئیسلامییەکانی کوردستانی لەپشتەوەیە. خۆشحاڵانە ھەندێک سایت و کەسایەتیی ئەکادیمیی و نووسەر و ڕۆشنبیر، بەسوپاسەوە، ھاتونەتەدەنگ و بەرگریی لەو ئازادییە ئەکادیمیی و ئازادی ڕادەربڕینە دەکەن کە من لە وتارەکەمدا بەرگریم لێکردوە.  مایەی خۆشحاڵییە ئەو ھۆشیارییە ڕەخنەییە لە دونیای ئێمەداھەیە و کاردەکات.

من لێرەدا و لە وەڵامی ئەو ھێرشەدا کۆمەڵێک سەرەتاگەی مەنھەجیی و جیاکاریی کۆمەڵناسانە بەبیر ھەمووان دەھێنمەوە کە بەشێکی دانەبڕاوی نووسینی من بوون  لەسەر دیاردەی ئیسلامی سیاسیی و ئاکارێکی مەنھەجییان بەو نووسینانە بەخشیوە. مەبەست لەم وەبیرھێنانەوەیە ڕوونبوونەوەی زیاتری کێشەکان و تێگەیشتنی زیاترە لەوەی لەبەردەمماندا ڕووئەدات. ئەمەش بەشی یەکەمی ئەو نووسینەیە.

یەکێک لە سیفەتە سەرەکییەکانی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی بریتییە لە تێکەڵکردنی چەمکی ”موسڵمان“  و چەمکی ”ئیسلامیی“ بەیەکتریی و مامەڵە و نمایشکردنیان وەک یەک چەمک و یەک مەسەلە. لەکاتێکدا لە سادەترین خوێندنەوەی مەنھەجی ئەم دیاردەیەدا ئەو دووچەمکە ھەرگیز وەک یەک و بەیەک مانا بەکارناھێنرێن و بەھیچ مانایەکیش یەکشتیش نین. ”موسڵمان“ و ”ئیسلامی“ دوو زاراوە و دووچەمک و دوو یەکەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی جیاوازن. تێکەڵکردنیان بەیەکتری یەکێکە لەو فێڵە ئایدیۆلۆژیانەی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسییلە خەڵک و کۆمەڵگای دەکەن. ”موسڵمان“ ئەو ئیماندارە سادەیەیە کە شایەتومان دەھێنێت، باوەڕی بە خودا و  پێغەمبەر و کتێبە پیرۆزەکەی ئیسلام ھەیە، نوێژ دەکات و ڕۆژودەگرێت، بەپێی داھاتی بڕێک زەکات دەبەخشێت و ئەگەر تواناشی ھەبوو دەچێت بۆ حەج. ئەم موسڵمانە ئاساییە دین وەک دین دەبینێت و مامەڵەدەکات، کەسێکە دین و سیاسەت، دین و دەوڵەت بەیەکتری تێکەڵناکات. ژمارەشیان لەسەر زەوینزیکەی ملیار و نیوێکە. "موسڵمان“ دەتوانێت ئەندام و ھەواداری پارتی ئیسلامی بێت، وەکچۆن دەتوانێت ئەندام و ھەواداری پارتی عەلمانییو لیبرال و چەپ و فاشیستیش بێت. دەشتوانێت ڕا و بۆچوونی سیاسیی نەبێت و نەداتە پاڵ ھیچ پارت و بزوتنەوەیەکی سیاسیی. لای ”موسڵمان“ موسڵمانبوون پەیوەندیی بە سیاسییبوونەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە باوەڕیی دینیی و بە دیندارییەوە ھەیە.

ھەرچی ”ئیسلامیی“ە، کەسایەتییەکی جیاوازە، ئەو موسڵمانی ئاسایی نییە بەتەنھا، بەڵکو چالاکەوانێکی سیاسییە، کەسێکی ئایدیۆلۆژیی خاوەن کۆمەڵە و حیزب و ڕێکخراوی سیاسییە، ئەندم یان ھەواداری ئەم یان ئەو ھێزی ”ئیسلامی سیاسیی“ە کە دەخوازێت بەناوی دینەوەدەسەڵاتی سیاسیی بگرێتەدەست و بەناوی دینەوە حوکمڕانیی بکات. چەمکی ”ئیسلامیی“ پەیوەندییەکی پتەو و ڕاستەوخۆی بە ”ئیسلامیسیاسیی“ەوە ھەیە وەک ئایدیۆلۆژیا و بزوتنەوەی سیاسیی، نەک بە ”ئیسلام“ەوە وەک دین. ”ئیسلامی سیاسیی“ و ”ئیسلام“ خۆیشی دووشتی جیاوازن (لە بەشی داھاتوودا باس لەم جیاوازییە دەکەم). مێژووی ھاتنەکایەی بەشێک لە مرۆڤ وەک ”موسڵمان“ دەگەڕێتەوە بۆساتەوەختی ھاتنی ئیسلام لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا، بەڵام کەسایەتی ”ئیسلامیی“ لە سەدەی بیستەمدا لەدایکدەبێت و پرۆژەی ”ئیسلامی سیاسیی“ لە سەردەمی ئەبو عەلای مەودودی و حەسەن بەناوە، دروستیدەکەن.

وەک ووتم کەسی ”ئیسلامیی“ کەسێکی ئایدیۆلۆژییە، بەڵام ئایدیۆلۆژیایەکەی ئایدیۆلۆژیایەکی دینییە، زۆرجار ئەندام یان ھەواداری ئەم یان ئەو ڕێکخراوی ئیسلامییە. ئەوەشی دەیجوڵێنێت دین و دینداریی نییە، یان لانیکەم ئەمە پاڵنەرە سەرەکییەکەی نییە، بەڵکو خواست و ویست ونیازی ئەو ڕێکخراوە سیاسییەیە کە ئەندام یان ھەواداریەتی. ئەم ئیماندارێکی ئاسایی نییە بەڵکو چالاکەوانێکی سیاسییە. زۆرجاریش لەناوئایدیۆلۆژیا دینیی و سیاسییەکەیاندا، تەنھا ئەوانە بە ئیماندار و موسڵمان دەزانن، کە ھەمان دیدو ڕوانینی ئەو پارتەیان بۆ دین و بۆ ئیسلامکە ئەوان ئەندامن لەناویدا. لەڕاستیدا، زۆربەی جار، ئەم ”ئیسلامی“یانە دین کورتدەکەنەوە بۆ پێناس و ڕوانینی ڕێکخراو و سەرکردە سیاسییەکانیان، بۆ دین، تەنھا ئەوانەیان پێ ”موسڵمان“ە کە وەک ئەوان سەیری ئیسلام دەکەن و تەنھا ئەو قسانەشیان لەسەر دین قبووڵەکە قسەی حیزب و سەکردە سیاسییەکانیانە. لەم ڕووەوە کەسایەتی ”ئیسلامیی“ جیاوازییەکی ئەوتۆی لەکەسایەتی کۆمۆنیست یان لیبرالیان فاشیست یان ناسیۆنالیست نییە، ھەمویان چالاکەوانی سیاسیین بەرگریی لە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی دیاریکراو دەکەن. کەسی ”ئیسلامیی“، وەک ئەو کەسانەی تر، دەیەوێت ئایدیۆلژیا سیاسییەکەی حوکمڕان بێت.

یەکێک لە مەترسییە ھەرە سەرەکییەکانی ئیسلامی سیاسیی یەکسانکردنی ”موسڵمان“ە بە ”ئیسلامیی“. بەم یەکسانکردنە ئەو مافە بەخۆی دەبەخشێت بەناوی زۆرایەتی کۆمەڵگاوە قسەبکات و خۆی بە نوێنەری ئەو زۆرایەتییە بزانێت. ئەگەرچی ھەڵبژاردن و ژمارە و ئامارنیشانیبدەن کە ئەو نوێنەرایەتیی نەڕاستە نە ھیچ مەعقولیەتێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکی تێدایە. من سەرەتا وتم  ملیار و نیوێک ”موسڵمان“ لە جیھاندا ھەن بەڵام ئەندامان و ھەاوادارنی ئیسلامی سیاسیی ژمارەیەکی ھێجگار کەمی ئەم زۆرینەیەیە. قسەکردن بەناویزۆرینەی ”موسڵمانان“ و یەکسانکردنی "ئیسلامی بە موسڵمان“ نیشانیئەدات ئەم ھێزانە دەیانەوێت ھەم تاکەکەس و ھەم کۆمەڵگا، ھەمحکومەت و ھەم دەوڵەت، ھەم دەرکردنی یاسا و ھەم ڕێکخستنی ژیانی گشتیی، بەناوی نوێنەرایەتیکردنی زۆرینەوە قۆرخبکەن. لەمەشدائەوەی ئاراستەی بزوتنەوە ”ئیسلامیی“ەکان دەکات کەڵەکەکردنی دەسەڵات و کەڵەکەکردنی ھێز و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە، ھەم سەرمایەی مادیی و ھەم سەرمایەی ڕەمزیی.

پرسیارێکی گرنگ بکرێت لێرەدا لە خۆمانی بکەین ئەوەیە ئایا ”موسڵمان“ بۆی ھەیە لەسەر بنەمای دین بزوتنەوەی سیاسیی دروستبکات وببێت بە ”ئیسلامیی“؟ ئایا دەشێت پارتی سیاسیی ئیسلامی یان مەسیحی یان جولەکە یان ھەر دینێکی تر دروستبکرێت و ھەبێت؟ وەڵامیمن بەم پارسیارانە لە کۆتایی نەوەدەکانەوە بە بەڵێ بووە. بەرگریم لەو دیدە کردوە کە دەکرێت پارتی سیاسیی دینیی بوونی ھەبێت، وەکچۆن دەکرێت پارتی سیاسیی نادینیی بوونی ھەبێت. ئەوەی من لەم خاڵەدا، لە زۆرێک لە چەپگەر و عەلمانیەکانی دونیای ئێمە جیادەکاتەوە، ئەوبەڵێ گوتنەیە بەو پرسیارە. لەکاتێکدا زۆرانێک لە لە ھێز و نوخبە چەپ و عەلمانیەکەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەن، پێیان وایە نابێت و ناکرێت ”موسڵمان“ ببێت بە ”ئیسلامی“، نابێت ھێزی سیاسیی ھەبێت لەسەر بنەمای دین دروستبکرێت. من ھەمیشە ئەم وەڵامە نێگەتیڤەم بەوەڵامێکی نادمیوکراس زانیوە و پێموابووە و تا ئێستاش پێموایە ڕێگرتن لە ”موسڵمان“ بۆئەوەی ببێت بە ”ئیسلامیی“ ڕێزنەگرتنە لە مافی جیاوازبوون و پلورالیزمی سیاسیی وکۆمەڵایەتیی. بەڵام ئەم بەرگریکردنە لە گواستنەوەیە لە ”موسڵمان“ەوە بۆ ”ئیسلامیی“ مانای ئەوە نییە”ئیسلامیی“ەکان دیموکراسن، یان بەرگریکەر و قبووڵکەری پلورالیزمی سیاسیی و کۆمەڵایەتین. نەخێر ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی وبانگخوازەکانیان و ئەو فۆرمانەش لە دینداریی کە دروستیدەکەن، ھیچیان لەگەڵ سەرەتا ھەرە سادەکانی دیموکراسیەت و ڕێزگرتنی پلورالیزمدا نایەنەوە. بەڵام ئەم دۆخی دیموکراسنەبوونە دۆخێکی گشتییە و ھێزە نادینیی و عەلمانییەکانی دونیای ئێمەش، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە ئیسلامییەکان نییە ، خراپتر نەبن باشتر نین. ئەوانیش وەک ئیسلامییەکان، ھێزی نادیموکراس و دژ بە پلورالیزمن.

لە دونیای ئێمەدا نووقسانیەکی گەورە و ھاوبەش لە تێگەیشتن و پیادەکردنی دیموکراسیەت و پلورالیزمدا ھەیە، کە ھەم ئیسلامییەکان و ھەم نائیسلامییەکان بەشێکن لێی. لەم ڕووەوە بۆچوونی من، کە بە درێژیی لە کتێبی ”دین و عەلمانیەت“دا بەرگریم لێکردوە، ئەوەبووە و ئەوەیە کەھەردوو بەرەکە، ھەم ئیسلامیی و ھەم نائیسلامییەکان، پێویستیان بە فێربوون ھەیە، فێربوونی ئەوەی ببن بە ھێزی دیموکراس و ڕێزگر لەپلورالیزم.

بە کورتییەکەی، وەکچۆن ”کوردبوون و پارتیی بوون“، ”کوردبوون و یەکێتی بوون“ یەکشت نین و بەیەکتر یەکسان نین، بەھەمان شێوە ”موسڵمانبوون و یەکگرتووبوون“، ”موسڵمانبوون و کۆمەڵبوون“، ”موسڵمانبوون و سەلەفیبوون“ یەکشت نین و بەیەکتری یەکسان نین. تێگەیشتن لەم سەرەتا زۆر سادەیە ھەنگاوی یەکەمی دەرچوونە لەو عەقڵیەت و ئەخلاقیاتی قۆرخکردن و خۆبەخاوەن زانینەی دین و نادین، کەلە کۆمەڵگای ئێمەدا بەخەستی ئامادەیە.

ڕێژەی ”ئیسلامیی“  لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە بەراورد بە ڕێژەی ”موسڵمان“ ڕێژەیەکی کەمە، بەشێکی کەمی کۆمەڵگای ئێمە ئەندام یانھەواداری ھێزە ئیسلامییەکانە. لە دواھەمین ھەڵبژاردندا نزیکەی ٧٠ لەسەدی کۆمەڵگای ئێمە بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی کرد و دەنگی بە ھیچھێزێک نەدا. نە دەنگی بە ھێزە نادینییەکان دا، نە بە ھێزە ئیسلامییەکان. ئەو سی لەسەدەش کە دەنگیان دا نزیکەی نیوەیان دەنگیان بەپارتی ویەکێتی داوە. بەم مانایە ژمارەی ئەوانەی لە دواھەمین ھەڵبژارندا دەنگیان بە ئیسلامییەکان داوە لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ لەسەدی خەڵک،یان ”موسڵمان“انی، ئەو کۆمەڵگایەیە. کەچی لەپاڵ ئەم ڕاستییە سادانەدا ”ئیسلامییجەکان نەک تەنھا بەناوی ھەموو موسڵمانانی کوردەوەقسەدەککەن، بەڵکو بەناوی ھەموو ”ئیسلام“ ەوە دەدوێن. جورئەتی ئەوەش دەکەن بەناوی ئەو کەمینە ”ئیسلامیی“ەوە بڕیار ئەوەبدەن کێ ”موسڵمان“ە و کێ دژە ”ئیسلام“ە و کێ لە ئاشتیدایە لەگەڵ ”ئیسلام“. ئەمەش ڕووکارە ئایدۆلۆژیی و سیاسییە ترسناکەکەی بڕێکی زۆر لەکەسانی ”ئیسلامی“ لە دونیای ئێمەدا دەستنیشاندەکات. ھەر ئەمەش لە و”موسڵمان“ە سادانەیان جیادەکاتەوە کە لەو کۆمەڵگایەدا دەژین.