سەرنجێک لەسەر پیرۆزباییەکەی لاهور شێخ جەنگی

08-11-2022 05:25

نووسینی: د.بەختیار شاوەیس -کەسی نزیک لە لاھور شێخ جەنگی-

(١)

سەرەتایەکی پێویست

لەدوای ٨ ی تەمووزەوە، دووجار لاهور شێخ جەنگی و مەسرور بارزانی پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە.

جاری یەکەم لەمانگی پێنجی ئەمساڵ بوو، مەسرور بارزانی داوای کرد ئەو پەیوەندیە ئەنجام بدرێت و ئەویش وەک خۆی وتویەتی لەسەرداواکاری باوکی بوە. لەو پەیوەندیەدا زۆر بەراشکاوی هەردوولا قسەیان کردوە، سەرۆکی حکومەت بە لاهور شێخ جەنگی وتوە، بۆمان دەرکەوت تۆ بەمەردی و بەراشکاوی رووبەرووی ئێمە وەستاویت و لەوانە نەبوویت کە بەئاشکرا شتێک بڵێی و لەپشتەوە شتێکی تر بکەیت و جەنابی باوکم سڵاوی هەیە و دەڵێ لەئێستادا هەر کارێک بەئێمە بکرێت هاوکارین، تەنانەت پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە بەوپێیەی تۆ لەئەنجومەنی ئاسایشی کوردستانیت با ئەو پاسەوانانەی کەموچەیان براوە لێرەوە موچەکانیان بۆ بگەرێنینەوە. لەبەرامبەردا لاهور شێخجەنگی سوپاسی پەیوەندیەکەی کردبوو ، وە وتبووی؛ من کيشەی ناوخۆیی حیزبیم هەیە و یەکێتیی بەهی خۆم دەزانم و منیش کوری ئەو حیزبەم، کێشەکەم بردوەتە بەردەم دادگا و چاوەرێی یاسا دەکەم، بۆ موچەی پاسەوانەکانیش بەسوپاسەوە رەتیکردبویەوە. بەڵام لەسەر گلەییەکانی مەسرور بارزانی لە لاهور شێخ جەنگی بەوەی کە دژی حکومەتەکەی ئەون، لاهور شێخ جەنگی وتبووی، من دژی حکومەتی تۆنەبووم، من دیفاعم لەموچەی خەڵک کردوە و داوام کردوە کە حکومەت خزمەتی خەڵک بکات، وە تۆ دوو ساڵە سەرۆکی حکومەتی بەڵام چەندین ساڵە و لەکابینەکانی پێشتر من هەر بەو شێوەیە بووم و داوای خزمەتکردن و دابینکردنی موچەم لەحکومەت بۆ خەڵک کردوە.

پەیوەندی دووەمیان بە کاتژمێرێک لەدوای شەهیدکردنی عەقید هاوکار جاف بوو لەمانگی دەی ئەمساڵ. پوختەی پەیوەندیەکە بەم جۆرە بوە:

لاهور شێخ جەنگی نامەیەک بۆ مەسرور بارزانی دەنێرێ و دەڵێ دەمەوێ قسەت لەگەڵ بکەم سەبارەت بەوەی کە ئێستا روویداوەدواتر راستەوخۆ مەسرور بارزانی پەیوەندی بە لاهور شێخ جەنگی دەکات و کاک لاهور دەڵێ؛ هاوکار ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان بوە، بیست ساڵە خزمەتی هەیە، لەناو هەوڵێر و بەرۆژی نیوەرۆ لەبەرچاوی هێزەکانی ئاسایش وای بەسەرهاتوە، بۆیە ئێوە لێی بەرپرسن و دەبێت بەجدی ئیجرائات بکەن بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە لەپشت ئەم کارەوەیە. دواتر مەسرور بارزانی دەڵێ ئەوە قبوڵکراو نیەو وەعدبێت قسوری ناکەین و دەبێت بیاندۆزینەوە و ئاشکرایان بکەین.

ئەمە هەموو پەیوەندی و یەکتربینین و دۆستایەتی نێوان مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی بوە لەماوی ساڵ و نیوی رابردوو.

(٢)

ناوەرۆک و مەغزای پیرۆزباییەکە

دوای چەند رۆژێک لە کۆتایهاتنی کۆنگرەی پارتی، شێخ لاهور دوێنێ ئێوارە پیرۆزبایی لەمەسرور بارزانی کرد. سەرەتا با دەقی پیرۆزباییەکە وەک خۆی دابنێین ئەوجا مەغزاکانی بخوێنینەوە؛

(بەڕێز کاک مەسرور

دواى سلڵاوو ڕێز،

دەمەوێت پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەتان لێبکەم وە هەروەها لە ڕێگەی جنابتەوە پیرۆزبایی لە کاک مەسعود بکەم بۆ هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردوستان، بە هیوای ئەوەی کە ئامانجەکانی کۆنگرە کۆتایهێنان بێت بە گرژیو ئاڵۆزیەکانی بەینی هێزو لایەنەسیاسیەکانی کوردوستان و دروستبونی یەکڕیزی ڕاستەقینە   لە پێناو خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان.)

لەسیاقی ئەم چەند دێرەی پیرۆزباییەکە ، لاهور شێخ جەنگی دوو مەبەستی هەیە؛

١- پیرۆزبایی لەپارتی دەکات لەرێگای سەرۆکی پارتیەوە و ئەم پەیامەش بەکوری کاک مەسعود بارزانی دەنێرێت بۆ باوکی. کە لەمەدا دەیەوێت بڵێ سیاسەت بەرق و کینە ناکرێت و دەکرێ لەسیاسەتدا شوێنێک بدۆزینەوە کە هەموومان سەرباری جیاوازیەکانمان، خزمەتی خەڵک بکەین.

٢- لەناوەرۆکی پەیامی پیرۆزباییەکەدا، لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت بەهەموان بڵێ کە پەرتەوازەیی گەورە لەنێوان پەیوەندیەکانی هێزەسیاسیەکان (پارتی و یەکێتی بەتایبەتی) هەیە و مەترسیەکی جدی دەبینێت لەسەر دۆخی ئیداریی هەرێم و بەهەدەردانی دەسکەوتەکان. هەر لەبەر ئەمەشە خودی پیرۆزباییەکەی کردوەتە بیانوو بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم مەترسیە جدیە بداتە بەرگوێی سەرکردایەتی نوێی پارتی ولەرێگەی ئەمانیشەوە بۆ هەموو حیزبەکان و خەڵکی کوردستان روون بکاتەوە.

(٣)

پیرۆزبایی و گەوجاندنی خەڵک

لەدوای ئەمە کۆمەڵێک پەیجی چەندینجار کڕراو و فرۆشراو یان هەندێکی کەم لە تەسکبینی سیاسی کە ئەلف و بای سیاسەت نازانن، وەک ئەوەی هەنگوینیان لەداری کلۆردا دۆزیبێتەوە کەوتنە ئیدیعای ئەوەی کە لاهور شێخ جەنگی لەپارتی نزیک بوەتەوە و دەیەوێ بەو ئاراستە بروات.

بەرلەهەرشتێک ، ئەگەر بە پیرۆزبایی بێت ئەوا دەبێت هەموو کوردستان و عیراق بووبن بەپارتی و پێمان نەزانیبێ چونکە هەریەک لەمانە پیرۆزباییان لەپارتی و مەسعود بارزانی و کورەکەی کردوە:

عەلی باپیر، سەلاحەدین بەهائەدین، یەکێتیی، حەمەی حاجی مەحمود، شویعی، زەحمەتکێشان، بزوتنەوەی ئیسلامی، کۆمۆنیستەکان،حیزبی دیموکراتی ئیران، کۆمەڵە، پژاک، قەدەسە، هەدەسە، پەکەکە، یەپەژە، هەدەپە، محمد شیاع السودانی، حەلبوسی، خەنجەر، کازمی، هادی عامری، عادل عبدالمەهدی، مالکی، سامەرائی.... هتد کەزۆرێک لەمانە لەچەندین وێستگەی ژیانی سیاسیان بەتوندی دژایەتی پارتیانکردوە و ئێستا پیرۆزباییان ناردوە.

ئەرێ بەراست ئێوە بەو عەقڵ و مەنتیقەوە پێتان وایە مادام لاهور شێخ جەنگی پیرۆزبایی لەمەسرور بارزانی کردوە، ئیتر بوەتە پارتی ئەی نازانن بەم بیرکردنەوەی ئێوەبێت ئەوا هەموو عیراق و کوردستان بوەتە پارتی و نەمانزانیوە؟ ئەمە جگەلەوە چەندین سەفیر و نوێنەری وڵاتان سەرەیان گرتوە و دەبنە پارتی چونکە ئەوانیش پیرۆزباییان ناردوە.

لەکۆتایی؛ وابزانم بەم هەرزە عەقڵ و بەم سیاسەتە تەسکبینیەی ئێوە نوکتەکە دەبێتە راست کە وتبویان پارتی لەگەڵ چین هەڵبژاردن بکات ،دەیباتەوە. ئەوەتا بە پیرۆزباییەک عیراق و دونیاتان لێبوەتە پارتی. بەڵام بزانن کە خەڵک بەم هاشوهوشانە ناگەوجێ و پەرەی سپیدەخوێنێتەوە.